گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

پڕۆژەکە گەندەڵییە زەبەلاحەکان ڕاناگرێت

ناس کورد زانیارى ورد لەسەر چۆنییەتى پەسەندکردنى پڕۆژەى چاکسازى لە پەرلەمانەوە دەخاتەڕو

2019.12.12 - 14:20
ناس کورد زانیارى ورد لەسەر چۆنییەتى پەسەندکردنى  پڕۆژەى چاکسازى  لە پەرلەمانەوە دەخاتەڕو
ناس کورد- سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان گەیشتنى پڕۆژەیاسای چاکساز بە دامەزراوەکەیان ڕاگەیاند، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، ڕۆژى دووشەممەى داهاتوو خوێندنەوەى یەکەمى بۆ دەکرێت و فراکسیۆنەکان ناتوانن پرۆژەکە ڕەتبکەنەوە یاخود گۆڕانکارییەکى زۆرى تێدا بکەن. , لەبارەى چۆنییەتى پەسەندکردنى پرۆژەکە و ڕێکارەکانى، ئەبوبەکر هەڵەدنى، پەرلەمانتارى یەکگرتووى ئیسلامى تایبەت بە ناس کوردى ڕاگەیاند: "دووشەممەى داهاتوو خوێندنەوەى یەکەم بۆ پڕۆژەیاساى چاکسازى لە پەرلەمانەوە دەکرێت". , ئەو پەرلەمانتارەى کوردستان ڕونیشیکردەوە، ڕێکارى یاسایى بۆ هەموو پڕۆژەیاسایەک سێ ڕێگایە، بە واژووى 10 پەرلەمانتار ڕەوانەى دەستەى سەرۆکایەتى دەکرێت، یاخود لە ئەنجومەنى وەزیران و ئەنجومەنى دادوەرییەوە ڕەوانە دەکرێت ئەوانە شێوازى پێشکەشکردنى پڕۆژەیاسان بە پەرلەمان. , بەگوێرەى ئەو ڕێکارانەى هەڵەنى باسی کردن، “پڕۆژەیاسای چاکسازی لە خانەنشین، مووچە، دەرماڵە، بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان-عێراق” کە لە حکومەتەوە ڕەوانەى پەرلەمان کراوە، دەستەى سەرۆکایەتى دەیخاتە بەرنامەى کارەوە و خوێندنەوەى یەکەمى بۆ دەکرێت، دواتریش ڕەوانەى لیژنەى یاسایى و لیژنەى دارایى پەیوەندیدار دەکرێت، ئەو لیژنانەش ڕاپۆرتى خۆیان ئامادە دەکەن دواى ئەوەش دەچێتەوە ناو هۆڵ بۆ خوێندنەوەى دووەم. , سەبارەت بەوەى ئەنجومەنى وەزیران خواستى ئەوەى هەبێت دەستکارى پرۆژەکەى نەکرێت، ئەبوبەکر هەڵەدنى وتى: "ئەو حیزبانەى کە حکومەتیان پێکهێناوە زۆرینەى پەرلەمانین و ڕاى حیزبەکانیان چۆن بێت لەناو پەرلەمانیش هەر ئەوە دەگوزەرێت، ئەو پڕۆژەیەش ئەو حیزبانەى حکومەتیان پێکهێناوە بە دڵنیاییەوە خواستى حکومەت جێبەجێدەکرێت". , خستنە دەنگدانى پرۆژەیاساکە بۆ ئەوەى خوێندنەوەى یەکەمى بۆ بکرێت، لەکاتێکدایە، جەلال محەمەد، جێگرى سەرۆکى لیژنەى یاسایى پەرلەمان کوردستان پێشتر بە ناس کوردى ڕاگەیاند: "سەرەتا پڕۆژەیاساى چاکسازى دەچێتە بەردەم لیژنەى یاسایى بۆ ئەوەى تاووتوێى بکەن، بۆ ئەوەى هیچ خاڵێکى پێچەوانەى دەستورى و یاسا نەبێت و دواتر خوێندنەوەى یەکەمى بۆ دەکرێت". , جێگرى لیژنەى یاسایى پەرلەمان جەختیشى لەوە کردەوە، "پەرلەمان مافى گۆڕانکارى و دەستکارى کردنى پڕۆژەکەى هەیە". , سەبارەت بەوەى ئەو پرۆژەیە تا چەند ڕۆڵى دەبیت لە دژایەتى گەندەڵى؟، ئەبوبەکر هەڵەدنى وتى: "پڕۆژەکە بەگشتى باشە و هەنگاوێکى سەرەتاییە، بەڵام باسى یەک سێکتەر دەکات ئەویش سێکتەرى مووچە و خانەنشینییە، بەڵام گەندەڵى گەورە لە بوارى نەوت و پڕۆژەکاندایە و تا ئێستا نازاندرێت داهاتى نەوتى ئەم وڵاتە چەندە و چۆن خەرج دەکرێت؟ ئەگەر داهات و خەرجى بۆ خەڵک ئاشکرا بکرێن ئەوە هەنگاوێکى گرنە". , پەرلەمانتارەکەى یەکگرتوو کە فراکسیۆنێکى ئۆپۆزسیۆنە ئەوەشى خستەڕو: "گەندەڵى گەورە لەبوارى وەبەرهێنان هەیە کۆمپانیاى وەهمى بوون بە ملیاردێر، دەبێت ئەوانەش بگرێتەوە نەک تەنها ئەو سێکتەرانەى کە لە پڕۆژەیاساکەى حکومەتتدا هاتوون". , هەڵەدنیش جەختى لەوە کردەوە، لە ماوەى مانگێکدا پڕۆژەیاساکە لە پەرلەمانەوە تێپەڕدەبێت و دەبێت بە یاسا. , ئێوارەى دوێنێ چوارشەممە، ئەنجومەنى وەزیران ڕایگەیاند، دوای گفتوگۆکردنێکی “چڕ و بەرفراون” لە سەر یەك بە یەکی بڕگەکانی “پڕۆژەیاسای چاکسازی لە خانەنشین، مووچە، دەرماڵە، بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان-عێراق” و دوای جێگیرکردنی چەندین گۆڕانکاری، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پڕۆژەیاساکەی پەسەند کرد و دەینێرێتە پەرلەمانی کوردستان. , ,