گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزیرى دارایی هەرێم: ئەگەر ڕێککەوتنە نوێیەکە سەرکەوتو بێت ئەوا کێشەى مووچە تاڕادەیەکى زۆر چارەسەر دەبێت

2019.12.05 - 09:22
وەزیرى دارایی هەرێم: ئەگەر ڕێککەوتنە نوێیەکە سەرکەوتو بێت ئەوا کێشەى مووچە تاڕادەیەکى زۆر چارەسەر دەبێت
ناس کورد- وەزیرى دارایی هەرێم ڕایگەیاند، حکومەتى هەرێم پابەند دەبێت بە پێدانى 250 هەزار بەرمیل نەوت بە سۆمۆ، ئاشکراشى کرد، ئەگەر ڕێککەوتنە نوێیەکەى نێوان هەولێر و بەغداد سەرکەوتو بێت، ئەوا کێشەى دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەران تاڕادەیەکى زۆر چارەسەر دەبێت. , لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا لەبارەى ئەو ڕێککەوتنە نوێیەى لەنێوان هەولێر و بەغداد هاتوەتەئاراوە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایی هەرێم ڕایگەیاند: "حکومەتى هەرێم پابەندى ئەوە دەبێت کە ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێى سۆمۆوە رادەستى عێراق بکات، لە ئەگەرى پابەندبوونى بەغدادیش بەو ڕێککەوتنە نوێیە و سەرکەوتنى، ئەوا دەتوانین بڵێین 90%ى کێشەى دابەشکردنى مووچە چارەسەر دەبێت". , لەبارەى ئەو مووچانەى فەرمانبەران کە لاى حکومەتى هەرێمن و دابەشنەکراون، وەزیرى دارایی وتى: "حکومەت هەشت مووچەى فەرمانبەران و 12 مووچەى خانەنشینان قەرزارە، ئەوە قەرزێکە حکومەتى هەرێم پابەندە بیداتەوە بەڵام لە ئێستادا ئەو توانەیەمان نییە بیدەینەوە". , ئاوات شێخ جەناب ئاماژەی بەوەشکرد: "کارەکانی ئێمە وەک شاندەکەی هەریم تەواو بوە و گەیشتوینەتە جۆرێک لە ڕیککەوتن، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی پەرلەمانی عێراقە و بەرپرسیارێتییەکەی کەوتوەتە سەر شانی پەرلەمانتارانی کورد کە ڕێککەوتنەکە بپارێزن". , لەبارەى بەشداریکردنی شێخ باز بەرزنجی سەرۆکی کۆمپانیای کار لە دانوستانەکانى نێوان حکومەتى هەرێم و عێراق، وەزیری دارایی وتی: "بوونی شێخ باز وەک کەسێکی تەکنیکی، بۆ ئێمە زۆر گرنگ بو، سودى زۆرمان لێی بینی، خۆزگە چەند کەسێکمان بەو توانا و لێهاتوییە هەبوایە". , لە بەشێکى ترى ئەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند: "تاوەکو ئێستا بودجەی عێراق لە قۆناغی پڕۆژەدا ماوەتەوە و هێشتا ڕێککەوتنی تەواو نەکراوە و چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی حکومەتی عێراقین". , ئامانج ڕەحیم ئاماژەی بەوەشکرد: "پێدانی نەوتەکەمان بە سۆمۆ بەهانەی عێراق ناهێڵێت، ئەگەر حکومەتی عێراق پرۆژەیاساى بودجە نەنێرێتە پەرلەمان، ئەوا مووچە هەموو عێراق پەکی دەکەوێت نەک تەنها هەرێم". , سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران وتیشی: "عێراق لە ساڵی 2003ەوە بڕی 62 ملیار دۆلار قەرزی وەرگرتوە، کە بەشێک لە قەرزەکان پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە نییە و ئێستاش 18 ترلیۆن دینار لە بودجەی عێراق بۆ قەرزە و لەسەر دانەوەی قەرزەکای لەگەڵ عێراق ڕێککەوتوین". , هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ڕایگەیاند: "داتاکانمان لەبارەی قەرزەکان دەخەینە بەردەم حکومەت عێراق، دواتر لیژنە دروستدەکرێت و بڕیاری لەبارەوە دەدرێت و هەندێک میکانزیمیشمان داناوە کە دانەوەی قەرزەکانی هەرێم و مووچە نەدراوەکانمان لەلایەن عیراقەوە ڕیک دەخات". , ئومێد سەباح جەختی لەوەشکردەوە: "حکومەتی عێراق لەساڵی 2015ەوە پلانی ئەوەی هەبو کە وەکو پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام لە کۆبوونەوەکانماندا ئێمە ریگەمان لەوە گرت و قەوارەى هەریمی کوردستانامان پاراست". , ,