گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

سائیرون: کورد و سوننە مەرجى بەشە بودجە و پۆستیان داناوە

ناس کورد مەرجى هەرێم بۆ ڕازیبوون بە کاندیدى سەرۆکوەزیرانى نوێی عێراق ئاشکرادەکات

2019.12.15 - 21:08
ناس کورد مەرجى هەرێم بۆ ڕازیبوون بە کاندیدى سەرۆکوەزیرانى نوێی عێراق ئاشکرادەکات
ناس کورد-   بەرپرسانى هەرێم جەختدەکەنەوە مەرجى ئەوان بۆ ڕازیبوون بە کاندیدى سەرۆکوەزیرانى نوێی عێراق، پابەندبوون بە دەستور و پاراستنى مافەکانى کورد و مافە داراییەکانى هەرێمە، پەرلەمانتارێکى سائیرونیش دەڵێت کورد و سوننە بەمەرجى "زیادکردنى بەشە بودجە و وەرگرتنى پۆست" دەنگ بەسەرۆکوەزیرانى نوێ دەدەن. . لەگەڵ نزیکبوونەوەى وادەى کۆتایی هاتنى ئەو وادە 15 رۆژییەى لەبەردەم سەرۆک کۆماردایە بۆ ڕاسپاردنى کاندیدى سەرۆکوەزیران، جموجۆڵەکان بۆ دیاریکردنى کاندیدى سەرۆک وەزیران دەستیپێکردووە،  هەریەکە لە هاوپەیمانى فەتح بەسەرۆکایەتى هادى عامرى، دەوڵەتى یاسا بەسەرۆکایەتى نورى مالیکى، دەیانەوێت محەمەد شیاع سودانى کاندید بکەن. . بەپێی بەدواچونێکى پێشووى ناس کورد، ئەو لایەنانە هەفتەى ڕابردوو سەردانى هەرێمیان کردووە و چەندین کۆبوونەوەى نهێنیان لەگەڵ بەرپرسانى هەرێم ئەنجامداوە، بۆ کۆکردنەوەى پشتیوانى بۆ سودانى. . فارس عیسا، نوێنەرى حکومەتى هەرێم لەبەغدا تایبەت بەناس کوردى ڕاگەیاند "تا ئێستا هیچ کاندیدێک بەفەرمى بۆ جێگرەوەى عەبدولمەهدى وەکو سەرۆکوەزیران دیارینەکراوە تابچین لەگەڵیدا تاوتوێى پرسەکانى تایبەت بەهەرێم و کۆمەڵێک پرسى ئابورى و سیاسى لەگەڵدا بکەین". . وتیشى "هییشتا هیچ کەسێک یەکلانەبووەتەوە بۆ پۆستەکە و هەرکات کارەکە تەواو بوو، ئێمەش مەرجەکانى خۆمان تایبەت بە بەبەشە بودجەى هەرێم و کۆمەڵێک پرسى تر دەخەینە ڕوو". . نوێنەرەکەى حکومەتى هەرێم لەبەغدا، جەختى لەوەش کردەوە، تەنها مەرجى ئەوان بۆ پەسەندکردنى هەر کاندیدێکى تر بۆ پۆستى سەرۆکوەزیرانى عێراق ئەوەیە پابەندى دەستور بێت و ڕێز لەداواکارییە سەرەکییەکانى گەلى کورد بگرێت. . کورد ماوەى چەند مانگێکى بەردەوام تا کاتى دەستلەکارکێشانەوەى عادل عەبدولمەهدى لە پۆستى سەرۆکوەزیران، سەرقاڵى دانوستانى چڕبوو لەگەڵ بەغدا بۆ ڕێککەوتن لەسەر بەشە بودجەکەى لە بودجەى عێراق بۆ ساڵى داهاتوو تا گەیشتن بە رێککەوتن لەو بارەیەوە، لە ئێستاشدا چاوەڕوانى سەرۆک وەزیرانى نوێن بۆ ئەوەى چارەنوسى ڕێککەوتنەکە یەکلایی بێتەوە. . ناسر هەرکى پەرلەمانتارى پارتى لەپەڕلەمانى عێراق، هەمان بۆچۆنى فارس عیساى لەسەر ئەو پرسە هەیە و تایبەت بەناس کوردى ڕاگەیاند "هێشتا کاندیدى سەرۆکوەزیرانى عێراق بەفەرمى یەکلا نەکراوەتەوە و ئەو ناوانەش کەباسدەکرێن هەموویان دەنگۆن و یەکلا کەرەوە نین". . لەبارەى مەرجى کوردیشەوە، بۆ دەنگدان و پەسەندکردنى کاندیدى سەرۆکوەزیرانى نوێ، هەرکى وتى "دەبێت کەسێک بێت ڕێز لەسیستمى دیموکراتى بگرێت و هەرەوەها ڕێز لەتایبەتمەندێتى سەرجەم پێکهاتەکانى عێراق بگرێت و دەستور جێ بەجێ بکات و خواستە سیاسى و داراییەکانى کوردیش بەرچاو بگرێت". . ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشى خستە ڕوو، کەى بەفەرمى کاندیدەکە ڕاگەیەنرا ئەوانیش هەوڵەکانى خۆیان لەسەر ئەو پرسانە دەستپێدەکەن. . وتەکانى نوێنەرەکەى حکومەتى هەرێم پەرلەمانتارەکەى کورد لە بەغدا دواى ئەوە هات، ڕیاز سعودى پەرلەمانتارى هاوپەیمانى سائیرونى سەر بەموقتەدا سەدر ڕایگەیاندووە، کورد و سوننەکان چەند مەرجێکى خۆیان سەپاندووە بەسەر کاندیدى داهاتوو بۆ سەرۆکوەزیرانى عێراق. . ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، سوننەکان مەرجى دەستکارینەکردنى پشکە وەزارییەکان و زیادکردنى چەند پۆستێکى ترى ئەمنی لەپارێزگاکانیان هەیە، کوردەکانیش چەند مەرجێکى پێشوەختەیان سەپاندووە لەوانە دەستکارینەکردن و زیادکردنى بەشە بودجە و مانەوەى ڕێککەوتنەکان لەبارەى فرۆشتنى نەوت و ئیمتیازەکانى ترەوە.