گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەشى زمانى چینى لە زانکۆى سەڵاحەدین کرایەوە

وەزیرى خوێندنى باڵا: زانکۆکانی کوردستان ئامادەن بۆ پیشوازیکردن لە خوێندکارانى وڵاتى چین

2019.12.03 - 15:26
وەزیرى خوێندنى باڵا: زانکۆکانی کوردستان ئامادەن بۆ پیشوازیکردن لە خوێندکارانى وڵاتى چین
ناس کورد- بەشى زمانى چینى لە زانکۆى سەڵاحەدین لە هەەولێر کرایەوە، بۆ ئەمساڵى خوێندنیش 18 خوێندکار لەو بەشە وەرگیراون بۆ بەدەستهێنانى بڕوانامەى بەکالۆریۆس لە زمانى چینى. , ئەمڕۆ 3ى کانونى یەکەمى 2019، لە ڕێوڕەسمێکدا لە هەولێر بە ئامادەبوونى کونسوڵى گشتیى چین لە هەرێم و بەشێک لە بەرپرسانى هەرێم، بەشى زمانى چینى لە زانکۆى سەڵاحەدین کرایەوە، ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا لەو مەراسیمەدا ڕایگەیاند: "هیوامان وایە کردنەوەی بەشى زمانى چینى ببێتە مایەی زیاتر پتەوکردنی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری میلی چین". , وەزیرى خوێندنى باڵا ئەوەشى خستەڕو: "کۆماری میلی چین یەکێکە لە ئابوریە بەهێزو کاریگەرەکانی جیهان، دەوڵەتێکی بەهێزی پیشەسازییە و لەڕوی ئابورییەوە زۆر بەخێرایی گەشە دەکات و کەرتی خوێندنی باڵاش لە چین زۆر کاریگەر و فراوانە، زانکۆکانی ئەم وڵاتە لە ڕیزبەندی باشترین زانکۆکانی جیهانن، لەبواری خەرجییەکانی توێژینەوە و پەرەپێدان لەسەر ئاستی جیهان لە ڕیزبەندی دوەمدان، بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی (World Bank) خەرجی توێژینەوە و پەرەپێدان لە کۆماری میلی چین لە ساڵی 2019دا دەگاتە 500 ملیار دۆلار، کە دەکاتە 22%ى خەرجی توێژینەوە و پەرەپێدانی هەمو جیهان". , ئارام محەمەد قادر ئاماژەى بەوەشکرد، ئەوان هیوا دەخوازن بتوانن پەیوەندی زیاتر لەگەڵ زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای کۆماری میلی چین دروست بکەن، وتیشی، دەیانەوێت بە هاوکاری لەگەڵ کونسوڵی گشتی ئەو وڵاتە کار بکەن بۆ رەخساندنی هەماهەنگی زانستی و ئاڵوگۆڕی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران و ئەنجامدانی کار و توێژینەوەی هاوبەش لەگەڵ زانکۆکانی چین. , وەزیرى خوێندنى باڵا ڕاشیگەیاند، زانکۆکانی کوردستان ئامادەن بۆ پیشوازیکردن لەو خوێندکارانەی چین کە دەیانەوێت لە هەرێم بخوێنن لە ئاستی بەکالۆریۆس و خوێندنی باڵا، هەروەها پیشوازی لەو خوازیارانەش دەکات کە دەیانەوێت بۆ وەرگرتنی کۆرسی کورت خایەن یان بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی بێنە هەرێمی کوردستان. , بەگوێرەى ڕاگەیەندراوێکى خوێندنى باڵاى هەرێم، هەر لە ڕێوڕەسمى کردنەوەى بەشى زمانى چینى لە زانکۆى سەڵاحەدین، هەریەک لە ئەحمەد دزەیى، سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین و نی روچى، کونسوڵى گشتیى چین لە دوو وتەى جیادا، ئاماژەیان بە گرنگى و هەنگاوەکانى کردنەوەى بەشى زمانى چینى لە کۆلێژى زمانى زانکۆى سەڵاحەدین کردووە، ئەوەش ئاشکراکراوە بۆ ساڵى خوێندنى 2019-2020، ژمارەى خوێندکارانى وەرگیراو لەو بەشە نوێیە بریتییە لە 18 خوێندکار.