گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مەزڵوم کۆبانێ وەڵامى ئەردۆغان دەداتەوە

2019.12.10 - 22:50
مەزڵوم کۆبانێ وەڵامى ئەردۆغان دەداتەوە
ناس کورد- مەزڵوم کۆبانێ پلانەکەى ئەردۆغان بۆ جێگیرکردنى ملیۆنێک ئاوارەى سوریا لە ڕۆژئاواى کوردستان بە "مەترسیدار" دادەنێت و داوا لە ئەمریکا و ڕوسیا دەکات ڕێگربن لە گۆڕینى دیمۆگرافیاى ناوچەکە. . دوێنێ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا پلانێکى وڵاتەکەى ڕاگەیاند، بۆ جێگیرکردنى ملیۆنێک ئاوارەى سوریا لەو ناوچانەى ڕۆژئاواى کوردستان کە دەستیان بەسەردا گرتووە. . مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) لە تویتێکدا ڕایگەیاند "ئەوەى ئەردۆغان ڕایگەیاندووە بۆ نیشتەجێکردنى ملیۆنێک ئاوارە لە سەرێکانى گرێسپى، کارێکى زۆر مەترسیدارە". . ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەمریکا و ڕوسیا بەرپرسیارێتى نەگۆرینى دیمۆگرافیاى ناوچەکەیان دەکەوێتە ئەستۆ، داواش لەو دوو وڵاتە دەکات بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن و میکانزمێک دابنێن بۆ گەڕانەوەى دانیشتوانى ئەو ناوچانە بۆ زێدى خۆیان. . دواى لەشکرکێشییەکەى تورکیا و گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانى بۆ سەر ڕۆژئاواى کوردستان دەستبەسەرداگرتنى رووبەرێک بەدرێژایی 120 کیلۆمەتر و قوڵایی 50 کیلۆمەتر، لە سەرێکانییەوە تا گرێسپى، تورکیا دوو ڕێککەوتنى جیاجیاى لەگەڵ ئەمریکا و ڕوسیا واژۆکرد بۆ وەستانى هێرشەکە. . پێشتر تورکیا ڕایگەیاندبوو، ئامانجى ئەوەیە دوو ملیۆن ئاوارەى سورى لە "ناوچەیەکى ئارام" لە باکورى ڕۆژهەڵاتى سوریا بەدرێژایی 444 کیلۆمەتر نیشتەجێ بکات. . تورکیا لە ئێستادا 3.5 ملیۆن پەنابەرى سوری لەخۆگرتووە، کە بەهۆى شەڕى ناوخۆى ئەو وڵاتەوە بەدرێژایی هەشت ساڵى ڕابردوو ئاوارە بوون.