گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرپرسانى پارێزگاى هەولێر چی دەڵێن لەو بارەیەوە؟

بەرپرسانى پارێزگای هەولێر بە خاوەن مۆلیدەکانیان وتووە 10 ساڵی دیکەش کارەبا باش نابێت

2019.12.08 - 21:55
 بەرپرسانى پارێزگای هەولێر بە خاوەن مۆلیدەکانیان وتووە 10 ساڵی دیکەش کارەبا باش نابێت
ناس کورد- شەهرام عەزیز   ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان ڕایگەیاند، بەرپرسانی پارێزگاى هەولێر دڵنیاییان بە خاوەنى مۆلیدە ئەهلییەکانداوە کە بەمزووانە کارەبا باش نابێت، بەرپرسێکى پارێزگاکەش ئەوە ڕەتدەکاتەوە. . مانگى ڕابردوو، پارێزگارى هەولێر بڕیاریدا بە گۆڕینى سەرجەم مۆلیدەکانى پارێزگاکە و خاوەن مۆلیدەکانى پابەند کرد کە تا مانگى ئایارى ساڵى داهاتوو مۆلیدەکانیان بگۆڕن بۆ جۆرى بێدەنگ، ئەوەش ترسی لاى خاوەن مۆلیدەکان دروستکرد کە بەهۆى باشبوونى دۆخى کارەباوە زیانیان بەربکەوێت، بەهۆى تێچووى گۆڕینى مۆلیدەکانیانەوە. . مژدە مەحمود، پەرلەمانتارى فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند "کاتێک نوێنەری خاوەن مۆلیدەکانی هەولێر ڕۆیشتوون بۆ پارێزگای هەولێر، وتویانە ئێوە داوای ئەوەمان لێدەکەن مۆلیدەکان بکەین بە بێدەنگ و ئەوەش خەرجییەکی زۆری تێدەچێت، گرەنتی چییە ساڵێکی دیکە کارەبا باش نابێت و ئێمە زەرەر ناکەین؟". . ئاماژەی بەوەشکرد "لە وەڵامدا بەرپرسانى پارێزگا بە نوێنەری خاوەن مۆلیدەکانیان وتووە، خەمتان نەبێت، 10 ساڵی دیکەش کارەبا باش نابێت". . پلانەکەى پارێزگاى هەولێر هاوکاتە لەگەڵ کەمبوونەوەى کاتژمێرەکانى کارەباى نیشتیمانى و زۆرى کارکردنى مۆلیدە ئەهلییەکان، کە بەرپرسانى کارەبا هۆکارەکەى بۆ زیادبوونى خواست لەسەر ئەو وزەیە دەگەڕێننەوە. . بەیار محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر بە ناس کوردی ڕاگەیاند "بەهیچ شێوەیەک شتێکی لەو جۆرە لە پارێزگا لەگەڵ نوێنەری خاوەن مۆلیدەکان باس نەکراوە و ئەوە ڕاست نییە". . وتیشی، جگە لە سەرجەم کەرتەکانی دیکە پارێزگاری هەولێر بەشێوەیەکی جدی بیر لە چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا دەکاتەوە، نەوەک قسەیەکی لەوشێوەیە بە خاوەن مۆلیدەکان بوترێت. . لە بەرامبەردا مژە مەحمود، باسى لەوەکرد، هەر داواکردنی ئەوەی مۆلیدەکان بکرێن بە بێدەنگ، نیشانەی ئەوەیە کە کێشەی کارەبا بەمزووانە چارەسەر ناکرێت. . چارەسەرکردنى کێشەى کارەبا یەکێکە لەخاڵەکانى کارنامەى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم، بەرپرسانى وەزارەتى کارەباش چارەسەرکردنى کێشەکەیان بەستووەتەوە بە جێبەجێکردنى تەواوەتى پێوەرى زیرەکەوە، کە چەند مانگێکە کارکردن تێیدا دەستیپێکردووە. . دوێنێش مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە وتارێکدا بەبۆنەى تێپەربوونى 100 ڕۆژ بەسەر پێکهێنانى کابینەکەیدا ڕایگەیاندبوو،"بەرهەمهێنان و دابەشکردن و بەکارهێنانی کارەبای هەرێم، پێداچوونەوەی پێویستە، ئێستا ئێمە سەرقاڵی ئەو پرۆسەیەین و هەوڵ دەدەین کەمترین ڕێژەی کارەبا بە فیڕۆ بچێت". . ئاماژەى بەوەشکردبوو، ئێستا زیاتر گازی کوردستان بەکار دەهێنن بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بەمەش ئێستا کەمتر پشت بە گازوایلی دەرەکی دەبەسترێت، بەوجۆرەش ساڵانە نزیکەی یەک ملیار دۆلار لە تێچووی بەرهەمهێنانەکەی کەم دەبێتەوە.