گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

پارە و پێداویستیى تەرخانکراو بۆ منداڵانى بێسەرپەرشت دیار نەماون

دوو بەرپرسی حکومی لە سلێمانی لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و ناس کورد وردەکارى بڵاودەکاتەوە

2019.12.02 - 18:45
دوو بەرپرسی حکومی لە سلێمانی لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و ناس کورد وردەکارى بڵاودەکاتەوە
ناس کورد- دوو بەرپرسی باڵای سەر بە وەزارەتی کار و کاروبارى کۆمەڵایەتی لە شاری سلێمانی لەکارەکانیان دوورخراونەتەوە، ناس کوردیش لە بەدواداچوونێکیدا وردەکارى ئەو دۆسییەیە دەخاتەڕو کە ئەو دوو بەرپرسەى لەسەر دوورخراونەتەوە. , لەسەرەتای مانگی ڕابردوو بە فەرمانێکی وەزاری لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر چەند کەمتەرخەمی و چەند سکاڵایەک لەسەر هەریەکە لە بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی و بەڕێوەبەری خانەی نەوجەوانانی کچانی سلێمانی پێکهێنا، لە ئەنجامدا بە بڕیاری لیژنەکە هەردوو بەڕێوەبەرەکە "سزا دران و لەکارەکانیان دوورخرانەوە". , فوئاد سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەو هەواڵەی بۆ ناس کورد پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند: "پێش مانگێک وەزارەتمان لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو کەمتەرخەمیانەی لەو چەند خانەی بێسەرپەرشتانە هەبون، لیژنەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە دەبێت ئەو دوو بەڕێوەبەرە ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر، بۆیە لابراون، بە دڵنیاییەوە کەمتەرخەمییەکیش هەبوە بۆیە سزادراون". , ئەو بەرپرسەى وەزارەتی کار ڕەتیکردەوە، وردەکارى لەسەر دوورخستنەوەى ئەو بەڕێوەبەرانە بخاتەڕو و وتی: "ئەو بابەتە هی میدیا نییە و کێشەیەکی کارگێرییە، کەمتەرخەمی هەبوە و لابراون". , لاى خۆیەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی کە ناوەکەى لاى ناس کورد پارێزراوە ئاشکرایکرد: "لەلایەن حکومەت و چەند ڕێکخراو و چەندین خێرخوازەوە پارە و هاوکاری و یارمەتی بۆ ئەو منداڵانە دابین کراوە، بەڵام کەمتەرخەمییەکی زۆر هەبوە لە خەرجکردنی ئەو هاوکاریانە بۆ ئەو منداڵانە و پارەکە کە ڕادەستی بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی کراوە، کە ئێستا لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە، دیار نەماوە و خەرج نەکراوە". , ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد: "لەکاتێکدا ئەو هەموو پارە و پێداویستی و جلوبەرگە بۆ ئەو خانانە تەرخان کراون، بەڵام زۆرینەی کات ئەو منداڵانە وەک پێویست ژەمە خواردنەکانیان نەدراوەتێ و ئەو جلوبەرگ و پۆشاکانەیان نەدراوەتی کە لەلایەن ڕێکخراو و خێرخوازانەوە بۆیان دابین کراون، هەروەها ئەو پارانەش کە بۆ کڕینی پێداویستی بۆ منداڵەکان تەرخان کراوە، بۆیان خەرج نەکراوە". , هاوکات ناسک ئیسماعیل، یاریدەدەری سەرپەرشتیار لە بەشی پاراستنی منداڵ سەربە ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان تایبەت بە ناس کوردى وت: "لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا کە حکومەتی هەرێم قەیرانی هەبوە ڕێکخراوەکەمان چەندین جار یارمەتیان پێشکەش بە خانەی منداڵان و خانەی نەوجەوانان کردووە و چەندین مامۆستا و توێژەری کۆمەڵایەتی و دادە و کارمەندمان بۆیان داناوە". , لەبارەى ئەو دۆسییەیەشەوە ئەوەى ڕاگەیاند، ئەوان ئاگادارى ئەو دۆسییەیە هەن بەڵام بەهۆى ئەوەى بە بڕیارێکى کارگێڕى وەزارەتى ناوبرد ئامادە نەبو قسەى لەبارەوە بکات. , کەسێکى ئاگادار کە ڕۆژانە سەردانى خانەکانى بێسەرپەرشتان دەکات و نەیویست ناوەکەى ئاشکرا بکرێت، بە ناس کوردى ڕاگەیاند: "چەندین ڕێکخراو و خێرخواز لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هاوکاری ئەو خانەنەیان کردووە، بەڵام بەشیک لە هاوکارییەکان دابەش نەکراون بەسەر منداڵەکاندا و دیار نەماون". , ئەوەشى خستەڕو: "یەکێک لەو کێشانەی کە بوەتە هۆی دوورخستنەوەی ئەو بەڕێوەبەرانە ئەوە بوە، منداڵانى خانەى بێسەرپەرشتان لەڕوی پەروەردەییەوە بەتەواوەتی پشتگوێخراون، تەنانەت هەندێک لە منداڵەکان لەکاتی نەخۆشیشدا گرنگیان پێنەدراوە، بۆیە سکاڵا تۆمارکراوە لەلایەن چەند کەسێکی ئاگادار لەو دۆخەوە، بۆیە بەڕێوەبەرەکان دوورخراونەتەوە". , ,