گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دواى بڵاوبوونەوەى دەنگۆى کاندیدکردنى بۆ سەرۆک وەزیران

پەرلەمانتارێکى عێراقى دەستى لە فراکسیۆن و حزبەکەى کێشایەوە

2019.12.13 - 16:19
پەرلەمانتارێکى عێراقى دەستى لە فراکسیۆن و حزبەکەى کێشایەوە
ناس کورد- دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى ده‌نگۆى كاندیدكردنى بۆ سه‌رۆك وه‌زیران له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، محمه‌د شیاع سودانى سەرکردە لە هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا و حزبى ده‌عوه‌، دەستى لە حزبەکەى و فراکسۆنەکەى کێشایەوە. . له‌تویتێكدا محه‌مه‌د شیاع سودانى، سه‌ركرده‌ له‌هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا و حیزبى ده‌عوه‌ نوسیوویه‌تى "ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى خۆم له‌حزبى ده‌عوه‌ و فراكسیۆنى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا ڕاده‌گه‌یه‌نم". . له‌سه‌ر ده‌نگۆى كاندیدكردنیشى بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى نوێ عێراق سودانى ده‌ڵێت "من له‌لایه‌ن هیچ لایه‌نێكى سیاسییه‌وه‌ كاندید نیم بۆ ئه‌و پۆسته‌ و یه‌كه‌م شت به‌عێراقه‌وه‌ په‌یوه‌ستم". . سودانى جه‌ختى له‌وه‌شكردووه‌ته‌وه‌، ده‌نگى له‌گه‌ڵ گه‌لدایه‌ و ده‌نگى ئه‌ویش بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك وه‌زیرانێكە كه‌ هیوا بۆ نیشتیمان بگه‌ڕێنیته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیدا ‌بێت. . دوا به‌دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڕێكه‌وتنى چه‌ند لایه‌نێك بۆ كاندید كردنى محه‌مه‌د شیاع سودانى بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانى داهاتوو، نه‌عیم عه‌بودى له‌فراكسیۆنى سادیقون ئه‌و ده‌نگۆیه‌ى ڕه‌تكرده‌وه‌. . وتیشى، خه‌ڵكى ناڕازى كاندیدى په‌رله‌مان ڕه‌تده‌كاته‌وه‌ و كه‌سایه‌تییەكى سه‌ربه‌خۆى ده‌وێت. . هاوکات ڕۆژنامەى عەرەبی جەدید لەزارى سێ سەرچاوەى عێراقییەوە بڵاویکردەوە، سودانى لەلایەن هاوپەیمانێتییەکانى فەتح و دەوڵەتى یاساوە کاندیدکراوە، ئێرانیش هەوڵدەدات ناڕازییەکان ڕازى بکات بەوەى سودانى ببێتە سەرۆک وەزیران، ئەگەر بە کاتیش بێت. . محەمەد شیاع سودانى پەرلەمانتارى دەوڵەتى یاسایە بەسەرۆکایەتى نورى مالیکى، ساڵى 2010 وەزیرى مافى مرۆڤ بووە، پاشان پۆستى سەرۆکى دەستەى لێپرسینەوە و دادپەروەرى بۆ ڕیشەکێشکردنى بەعس بە وەکالەت وەرگرتووە، ساڵى 2013 بە وەزیرى کشتوکاڵ دیاریکراوە، پاشان بووەتە سەرۆکى دامەزراوە زیندانییە سیاسییەکان، ماوەیەک بە وەکالەت وەزیرى کۆچ و کۆچبەران و وەزیرى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى بووە، پاشان بووەتە وەزیرى دارایی بە وەکالەت، دواتر هەمان پۆستى لەهەردوو وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى وەرگرتووە.