گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

تۆمەتبارى دووەم بانگهێشتى دادگا دەکرێتەوە

تۆمارێکی نوێی ڤیدیۆیی سێوان پێشکەشی دادگا دەکرێت (تایبەت)

2019.12.10 - 16:41
تۆمارێکی نوێی ڤیدیۆیی سێوان پێشکەشی دادگا دەکرێت (تایبەت)
ناس کورد – ئەحمەد مستەفا   دادگاى تاوانەکانى سلێمانى بڕیاریدا جارێکى تر وتە لەو تۆمەتبارەى دۆسیەى سێوان قادر وەربگرێت، کە پێشتر ئازادکرا، پورزایەکى سێوانیش بەنیازە تۆمارێکى نوێی ڤیدیۆیی پێشکەشى دادگا بکات، کە تێیدا سێوان باسى ڕووداوى سوتانى خۆى و منداڵەکانى دەکات، . ئەمڕۆ سێشەممە، چوارەم دانیشتنی دادگای تاوانەکانى سلێمانی لەسەر کەیسی سێوان قادر و سێ منداڵەکەی ئەنجامدرا کەچوار کەس وەک شایەتحاڵ وتەیان لێوەرگیرا و سەرجەمیان لە کەسوکاری سێوان قادر بوون، کە یەکێکیان (ئ – م) پورزاى سێوان بوو. . پورزاکەى سێوان لەوتەکانیدا باسى لە گرتەیەکى نوێی ڤیدیۆیی سێوان کرد، کە دواى ڕووداوى سوتانى سێوان و منداڵەکانى لە  16ی کانونی یەکەمی 2018 لە قەزاى چەمچەماڵ، تۆماریکردووە و تێیدا لەنەخۆشخانە لەگەڵ سێوان گفتوگۆ لەسەر ڕووداوەکە دەکەن. . لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ پەیامنێری ناس کورد، (ئ – م) پورزای سێوان قادر ئاشکرایکرد، پاش ڕووداوی سوتانی سێوان و منداڵەکانی لەنەخۆشخانەی سوتاوی سلێمانی سەردانی سێوانی کردووە و بە ڤیدیۆ چەند گفتوگۆیەکی نێوان خۆی و سێوانی تۆمارکردووە. . وتیشی "زۆر بەڕوونی لەگەڵ سێوان قسەم کردووە کە ئەگەر خۆت دەستت لە سوتانی خۆتان و منداڵەکانت هەیە ئەوە لە بەردەم خوایا خۆت ڕوورەش مەکە، با واز لەهاوسەرەکەشت بهێنین، هیچی نەماوە لە دەستی بدات و منداڵەکانیشتان لەدەستداوە". . بە وتەی پورزاکەی "سێوان لەوتەکانیدا دەڵێت، خودا ڕووم رەشبکات ئەگەر دەستی خۆمی تیادابێت و ئاگام لە رووداوەکە نەبووە و (د.م.م – تۆمەتباری سەرەکی) دەرگای لێداخستووین و نەشمتوانیوە تەلەفون بکەم، ئەگەر خۆشم بسوتانایە دەستم نەئەچووە سوتانی منداڵەکانم". https://www.youtube.com/watch?v=4iMESOjciVY&feature=youtu.be لەدواى رووداوى سوتانى سێوان و منداڵەکانى، مێردەکەى سێوان وەکو تۆمەتبارى سەرەکى دەستگیرکراوە و تا ئێستاش لە زینداندایە، بڕیاریشە لە دانیشتنى داهاتوودا وتەى لێوەربگیرێت. . کۆساڵان حەمە موراد پارێزەرەکەی سێوان لە لێدوانێکیدا بۆ ناس کورد، بوونی تۆمارە ڤیدیۆییەکەى پشتڕاستکردەوە و وتى "بەڵگەکانمان بە ئاست قەبارەی ڕووداوەکە بە‌هێزە، لە دانیشتنی داهاتوودا تۆمارە ڤیدیۆییەکەش پێشکەشی