گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مەکتەبی سیاسی یەکێتى لەبارەى کۆنگرەوە بڕیاریدا

2019.12.03 - 21:09
مەکتەبی سیاسی یەکێتى لەبارەى کۆنگرەوە بڕیاریدا
ناس کورد-   مەکتەبی سیاسی یەکێتى نیشتیمانى کوردستان کۆبووەوە و بڕیاریدا پرسی دواخستن یان ئەنجامدانى کۆنگرە لەوادەى خۆیدا بداتە دەست ئەنجومەنى سەرکردایەتى. . ڕزگار عەلى ئەندامى مەکتەبی سیاسی یەکێتى بە ناس کوردى ڕاگەیاند "لەکۆبوونەوەى ئەمڕۆدا بڕیاردرا ئەنجومەنى سەرکردایەتى رابسپێردرێت بۆ ئەوەى پرسی ئەنجامدان یان دواخستنى کۆنگرە یەکلایی بکاتەوە". . بڕیارە ڕۆژى حەوتى ئەم مانگە کۆنگرەى چوارەمى یەکێتى ببەسترێت، بەڵام چەند ڕۆژێکە پرسى دواخستنى کۆنگرە بەگەرمى باسى لێوەدەکرێت. . ئەمرۆ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەرپرسی ناوەندی دەرەوەی یەكێتی ڕایگەیاندبوو، بیستویەتى کە کۆنگرەى یەکێتى بۆ ماوەیەک دوادەکەوێت. . ئەمە یەکەمجار نییە پرسی دواخستنى کۆنگرەى یەکێتى دەبێتە پرسێکى گەرم، مانگى ڕابردووش بەهەمانشێوە ئەو پرسە وروژێنرا، بەڵام دواتر فەرمى ڕەتکرایەوە. . کۆنگرەى ئەمجارەى یەکێتى کە چوارەم کۆنگرەى ئەو حزبەیە، دواى شەش ساڵ دێت لە دواکەوتنى لەوادەى خۆیدا. . یەکێتى نیشتیمانی کوردستان لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە ساڵی 1975، سێ کۆنگرەی بەستووە و لە 1ی حوزەیرانی 2010یش کۆتا کۆنگرەی خۆی بەست، کە کۆنگرەی سێیەمی ئەو حیزبە بوو، لە کۆنگرەکەدا بڕیاردرا مانگی 10ی 2013 کۆنگرەی چوارەم ببەستن، بەڵام یەکێتی نەیتوانی لەو وادەیەدا کۆنگرە ببەستێت و دواتر بە پلنیۆمێک وادەی کۆنگرەی بۆ شەش مانگ دواخست. . یەکێتى لە ساڵى 2010دا کۆنگرەى سێهەمى بەست و دواى ئەوە بەهۆى نەخۆشکەوتن و پاشان کۆچى دوایى مام جەلال سکرتێرى گشتى ئەو حزبە و کێشەنێوخۆییەکانى یەکێتى کۆنگرەى چوارەم ئەنجام نەدرا و زۆر لەوادەى دیاریکراوى خۆى دواکەوت.