گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕێواز فایه‌ق: تائێستاش دامه‌زراوه‌كانمان گیرۆده‌ى گه‌نده‌ڵین

2019.12.09 - 17:59
ڕێواز فایه‌ق: تائێستاش دامه‌زراوه‌كانمان گیرۆده‌ى گه‌نده‌ڵین
ناس کورد- لە ڕۆژى جیهانیى بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵیدا، سەرۆکى پەرلەمان ڕایگەیاندووە، تا ئێستاش دامەزراوەکانمان "گیرۆدەى گەندەڵى بوون" و داواش لە حکومەتى هەرێم دەکات، سه‌ربارى ئاڕاسته‌كردنى پڕۆژه‌یاساى چاكسازى بۆ په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌ركى خۆى له‌ به‌رجه‌سته‌كردنى دروشمى ڕاگه‌یه‌ندراوى چاكسازى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى به‌ پلان و ستراتیژ به‌جێبهێنێت. , لە ڕاگەیەندراوێکى سەرۆکایەتیى پەرلەمانى کوردستاندا هاتوە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشه‌ممه 9ى کانونى 2019، ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەهۆى ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە وتارێکدا ڕایگەیاندووە: "گه‌نده‌ڵى دیارده‌یه‌كى فره‌ڕه‌هه‌ندى ئاڵۆزه ‌و كاریگه‌ریى نه‌رێنی له‌سه‌ر هه‌موو وڵاتێك هه‌یه‌، گه‌رچى كاریگه‌رییه‌كه‌ ڕێژه‌ییه،‌ به‌ڵام دامه‌زراوه‌ دیموكراسییه‌كان بنكۆڵ ده‌كات، گه‌شه‌ى ئابورى و كۆمه‌ڵایه‌تى دواده‌خات، ده‌بێته‌ مایه‌ى ناسه‌قامگیرییه‌كى تاقه‌ت پڕوكێن". , سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان ڕاشیگەیاندووە: "هه‌رێمى كوردستان سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه‌ خاڵى و دابڕاو نییه‌ له‌ بوون و كاریگه‌رییه‌كانى گه‌نده‌ڵى له‌سه‌ر ئاسته‌ جیاوازه‌كان، هاوكات پێده‌چێت هێشتا ده‌ستمان به‌ گونجاوترین میكانیزم بۆ سزادانى گه‌نده‌ڵكاران نه‌گه‌یشتبێت، یان چه‌ك و ئامڕازه‌كانمان له‌ ئاستى خواستدا نه‌بوبێت، بۆیه‌ تائێستاش دامه‌زراوه‌كانمان گیرۆده‌ى گه‌نده‌ڵییه‌، كه‌ ئه‌ركى لێبڕاوانه‌ى خستوه‌ته‌سه‌ر هه‌مووان له‌ ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانه‌وه‌ تا ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و ڕاگه‌یاندن و تاك و كۆمه‌ڵگه‌ش به‌ گشتى". , لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، ڕێواز فایه‌ق باسى له‌ هه‌نگاوه‌كان بۆ ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵی و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رى هه‌نوكه‌یى و ستراتیژیی دوورمه‌ودا كردووە و ئاماژه‌ی به‌وه‌داوە: "خۆشبه‌ختانه‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌نگاوى یه‌كه‌مى تێپه‌ڕاندووه ‌و چ دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كان و چ حیزبه‌ سیاسییه‌كانیش به‌ ئاشكرا ڕایانگه‌یاندووه‌ كه‌ گه‌نده‌ڵى ڕۆچوه‌ته‌ نێو جومگه‌كانى فه‌رمانڕه‌وایی و ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌ ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نیشى گرتوه‌ته‌وه‌ و كه‌م تا زۆر له‌سه‌ر هه‌ندێ ئاست هه‌نگاوه‌كان ده‌ستى پێكردووه‌". , "له‌ ڕوانگه‌ى باوه‌ڕبوونمان به‌وه‌ى كه‌ پیاده‌كردنى پێوه‌ره‌كانى حوكمى ڕه‌شید و لێپرسینه‌وه ‌و سزادان به‌تایبه‌ت ئه‌و پێوه‌ر و پڕه‌نسیپانه‌ى له‌ ڕێككه‌وتننامه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ بنه‌بڕكردنى گه‌نده‌ڵى هاتوون فاكته‌ر و ئامرازى بنه‌ڕه‌تین بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى، ده‌بێت بكرێته‌ ئیلهامبه‌خشى كارى ئاینده‌ییمان"، سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان واى وتوە. , ئاماژەى بەوەشکردووە: "له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ و سه‌ربارى پابه‌ندكردنى خۆمان له‌ په‌رله‌مان به‌ ڕه‌خساندنى زه‌مینه‌ى ته‌شریعیى گونجاو بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى له‌سه‌ر ئاسته‌ جیاوازه‌كان و پشتیوانیكردنى گشت هه‌نگاوه‌كانى چاكسازى كه‌م بن یا زۆر و هاندانى په‌رله‌مانتاران و لیژنه‌كان بۆ به‌دواداچوون و چاودێرى، پێمان وایه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سه‌ربارى ئاڕاسته‌كردنى پڕۆژه‌یاساى چاكسازى بۆ په‌رله‌مانى كوردستان ده‌بێت ئه‌ركى خۆى له‌ به‌رجه‌سته‌كردنى دروشمى ڕاگه‌یه‌ندراوى چاكسازى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى به‌ پلان و ستراتیژ به‌جێبهێنێت". , ,