گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕۆژ تا ئێوارە وشەمان دەکردە دەستە گوڵی بەھار و لە یەخەی یەکترمان دەدا

نوسینێکى دڵهەژێن لە شیرینەوە بۆ شەهیدى قەڵەم کاوە گەرمیانى

2019.12.04 - 20:34
نوسینێکى دڵهەژێن لە شیرینەوە بۆ شەهیدى قەڵەم کاوە گەرمیانى
ناس کورد- شیرین کاوە گەرمیانی، ڕۆژێک پێش ساڵیادی شەهیدکردنی هاوسەرەکەی نوسینێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە: "ئازیزی من دەبێت چ لەوە پیرۆزتر بێت کە بە سادەیی ژیای و بە گەورەیی مردیت، پیرۆزت بێت تاجی پادشایەتیی قەڵەمەکان، دەک ڕسوابن جەلاد و خوێنمژانی دەنگ و ڕەنگی ئازادیخوازان". , شیرین ئەمین، هاوسەرى شەهید کاوە گەرمیانی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نوسینێک و وێنەی ماڵەکەی خۆی و کاوە گەرمیانی بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتی: "ئالەم کۆشکەدا ھەموشەوێک تا بەیانی عیشق ئاوازی بۆ خۆشەویستیمان دەچڕی، ڕۆژ تا ئێوارە وشەمان دەکردە دەستە گوڵی بەھار و لە یەخەی یەکترمان دەدا، دەزانن سەختی ژیان ئێمەی لە ئومێدی گێڕانەوەی چیرۆک بۆ ئامەد وەڕس نەکردبو". , هاوسەرەکەی شەهید کاوە گەرمیانی، کە ئێستا پەرلەمانتارە لە فراکسیۆنی گۆڕان و سەرۆکی لیژنەی دەستپاکییە لە پەرلەمانی کوردستان پرسیویەتی: "ئەرێ کاوە نەیدەتوانی بە پیاھەڵدان بەسەر بەژنی بەرپرسان و بە پاروی چەور ئامەد گەورە بکات؟". , "کاوە لەکەس نەدەچوو، نە لە ڕەنگی مرۆڤەکان، نە لە بۆنی پارە، نە لە تامی ھیچ خوان و خواردنەوەیەک، بەڵام کاوە بە قەڵەمێکی نوک تیژەوە سەنگەری لە جەلادەکان گرتبو، کاوە بۆخۆی نەژیا، خەمی گەرمیانی ھەڵقرچاو لە ئەنفال، خەمی سەدەھا گەنج و پیر و لاوی ھەڵگرتبو، کاوە لەو کوخەدا شەوان خەوی لەچاوی دەیەھا بەرپرسی نێو کۆشکەکان دەھەژاند و لەنێو تاکە ژورێکی وێران و پەنجەرەى ڕزیو دەیان ھەواڵی دەگەیاندە میدیاکان و پەردە ڕەشەکانی سەر ژیانی جەلادەکانی ھەڵدەدایەوە، کاوە لێرە بە مەردی ژیا، نە ژیانی و نە قەڵەمەکەی نەفرۆشت"، شیرین کاوە گەرمیانی وای نوسیوە. , باسی لەوەشکردووە: "خۆ ئەویش دەیتوانی چاو لەئاستی ھەق دابخات، قەڵەمەکەی بفرۆشێت، بە شانوباڵی بەرپرس ھەڵبدات و ژیانێکی شاھانە بۆخۆی دەستەبەر بکات، بەڵام نا کاوە حەق بێژبوو ئەو دەیزانی ئەو ڕێگایە سەختە کە ھەڵیبژاردووە، دەیزانی ئەو ڕۆژە هەر دێت ژەھری ئەژیدھاکانی نێو وڵات بخواتەوە، کاوە زۆرباش دەیزانی باجی ئەو ھەقە دەدات". , شیرین لە کۆتایی نوسینەکەیدا دەڵێت: "ئازیزی من دەبێت چ لەوە پیرۆزتر بێت کە بە سادەیی ژیای، بەڵام بەگەورەیی مردیت، پیرۆزت بێت تاجی پادشایەتی قەڵەمەکان، دەک ڕسوابن جەلاد و خوێنمژانی دەنگ و ڕەنگی ئازادیخوازان". , بڕیارە سبەی پێنجشەممە 5ی کانونی یەکەمی 2019، بەبۆنەى تێپەڕینى شەش ساڵ بەسەر شەهیدکردنی کاوە گەرمیانیدا، چەند چالاکی و مەراسیمێک لە کەلار بەڕێوەچن، کە بریتین لە "مەراسیمی دانانی تاجەگوڵینە لەسەر گڵکۆی شەھیدی قەڵەم (کاوە گەرمیانی)، گۆڕستانی کەلاری کۆن، کاتژمێر (10)ی بەیانی، مەراسیمی سەرەکی و دابەشکردنی خەڵاتی ساڵانەی شەھیدی قەڵەم (کاوە گەرمیانی)، ھۆڵی بەڕێوبەرایەتی رۆشنبیریی گەرمیان، تەنیشت قوتابخانەی شەھید ئارام، کاتژمێر (3)ی دوانیوەڕۆ، مەراسیمی تایبەت لە ژوری شەھیدی قەڵەم (کاوە گەرمیانی)، لە ماڵی شەھید لە گەڕەکی سەرکەوتن، کاتژمێر (8.30)ی شەو". , ,