گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

هاوپەیمانێتییەکەى سەدر دەستبەرداریی پۆستەکە بوو

سەرۆک کۆمار و کوتلەکان گفتوگۆ بۆ دیاریکردنى کاندیدى سەربەخۆ بۆ سەرۆک وەزیران دەستپێدەکەن

2019.12.01 - 17:44
سەرۆک کۆمار و کوتلەکان گفتوگۆ بۆ دیاریکردنى کاندیدى سەربەخۆ بۆ سەرۆک وەزیران دەستپێدەکەن
ناس کورد-   ڕاوێژکارێکى سەرۆک کۆمارى عێراق ڕایگەیاند، دواى ڕاسپاردنى لەلایەن پەرلەمانەوە، سەرۆک کۆمار دەستدەکات بە ڕاوێژکردن لەگەڵ کوتلەکانى پەرلەمان بۆ دیاریکردنى کەسێکى سەربەخۆ بۆ سەرۆک وەزیران. . ئەمڕۆ پەرلەمانى عێراق دەستلەکارکێشانەوەى عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى عێراقى پەسەندکرد و داواشى لەسەرۆک کۆمار کرد، لەماوەى 15 ڕۆژدا کەسێک بۆ پێکهێنانى حکومەت دیاریبکات. . حەسەن جیهاد ڕاوێژکارى سەرۆک کۆمارى عێراق بە ناس کوردى ڕاگەیاند "سەرۆک کۆمار ڕاوێژ لەگەڵ کوتلە سیاسییەکان دەکات، بۆ دیاریکردنى کەسێکى سەربەخۆ بۆ سەرۆک وەزیران کە جێگەى ڕەزامەندى شەقام بێت، بۆ ئەوەى سەرۆکایەتى حکومەت لە قۆناغى ڕاگوزەردا بکات تا ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمان". . وتیشى "ئەم کارانە گرنگن بۆ ئەوەى ڕێوشوێنە دەستورییەکان بچنە سەر سکەى خۆیان، سەرۆک کۆمار ئەمڕۆ ڕاسپێردراوە و بەم نزیکانە دەست بە ڕاوێژکردن دەکات لەگەڵ کوتلە سیاسییەکاندا". . لەگەڵ پەسەندکردنى دەستلەکارکێشانەوەى عەبدولمەهدى لەلایەن پەرلەمانەوە، بەشێک لە پەرلەمانتاران داوایان لەسەرۆک کۆمار کردووە کەسێک بۆ سەرۆک وەزیران دیاریبکات کە لەدواى ساڵى 2003 ەوە هیچ پۆستێکى لە پەرلەمان و حکومەتدا نەبوبێت. . لەو بارەیەوە حەسەن جیهاد وتى "پەرلەمان لە ژێر کاریگەریى شەقامدایە، چونکە شەقام داوایەکى لەو شێوەیە دەکات، کە داوادەکەن سەرۆک وەزیرانى نوێ لەم چینە سیاسییە نەبێت و وەزیر و پەرلەمانتار نەبوبێت و بەرپرسیارێتیان نەبوبێت، بەڵکو سەربەخۆ بێت و لاى شەقام قبوڵکراو بێت، ئەگینا ئەو ناڕەزاییەى لە شەقام هەیە کپنابێتەوە". . حەسەن جیهاد پێیوایە، تێپەڕاندنى ئەم دۆخەى ئێستا "قورسە، هەوڵێکى گەورەى دەوێت تا بتوانیت خۆپیشاندەران ڕازى بکەیت، دەبێت قەناعەتیان پێبکرێت، هەموو لایەکیش هەوڵبدەن قەناعەتیان پێ بکەن، ئەوەى ئەوان دەیانەوێت دێتە دى، حکومەت نەما، پەرلەمانیش هەڵبژاردنى بۆ دەکرێت". . بەپێی دەستور لەکاتى دەستلەکارکێشانەوەى سەرۆک وەزیراندا، سەرۆک کۆمار بەشێوەیەکى کاتى دەسەڵاتەکانى سەرۆک وەزیران وەردەگرێت، بەڵام حەسەن جیهاد پێیوایە، ئەوە شتێکى ئاڵۆزە، سەرۆک کۆمار ئیستا کار لەسەر ئەوە دەکات لەگەڵ کوتلەکان کۆبێتەوە بۆ ئەوەى کاندیدێک دیارى بکەن بۆ سەرۆک وەزیران کە شەقامیش پێی ڕازى بێت. . جەختیشیکردەوە، مەرج نییە لەماوەى یەک دوو ڕۆژدا سەرۆک وەزیرانى نوێ دیاریبکرێت، بەڵکو تا 15 بۆ 20 ڕۆژ ماوە هەیە، بەڵام دەبێت پەرلەمانیش یاساى هەڵبژاردن و کۆمسیۆن لەم هەفتەیەدا یەکلایی بکاتەوە". . دواى پەسەندکردنى دەستلەکارکێشانەوەى عادل عەبدولمەهدى، حکومەتى ئێستا بووە حکومەتى کاربەڕێکەر و تا دیاریکردنى کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیران و متمانەپێدانى لەلایەن پەرلەمانەوە عەبدولمەهدى سەرۆکایەتى حکومەتى کاربەڕێکەر دەکات. . تا ئێستا هیچ کوتلەیەک داواى پۆستى سەرۆک وەزیرانى نوێی نەکردووە، لەکاتێکدا سالێک لەمەوبەر و دواى هەڵبژاردنى پەرلەمان ناکۆکى قوڵ کەوتە نێوانیانەوە لەسەر ئەو پۆستە، تا دواجار لەسەر عەبدولمەهدى وەکو کاندیدێکى جێگەى ڕەزامەندى هەموان ڕێککەوتن. . تا ئێستا دیار نییە ئەمجارەش مشتومڕ لەو بارەیەوە سەرهەڵدەداتەوە یاخود نا، بەڵام پێناچێت لەبەر فشارى شەقام و خۆپیشاندەران هیچ کوتلەیەک داواى پۆستەکە بکات. . هاوپەیمانى سائیرون کە خاوەنى زۆرترین کورسییە لە پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، دەستبەرداریی داواى وەرگرتنى پۆستى سەرۆک وەزیرانى نوێ بووە. . جەواد موسەوى پەرلەمانتارى سائیرون لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەى بەوەکرد، سەرۆک کۆمار دەزانێت کە ئەوان دەستبەرداریی مافى خۆیان بوون لەو بارەیەوە، ڕازین لەسەر ئەو کاندیدەى گەل بۆ سەرۆک وەزیران کاندیدى دەکات.