گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

سیناریۆکان تاڕادەیەک دژبەیەکن

سێ سیناریۆ بۆ شوێنگرەوەى عەبدولمەهدی.. سیناریۆی دووەم لای سەدرە

2019.12.03 - 12:15
سێ سیناریۆ بۆ شوێنگرەوەى عەبدولمەهدی.. سیناریۆی دووەم لای سەدرە
ناس کورد- ڕۆژنامەى ئەخباری لوبنانی سەر بە حزبوڵا باسی لە سێ سیناریۆ کردووە بۆ دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ و دەڵێت، دەستلەکارکێشانەوەى عەبدولمەهدی نەک هەر نەیتوانی توڕەیی و داواکاریی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان دابمرکێنێتەوە کە وا پێ دەنێتە مانگی سێیەمییەوە، بەڵکو خۆپیشاندەران سەقفی داواکارییەکانیان بەرزترکردووەتەوە بۆ لەسەرکارلابردنی بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمار و محەمەد حەلبوسی، سەرۆکى پەرلەمانی عێراق. . لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە، 3ی کانونی یەکەمی 2019، بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، "لەئێستادا هێزە شیعەکان لەهەوڵدان بۆ دۆزینەوەى ڕێگەچارەیەکی گونجاو بۆ جێگرەوەى عەبدولمەهدی کە یەکەمجار لێڤەگەڕی (مەرجەع) ئاینی پێی ڕازی بێت و دواتریش خۆپیشاندەران." . پەرلەمانتارێکی فەتح بە مەرجی بڵاونەکردنەوەى ناوەکەى بە ڕۆژنامەکەى وتووە، "دوای ڕۆژێک لە ڕاگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەى عەبدولمەهدی، نوری مالکی، سەرۆکى هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و عەمار حەکیم، سەرۆکى ڕەوتی حیکمە و هادی عامری، سەرۆکى هاوپەیمانی فەتح کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵییان ئەنجامداوە بۆ تاوتوێکردن و دیاریکردنی تایبەتمەندییەکانی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو، هەرسێ لایەنیش ڕێککەوتوون کە پێویستە سەرجەم لایەنەکان بەشداری دیاریکردنی بن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەى سیناریۆی ڕاسپاردنی عەبدولمەهدی." . بەپێی ڕاپۆرتەکە، "سەرباری ئەو ڕێککەوتنە، هێشتا سیناریۆی بەربژێرکردنی کەسێکی تایبەتمەند کە تێکەڵەیەک بێت لە تایبەتەندییەکانی لێڤەگەڕی ئاینی و داواکاری خۆپیشاندەران، پێویستە کەسێکی بڕیاردەر و بەهێز بێت تاوەکو کۆتایی بە قەیرانی خۆپیشاندەران بهێنێت بە مەرجێک سەربەخۆ و تەکنۆکرات بێت." . بەڵام ئەو سیناریۆیە هەمان سیناریۆی ڕاسپاردنی عەبدولمەهدی دووبارەدەکاتەوە کە وەک "کەسێکی سەربەخۆ" بە شەقام ناسێنرا و هاوکات پێچەوانەى پێشنیازەکەى سائیرونە کە سیناریۆی دووەمە. . هاوپەیمانی سائیرونی ڕەوتی سەدر کە خۆی بە فراکسیۆنى گەورەى پەرلەمان دەزانێت و دەستبەرداربوونی خۆی لە مافی دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ ڕاگەیاند و خستیە ئەستۆی سەرۆککۆمار، هاوکات خۆپیشاندەرانیشی بە "فراکسیۆنى گەورە" ناوبردووە بۆئەوەى ئەوان دیاری بکەن. .

لەو چوارچێوەشدا، سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار دەڵێت، "سائیرون هانی چەند گروپێکی خۆپیشاندەرانی داوە کە عەبدولوەهاب ساعیدی، فەرماندەى پێشووی هێزەکانى دەزگای دژە تیرۆر وەک "بەربژێری گەل" ڕابگەیەنن و متمانەى پێبدەن، بەڵام ئەو بۆچوونە دژە لەگەڵ بۆچوونی هێزە شیعییەکان و کورد کە پۆستی سەرۆک وەزیران بدەنە دەستی کەسێک کە پێشینەى سەربازی هەیە."

. بەڵام سیناریۆی سێیەم بە چواردەوی دوو کەسایەتیدا خول دەخوات، بەپێی چەند زانیارییەکی ڕۆژنامەکە، "هاوپەیمانی بنیادنانی هادی عامری و نوری مالکی، بەشێک لە هێزە کوردییەکان و هاوپەیمانی "قوای عێراقییە" کە گەورەترین فراکسیۆنى سونەکانە بە سەرۆکایەتى محەمەد حەلبوسی، 177 واژۆیان لە پەرلەمان کۆکردووەتەوە بۆ بەربژێرکردنی ئیبراهیم بەحرلعلوم، وەزیری نەوتی پێشوو، یاخود جەعفەر سەدر، باڵیۆزی ئێستا عێراق لە لەندەن کە سەر بە بەرەی ئەمریکی -خەلیجی ناسراوە و ناگونجێ لەگەڵ بەرەی ئێرانیدا."