دادگا دەکەین". . لەدانیشتنى ئەمڕۆدا، دادوەر جارێکی دیکە داوای پارێزەری کەیسی سێوان و منداڵەکانی قبوڵکرد بۆ دووبارە بانگهێشتکردنەوەی تۆمەتباری دووەم لە ڕووداوەکە کە لە مانگى نیسانى ڕابردوودا ئازادکرا، تا لە دانیشتنی داهاتوودا دووبارە وتەی لێوەربگیردرێت. . ئەو تۆمەتبارە ژنێکە کە دواى ڕووداوەکە لەسەر سکاڵاى ماڵى سێوان دەستگیرکرا، بەتۆمەتى بوونى پەیوەندى لەگەڵ هاوسەرەکەى سێوان، بەڵام بەهۆى نەبوونى بەڵگەى پێویستەوە دادگا پێشتر بڕیارى ئازادکردنى بۆ دەرکردووە. . پێشتر هاوسەرى سێوان لە دانیشتنەکانى دادگادا، ڕەتیکردبووەوە کە پەیوەندی لەگەڵ ئەو ژنە هەبووبێت و ئاماژەى بەوەکردبوو کە وەک خوشکی خۆم سەیریکردووە و ئەو ژنە هاوڕێی نزیکى سێوانیش بووە. . کۆساڵان حەمە موراد وتی "تائێستا کارەکانی دادگا بەشێوەیەکی یاسایی بەڕێوەدەچن و هیچ تێبینییەکمان نییە، لە دانیشتنی چوارەمیشدا وتە لەسەرجەم ئەو شایەتحاڵانە وەگیراوە کە شاهیدی دۆخی سێوان بوون لە ژیانی هاوسەرێتیدا و لە سەرەمەرگیشدا لەلاى بوون". . "لە دانیشتنی داهاتوودا، دادگا تۆمارە ڤیدیۆییەکەمان لێوەردەگرێ و دووبارە وتەش لە تۆمەتباری دووەم لە ڕووداوەکە وەردەگیرێت، لەپاش تەواوکردنی وەرگرتنی قسەکانی تاوان لێکراو دادگا لە دانیشتنەکانی داهاتوودا دەرفەت بە تۆمەتباری سەرەکی و کەسوکاری دەدات تا وتەیان لەسەر رووداوەکە بخەنەڕوو"، کۆساڵان حەمەموراد وای وت. https://www.youtube.com/watch?v=2lo3sb_itNw&feature=youtu.be بڕیارە دانیشتنی داهاتووی دادگا لە 19ی کانوونی یەکەم بەڕێوەبچێت، کە دەبێتە پێنجەم دانیشتن لەسەر کەیسی گیانلەدەستدانی سێوان و سێ منداڵەکەی کە کاردانەوەى زۆرى بەدواى خۆیدا هێنا و تا ئێستاش دۆسیەکە یەکلایی نەبووەتەوە. . پارێزەرەکەى سێوان دەڵێت "ئەو بەڵگانەى کە هەن لەدژى تۆمەتبار زۆر بەهێزن، چاوەڕوانى سزایەکى قورس و دادپەروەرانە دەکەین بۆ تۆمەتبارى سەرەکى". . کەسوکارى سێوان قادر تا ئێستا هاوسەرەکەى سێوان بە تۆمەتبارى سەرەکى دادەنێن، بەڵام هاوسەرەکەى و پارێزەرەکەى تۆمەتەکان ڕەتدەکەنەوە. . پێشتر پارێزەرى هاوسەرى سێوان بە ناس کوردى ڕاگەیاندبوو "هاوسەرى سێوان نکوڵی دەکات کە ئەو تاوانەی ئەنجامدابێت و چەند بەڵگەیەکیشی لەکاتی لێکۆڵینەوە بۆ دادگا خستووەتەڕوو، دەڵێت دوور و نزیک پەیوەندی بە کوشتنی هاوسەری و سێ منداڵەکەی نییە و نکوڵى کردووە”. . ئاماژەى بەوەشکردبوو،  “تۆمەتباری دووەم سێجار بە فلتەری دادگا تێپەریوە و هیچ بەڵگەیەک لەسەری نەبووە کە دەستی لە ڕووداوەکەدا هەبووبێت.