گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

باسی لە کۆبوونەوەیەکی ئەمنی نائاسایی کردووە

بڕیار دراوە بە کشانەوەى حەشد لە بەغدا و لۆمەى سەرۆکى دەستەکەش کراوە

2019.12.09 - 17:23
 بڕیار دراوە بە کشانەوەى حەشد لە بەغدا و لۆمەى سەرۆکى دەستەکەش کراوە
ناس کورد- وێستگەی مۆنتی کارلۆی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، بڕیارێکی بەپەلە دراوە بۆ کشانەوەى سەرجەم هێزەکانى حەشدی شەعبی لە بەغدا بەهۆی هێرشەکەی سەر خۆپیشاندەران لە پردی سنەک کە توڕەیی و ناڕەزایەتی زۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە. . لە ڕاپۆرتێکی ئەمڕۆیدا، 9ی کانونی یەکەمی 2019، مۆنتی کارلۆ لە زاری سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە بڵاویکردووەتەوە کە "ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کە سەرۆک وەزیران و وەزیری ناوخۆ و بەرگری و دەزگای هەواڵگری بەشدارن بڕیاریان داوە بە کشانەوەى دەستبەجێی سەرجەم هێزەکانى حەشد لە بەغدای پایتەخت، هاوکات قەدەغەکردنی هەر جوڵەیەکی هێزەکانى حەشد بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی پێشوەختە." . ڕاپۆرتەکە دەشڵێت، "فالح فەیاز، سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربووە و ڕوبەڕووی ڕەخنەى زۆر بووەتەوە بەهۆی هێرشی شەوی هەینی، 6ی کانونی یەکەمی 2019، چەکدارانی حەشد بۆسەر خۆپیشاندەرانی پردی سنەک و گۆڕەپانی خەلانی کە دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتووە و هێزەکانى کەتائیبی حزبوڵا تۆمەتبارن بە هێرشەکە کە لەژێر فەرماندەیی فالح فەیازدان." . ڕاشیگەیاندووە، "بڕیاری کشانەوەى هێزەکانى حەشد دوای چەند پەیامێکی وڵاتانی فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا بووە و تێیدا داوایان لە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر کردووە ئەو هەنگاوە بگرێتەبەر." . ئاماژەى بەوەشکردووە، "هۆکارێکی تری بڕیارەکە بڵاوبوونەوەى کڵاو شینەکانە لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا کە چەکداری ڕەوتی سەدرن بە ئامانج ڕێگریکردن لە هەر شەڕێکی ناوخۆیی لەناو هێزەکانى حەشدا."