گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپێی ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ هەرێم

وەزیرى نەوتى عێراق: ئاستى هەناردەى نەوتى هەرێم دەبێت 450 هەزار بەرمیلى ڕۆژانە بێت

2019.12.01 - 21:25
وەزیرى نەوتى عێراق: ئاستى هەناردەى نەوتى هەرێم دەبێت 450 هەزار بەرمیلى ڕۆژانە بێت
ناس کورد- وەزیرى نەوتى عێراق ڕایگەیاند، بەپێی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ هەرێم، ئاستى بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێم دەبێت 450 هەزار بەرمیلى ڕۆژانە بێت، لەو بڕەش 250 هەزار بەرمیلى ڕادەستى بەغدا بکات. . سامر غەزبان لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان لە بەغدا ئاماژەى بەوەکرد، لە ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ هەرێم ئاستى بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێم بە 450 هەزار بەرمیل دیاریکراوە، کە 250 هەزار بەرمیلى ڕادەستى بەغدا دەکرێت و 200 هەزار بەرمیلەکەى دیکەش بۆ پێدانەوەى قەرزى کۆمپانیا نەوتییەکان بەکاردەهێنرێت. . وتیشى "ڕێکخراوى ئۆپیک و هاوپەیمانەکانى، تاوتوێی کەمکردنەوەى زیاترى بەرهەمهێنانى نەوت دەکەن بە نزیکەى 400 هەزار بەرمیلى ڕۆژانە، بەوەش ئاستى کەمکردنەوەکە دەگاتە 1.6 ملیۆن بەرمیلى ڕۆژانە". . سامر غەزبان باسى لەوەشکرد، پابەندەبن بە کەمکردنەوەى بەرهەمهێنانى نەوتەوە، ڕێککەوتنەکەشیان لەگەڵ هەرێم بۆ دیاریکردنى ئاستى بەرهەمهێنان یارمەتیدەریان دەبێت لەو بارەیەوە. . ئەوەشى خستەڕوو، خۆپیشاندانەکانى بەغدا و پارێزگاکانى دیکە، کاریگەرییان لەسەر ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت نەبووە لە عێراق. . وتەکانى وەزیرى نەوتى عێراق لەکاتێکدایە، بەپێی ئامارە نافەرمییەکان هەناردەى نەوتى هەرێم نزیکبووەتەوە لە 500 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانە. . هەردوو حکومەتى هەرێم و بەغدا چەند مانگێکە سەرقاڵى دانوستانن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر نەوت و بودجە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوون بە ڕێککەوتنى کۆتایی. . ئەمرۆش هەردوو شاندى هەرێم و بەغدا جارێکى تر بۆ گەیشتن بە رێککەوتن کۆبوونەوە، بڕیاریشە سبەینێ جارێکى تر کۆبنەوە. . خالید شوانی، ئەندامی شاندی دانوستانکاری هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند، سبەینێ دوبارە هەردوو شاندەکە کۆدەبنەوە و بە “ئەگەرێکی زۆرەوە” ڕێککەوتنی کۆتایی واژۆدەکرێت.