گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێویسته‌ ده‌رچه‌یه‌كى یاسایى بدۆزرێته‌وه‌

وتەبێژى حکومەتى عێراق: ناردنى پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ بۆ په‌رله‌مان ڕوبه‌ڕووى  گرفت بووه‌ته‌وه‌

2019.12.14 - 09:29
وتەبێژى حکومەتى عێراق: ناردنى پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ بۆ په‌رله‌مان ڕوبه‌ڕووى  گرفت بووه‌ته‌وه‌
ناس کورد-   وته‌بێژى نوسینگه‌ى ڕاگه‌یاندنى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق دانیبه‌وه‌دانا كه‌ ناردنى پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ى ساڵى 2020 بۆ په‌رله‌مان ڕوبه‌ڕووى گرفت بووه‌ته‌وه‌ و پێویسته‌ بۆ ته‌واوكردنى ئه‌و كاره‌ ده‌رچه‌یه‌كى یاسایى بدۆزرێته‌وه‌. . سه‌عد حه‌دیسى، وته‌بێژى نوسینگه‌ى ڕاگه‌یاندنى سه‌رۆكى حكومه‌تى عێراق به‌ڕۆژنامه‌ى سه‌باحى فەرمى ڕاگه‌یاندووه‌ "حكومه‌ت سوره‌ له‌سه‌ر  خێرا ته‌واوكردنى پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ و ڕاده‌ستكردنى به ‌پەرلەمان". . وتیشى "دواكه‌وتنى پڕۆژه‌كه‌ بۆ زیادكردنى چه‌ند ده‌رماڵه‌ و گۆڕانكارییه‌كى پێویست بووه‌ بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌و بڕیارانه‌ى كه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌مدواییانه‌ وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ داواكارییه‌كانى خۆپیشانده‌ران ده‌ریكردوون". . له‌باره‌ى به‌ربه‌سته‌كانى ناردنى پڕۆژه‌كه‌‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان، حه‌دیسى باسى لەوەکردووە، كاتێك پڕۆژه‌ یاساكه‌ ته‌واو بووه‌ حكومه‌ت بووه‌ به‌كاربه‌ڕێكه‌ر، ده‌بێت ئه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، كه‌ ئایا ئه‌م حكومه‌ته‌ پڕۆژه‌كه‌ به‌بێ هیچ به‌ربه‌ستێكى یاساى ڕه‌وانه‌ى په‌رله‌مان بكات باشتره‌..؟ یاخود گه‌ر ئه‌وه‌ى نه‌كرد كاره‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ حكومه‌تى داهاتوو،به‌وه‌ش ڕِه‌وانه‌كردنه‌كه‌ى دواده‌كه‌وێت و پێده‌چێت كاریگه‌ریشى بۆ حكومه‌تى داهاتوو به‌جێبهَڵێت به‌تایبه‌تى له‌بوارى خه‌رجیه‌كانى حكومه‌تدا. . وته‌بێژى  نوسینگه‌ى ڕاگه‌یاندنى  سه‌رۆكى حكومه‌ت دەڵێت، كاره‌كانى حكومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌رى ئێستا به‌رده‌وامه‌ و ئه‌وه‌ى له‌سه‌رى پێویست بێت ئه‌نجامیده‌دات، به‌ پێی ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌ستور بۆى دیاریكردووه‌ جگه‌ له‌ دوو كار كه‌ ناتوانێت ئەنجامى بدات،  ئه‌وانیش ده‌ركردنى یاسا و واژۆ كردنى گرێبه‌ست و ڕێکكه‌وتنه‌ ده‌ره‌كییه‌كانه‌. . ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ ڕوو، حكومه‌تى كاربكه‌ڕێكه‌رى ئێستا به‌و پێیه‌ى حكومه‌تى به‌ڕێكردنى كاره‌كانى ژیانى ڕۆژانه‌ى خه‌ڵكییه‌ ناوه‌ستێت و به‌رده‌وامه‌ و ئه‌وه‌ش به‌شێكه‌ له‌ ئه‌ركه‌ ده‌ستورییه‌كان، چونكه‌ له‌ئه‌نجامدا ئه‌و كارانه‌ى كه‌ ده‌یانكات به‌شێكى گرنگى په‌یوه‌ندیداره‌ به‌بوارى ئابورى و كارگێڕى و ژمێریارى كه‌په‌یوه‌سته‌ به‌خزمه‌تگوزارییه‌كانى ژیانى خه‌ڵكى.