گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەبارەى ڕووداوە خوێناوییەکەى بەغداوە

بەیاننامەى دانپێدانانى حەشدى شەعبى گڕ لە شەقام و گۆڕەپانى سیاسی عێراق بەردەدات

2019.12.09 - 08:47
بەیاننامەى  دانپێدانانى حەشدى شەعبى  گڕ لە شەقام و گۆڕەپانى سیاسی عێراق بەردەدات
ناس کورد- بەیاننامەیەک کە لەسەر پێگەى فەرمى حەشدى شەعبى بڵاوکرایەوە لەبارەى "دانپێدانانى بەشداریکردنیان" لە ڕووداوە خوێناوییەکەى بەغدا، مشتومڕى گەورەى دروستکرد و گڕى لە شەقام و گۆڕەپانى سیاسی بەردا، پێش ئەوەى بەشێک لەلایەنەکانى نزیک لە حەشد بەیاننامەکە ڕەتبکەنەوە و باس لە هاککردنى پێگەکە بکەن. . درەنگانى شەوى ڕابردوو لەپێگەى فەرمى حەشدى شەعبییەوە بەیاننامەیەک بڵاوکرایەوە کە تێیدا دەستەى حەشدى شەعبى "داندەنێت بە دەستوەردانى سەربازى هێزەکانیان" لەکاتى ڕووداوەکانى گۆڕەپانى سەنک لە بەغدا کە بەهۆیەوە دەیان کەس کوژران و برینداربوون. . لەبەیاننامەکەدا، پاساو بۆ دەستوەردانی حەشد لەو رووداوانە گەڕێنراوەتەوە بۆ هەوڵدان بۆ "رزگارکردنى خۆپیشاندەرە ڕفێنراوەکان"، هەروەها باس لەوەکراوە کە هێزەکانى حەشد و کڵاوشینەکان پێکدادانى چەکدارى لەنێوانیان روویداوە. . ئەو بەیاننامەیە کاردانەوە و مشتومڕى زۆرى لێکەوتەوە، بەڵام هەندێ لایەنى نزیک لە حەشد بەیاننامەکە رەتدەکەنەوە و دەڵێن پێگە فەرمییەکەیان روبەڕووى هاککردن بووەتەوە و هیچ بەیاننامەیەکى فەرمى لەبارەى ئەو رووداوانەوە دەرنەکراوە. . هەروەها دواتر بەیاننامەى دووەم کە گەرێنراوەتەوە بۆ حەشدى شەعبى لەسەر پێگەى فەرمى حەشد بڵاوکرایەوە کە تێیدا جەختکراوەتەوە لەسەر هاککردنى پێگە فەرمییەکە. . لەبەیاننامەکەدا کە ناس نەیتوانى راستییەکەى پشتڕاستبکاتەوە، باس لەوەکراوە، پێگەى فەرمى حەشد روبەڕووى هاککردن بووەتەوە و لە هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەى، هاککەرەکان بەیاننامەیەکیان بەناوى دەستەى حەشدى شەعبییەوە بڵاوکردووەتەوە لەبارەى رووداوەکانى گۆڕەپانى سەنک. . بەڵام بەیاننامەکە چۆنیەتى دزەپێکردنى بەیاننامەى یەکەمى رووننەکردووەتەوە بۆ سەر پێگەى فەرمى حەشدى شەعبى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، جەختیشکراوەتەوە کە بەیاننامەکە سڕدراوەتەوە.