گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا: وەڵامى یەکلاکەرەوەمان دەبێت بۆ ئێران و میلیشیا چەکدارەکانى لەعێراق و ناوچەکە

2019.12.14 - 15:07
باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا: وەڵامى یەکلاکەرەوەمان دەبێت بۆ ئێران و میلیشیا چەکدارەکانى لەعێراق و ناوچەکە
ناس کورد-   باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە عێراق، گروپە چەکدارەکانى ئێران لە عێراق بەتۆمەتبارى هێرشەکانى ئەمدواییەى سەر هێزە سەربازییەکانى ئەمریکا لە عێراق دادەنێت و هەڕەشەى توندیان لێدەکات. . لەڕاگەیەنراوێکدا کە ئەمڕۆ شەممە 14ى دیسمبەرى 2019 بڵاویکردەوە، باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە عێراق ڕایگەیاندووە "میلیشیاکانى سەربە ئێران بەمدواییانە هەستاون بەهیرشکردنە سەر چەند بنکەیەکى سەربازى هاوبەشى عێراق و هێزەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى". . ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە "لە نۆى ئەم مانگەدا هێرشى موشەکى کراوەتە سەر جبەخانەیەکى سەربازى عێراقى کە دەکەوێتە نزیک فڕۆکەخانەى بەغداى نێودەوڵەتی، کە لەئاکامدا بووەتە هۆى برینداربوونى 5 سەربازى عێراقى و دوانیان گیانیان لەمەترسیدایە و دوو ڕۆژ دواى ئەوە هیرشکراوەتە سەر فڕۆکەخانەکە". . باڵیۆزخانەى ئەمریکا بەپێویستى دەزانێت ئەوەش بیر سەرکردەکانى ئێران بخاتەوە کە "ئەنجامدانى هەر هێرشێک، لەلایەن ئێران و میلیشیا نزیکەکانیەوە و ئەوانەى لەژێر هەر شوناسێکى تردان لەعێراق، هەر زیان و ئازارێک بگاتە ئەمریکییەکان و هاوپەیمانەکانیان یاخود بەرژەوەندییەکانیان ئەوا وەڵامی ئەمریکا توند و یەکلاکەرەوە دەبێت". . داواشى لە ئێران کردووە، ڕێز لەسەروەرى دراوسێکانى بگرێت و دەستهەڵبگرێت لە هاریکاریکردنى لایەنى سێیەم لەعێراق و سەرجەم وڵاتانى ترى ناوچەکە. . ڕاگەیەنراوەکەى باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا دواى ئەوە هات، مایک پۆمپیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا هۆشدارییەکى توندیدایە ئێران و گروپە چەکدارە نزیکەکانى لە عێراق و بەوەى وەڵامى یەکلاکەرەوەیان بۆ هێرشەکەى سەر فڕۆکەخانەى بەغدا دەبێت.