گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

هێشتا هەرێم دوو نوێنەرەکەى خۆى دیارینەکردووە

ئەندامە نوێیەکانى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق چۆن دیاریدەکرێن؟

2019.12.11 - 11:02
ئەندامە نوێیەکانى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق چۆن دیاریدەکرێن؟
ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح   بڕیارە کۆمسیۆنێکى نوێی هەڵبژاردن لە عێراق دروستبکرێت بۆ بەڕێوەبردنى هەڵبژاردنەکان، بەجۆرێک ئەندامەکانى سەربەخۆ بن و سەر بە هیچ حزب و لایەنێک نەبن، ئەوەش بەپێی یاسایەکى نوێ کە لە پەرلەمان پەسەندکراوە. . کۆتایی هەفتەى ڕابردوو هەموارى یاساى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە پەسەندکرا، بە ئامانجى دروستکردنى کۆمسیۆنێکى سەربەخۆ کە هەڵبژاردنەکان بەڕێوەببات، لەجیاتى کۆمسیۆنەکەى ئێستا کە لە هەڵبژاردنەکانى پێشوودا چەندین تۆمەتیان خرایەپاڵ. . بەپێی یاساکە، ئەندامانى ئەنجومەنى نوێی کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان لە نۆ دادوەر پێکدێت، کە دەبێت سەربەخۆ بن و هیچ پەیوەندییان بە حزبەکانەوە نەبێت، پێنج کەس لەو دادوەرانە لەلایەن ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى عێراقەوە کاندیدەکرێن و دوانى دیکەشیان لەلایەن ئەنجومەنى شوراى دەوڵەتەوە، دوانەکەى دیکەشیان لەلایەن ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى هەرێمەوە کاندید دەکرێن و بە تیروپشک یەکلایی دەکرێنەوە. . شەهرام میرحاد وتەبێژى ئەنجومەنى دادوەرى هەرێم بە ناس کوردى ڕاگەیاند، تا ئێستا هیچ کەسێک لەلایەن ئەوانەوە دیارینەکراوە بۆ ئەوەى ببنە ئەنجومەنى نوێی کۆمسیارانى کۆمسیۆن. . بەپێی یاساکە، ئەندامى ئێستاى ئەنجومەنى کۆمسیۆن خانەنشین دەکرێن و بەرپرسانى دیکەى فەرمانگەکانى کۆمسیۆن جگە لە فەرمانبەران، ڕەوانەى فەرمانگەکانى دیکە دەکرێن، تەنها فەرمانبەرەکان دەهێڵرێنەوە. . لەتیف مستەفا، دادوەر و شارەزای یاسایی، بە ناس کوردی ڕاگەیاند "مەرج نییە هەر کەسێک دادەوەربێت سەربەخۆ بێت و سەر بە هیچ لایەنێکی سیاسی نەبێت". . وتیشی "ئەو دادوەرانەی کە کاندید دەکرین بۆ ئەوەی ببن بە دادوەر لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەبێت لەلایەن خەڵکەوە ناسراوبن و گەواهی ڕاستگۆیی، دەستپاکی و دادەپەروەریان بۆبدرێت". . لەتیف مستەفا، پێیوایە ڕێکاری گونجاو بۆدیاریکردنی ئەو دادوەرانە باشتروایە بەهاوکاری نێودەوڵەتی بێت، دەڵێت "گرنگە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕۆڵی بەرچاویان هەبێت لە دیاریکردنی ئەو نۆ دادوەرە". . پێکهێنانى کۆمسیۆنێکى سەربەخۆ یەکێکە لە داواکاریی خۆپیشاندانەکانى عێراق کە زیاتر لە دوو مانگە بەردەوامە. . شیروان میرزا، پەرلەمانتاری عێراق، لە فراکسیۆنی یەکێتی، بەناس کوردی ڕاگەیاند "لەئێستادا یاساکە ڕەوانەی سەرۆک کۆمار کراوە بۆ ئەوەی پەسەندی بکات، وهەر کاتێک لە ڕؤژنامەی وقائیعی عێراقیدا بڵاوکرایەوە  کاری پێدەکرێت". . سەبارەت بە پشکی کورد لە کۆمیسۆنی نوێی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەو پەرلەمانتارەی عێراق وتی "توانیمان پاش پێداگرییەکی زۆر لە پەرلەمانی عێراق پشکی کورد بکەین بە دوو دادوەر لە کۆی ئەو نۆ دادوەرەی کە بڕیارە دابنرێت بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێڕاق" . . وتیشی "ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان ژمارەیەک دادوەر لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستانەوە پێشنیاز دەکات و ناوەکانیان بەلیستێک ئاڕاستەی  ئەنجوومەنی دادەوەری عێراق دەکات و بەگوێرەی تیروپشک دوو دادەورلە وناوانە بۆ هەرێمی کوردستان پەسەند دەکرێت".