گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

دەستەواژە و دیمەنی کلیپە نوێیەکەی هێڵی لەڤ یەکێتى پیاوان و ئەنجومەنى خانمانى هێنایە دەنگ [تایبەت]

2019.12.12 - 21:25
دەستەواژە و دیمەنی کلیپە نوێیەکەی هێڵی لەڤ یەکێتى پیاوان و ئەنجومەنى خانمانى هێنایە دەنگ [تایبەت]
ناس کورد- شەهرام عەزیز   بڵاوکردنەوەی دەستەواژە و دیمەنی کلیپێکی نوێی ژنە گۆرانى بێژ هێڵی لەڤ، کاردانەوەی لێکەوتەوە و جگە لەوەی ڕێکخراوی یەکێتی پیاوان هەوڵدەدات کلیپەکەی پێبسڕێتەوە لە ئەگەری بڵاوبوونەوەیدا، ئەنجومەنی باڵای خانمانیش ڕەخنەی توندی لێدەگرێت. . هێڵی لەڤ، لە هەژمارەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەی دیمەنی نوێترین کلیپی خۆی بڵاوکردووەتەوە و لەسەر وێنەکە نوسیویەتی :"‎کاتێک تاج دەخەمە سەرم، پیاوەکان لەسەر ئەژنۆ کڕنوش دەبەن". . بورهان عەلی، سکرتێری رێكخراوی یەكێتی پیاوانی كوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند:" بێگومان ئەو دەستەواژەیە و ئەو دیمەنەی نێو کلیپەکە کە بڵاوبووەتەوە، بێڕێزیکردنە بەرامبەر پیاو و مرۆڤ بە گشتی و ئێمە وەک ڕێکخراوی یەکێتی پیاوان دژی هەر جۆرە بێڕێزیکردنێکین بەرامبەر پیاوان و ژنانیش". . سکرتێری ڕێکخراوی یەکێتی پیاوانی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، جگە لەوەی ئیدانەی ئەو کارە دەکەن، لەڕووی یاسایشەوە هەڵوێستیان دەبێت و لەو ڕێگەیەوە هەوڵدەدەن دەستەواژە و دیمەنی کلیپەکە بگۆڕن، یاخود پێیان بسڕنەوە لە ئەگەری بڵاوبوونەوەیدا. . هاوکات ئەنجومەنى باڵاى خانمانیش لە رێگەى ئەندامێکى ئەنجومەنى باڵاوە رەخنەى توندى لەو دەستەواژە و دیمەنە گرت و بە دژی کەلتوری کۆمەڵگەی کوردی ناوبرد. . ئەمەل جەلال، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای خانمان بە ناس کوردی وت :"وەک ئەنجومەنی باڵای خانمان چۆن دژی هەر بێڕێزی و توندوتیژییەکین بەرامبەر بە ئافرەتان، بەهەمانشێوە دژی توندوتیژی و بێڕێزین بەرامبەر پیاوان و هەموو مرۆڤێک، جا ئەو بێڕێزییە لەلایەن کەسێکی ئاسایی، سیاسی، ئاینی یاخود هونەرمەند و هەرشتێکی دیکە بێت". . وتیشی، کلیپەکەی ئەو هونەرمەندە و بوونی ئەو دیمەن و دەستەواژەیەی کە بڵاویکردووەتەوە تێیدا، بەهەموو شێوەیەک ڕەتدەکەینەوە دژی ئەوەین و وەک کارێک وێناى کرد کە لەگەڵ کەلتور و ئاداب و دابونەریتی کۆمەڵگەدا ناگونجێ. . ئەمەل جەلال رەتیکردەوە ئەو کارە بچێتە چوارچێوەى ئازادییەوە و ئاماژەى بەوە کرد "هەموو شتێک سنوری خۆی هەیە و هیچ شتێک ڕەها نییە، ئازادیش تا ئەو سنورەیە مافی کەسانی دیکە پێشێل نەکرێت". . هاوکات بەشێک لە هاووڵاتیان لەسەر بڵاوکردنەوەی پۆستەکەی ئەو هونەرمەندە بۆچوونی جیاوازیان دەربڕی و هەندێک پشتگیرى و هەندێکى تریان رەخنەیان لێگرت. . لەو بارەیەوە کەسێک بەناوی دایکی سارۆ نوسیویەتی :"من ژنم بەڵام زۆر شتێكى ناشرينت كرد بەم كردارەت، پیاو باوکمانە، پیاو برامانە، پیاو نیوەى ئیمانمانە، ئیتر چۆن ئەتوانیت سوکایەتییان پێ بکەیت؟". . هەروەها سەڵاحەدین ئەحمەد ئاماژەی بەوەکردووە: "پیاوێک بە مانا پیاو بێت تەنها کڕنوش بۆ خوای گەورە دەبات، ئافرەت شایەنی گرنگیپێدان و خۆشویستن و ڕێزلێگرتنە، نەک کڕنوش بۆ بردن". . بەپێچەوانەى بۆچوونى ئەو دوو کەسەى پێشوو لەبارەى دەستەواژە و وێنەکە، بەشێک لە هەوادارانی ئەو هونەرمەندە دەستخۆشی لەکارەکەی دەکەن و چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی کلیپەکەن. . هێلین عه‌بدولڵا، ناسراو بە هێڵی له‌ڤ له‌ ساڵی 1988 له‌دایكبووه‌، زیاتر به‌زمانی ئینگلیزی گۆرانی ده‌ڵێت و تا ئێستا خاوەنی دوو ڤیدیۆ کلیپە، کە یەکێکیانی بۆ کوردستان و پێشمەرگە و جەنگی دژی داعش وتووە. .