گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە ئەگەرى ڕێکنەکەوتنى هەولێر و بەغداد چارەنوسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چی لێدێت؟

2019.12.05 - 09:13
لە ئەگەرى ڕێکنەکەوتنى هەولێر و بەغداد چارەنوسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چی لێدێت؟
ناس کورد- وتەکەى عەبدولمەهدى کە ڕایگەیاند حکومەتى کاربەڕێکەر ناوانێت پرۆژەبودجە ڕەوانەى پەرلەمان بکات، خەریکە ڕێسەکەى ڕێککەوتنى نێوان هەرێم و بەغداد دەکاتەوە بەخورى، تا ئێستاش ڕێککەوتنی کۆتایی سەبارەت بە بەشە بودجەى هەرێم و ناردنی نەوت نەکراوە، پەرلەمانتارێکی هەرێمیش دەڵێت، ڕێککەوتنیش نەکرێت "مووچە فەرمانبەرانى هەرێم وەک ساڵی پێشتر خەرج دەکرێت". , ‌هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمانی کوردستان لە نوسینێکیدا لە فەیسبووکى خۆى دەڵێت: "عادل عەبدولمەهدی، بە فەرمی وتویەتی، لەبەرئەوەی حکومەتی کاربەڕێکەرن ناتوانن پرۆژەبودجەی 2020 ڕەوانەی پەرلەمان بکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە حکومەتی هەرێم لە 3ی ئەم مانگە رێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر بودجەی 2020 راگەیاندبو، بەجۆرێک  لە ساڵی نوێوە ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل لە نەوتی هەرێم ڕادەستی سۆمۆ بکرێت، بەرامبەر ئەوەی بەغداد مانگانە 11 تریلیۆن و500 ملیار دینار بداتە هەرێم". , ئەو پەرلەمانتارەى کوردستان پرسیاری ئەوەی کردووە "ئەگەر بودجە ڕەوانە نەکرێت، چارەنووسی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا چی بەسەر دێت؟ مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان چی لێ دێت، بەغدا ئەو بەشەی دەنێرێت، دەبڕدرێت؟". , لە وەڵامى ئەو پرسیارانەدا هێڤیدار ئەحمەد دەڵێت: "بەگوێرەی یاسای بودجەى 2019 ئەگەر هاتو بودجە دواکەوت یان پەسەند نەکرا، ئەوا یەک لەسەر 12ی بودجەی ساڵی پێشتر خەرج دەکرێت تا بودجەی ساڵی نوێ پەسەند دەکرێت، واتە مووچە و خەرجی دامودەزگاکانی حکومەت وەک ساڵی پێشتر خەرج دەکرێ، بەڵام بودجەی وەبەرهێنان نابێت". , جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانى کوردستان باسی لەوەشکردووە: "بەو پێیەبێت حکومەتی عێراق بەگوێرەی بودجەی 2019 پشکی هەرێمی کوردستان لە مووچە دەنێرێت کە 452 ملیار دینارە". , ئەوەش دوای ئەوە دێت کە شەوی ڕابردوو عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: "بۆ ئەوەی بتواندرێت ڕێککەوتنەکان واژوو بکرێن و بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە  پێویسته‌ به‌ زوترین كات سه‌رۆكوه‌زیرانێكی نوێ ده‌ستنیشان بكرێت". , هێڤیدار ئەحمەد لەبارەى شیکارى بۆ دابینکردنى مووچەى فەرمانبەران هەرێم ئەوەى خستوەتەڕو: "دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران لە مانگێکدا پیویستی بە 882 ملیار دینارە، ئەویش بەم شیوەیە دابیندەکرێت، 452 ملیارى بەغداد کە دەکاتە 51%ی مووچەی مووچەخۆران، 360 ملیار دینار داهاتی نەوتی هەرێم، 60 ملیار دینار داهاتی وەزارەتی دارایی و 25 ملیار دیناریش هاوکاری ئەمریکا بۆ هێزەکانى پێشمەرگە". , ,