گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمان دەستلەکارکێشانەوەى عەبدولمەهدی پەسەند کرد

2019.12.01 - 14:32
پەرلەمان دەستلەکارکێشانەوەى عەبدولمەهدی پەسەند کرد
ناس کورد- پەرلەمانی عێراق دەستلەکارکێشانەوەى عادل عەبدولمەهدی پەسەند کرد بە پشتبەستن بە مادەى 75ی دەستوری عێراقی. . بەختیار شاوەیس، پەرلەمانتاری فراکسیۆنى یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاند، "بە ئامادەیی 241 ئەندام و بەبێ دەنگدان، دەستلەکارکێشانەوەى عەبدولمەهدی پەسەند کرا و هیچ کەسێکیش دژایەتی نەکرد." . هێشتا دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەردەوامە و سەرۆکى پەرلەمانیش وتی، "بەپێی مادەى 76ی دەستور، داوا لە سەرۆک کۆمار دەکرێت سەرۆک وەزیرانی نوێ دیاری بکات." . ڕۆژی هەینی، 29ى تشرینی دووەمی، 2019، عادل عەبدولمەهدی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاند "بەهۆی ئەو دۆخە نالەبارەی کە وڵاتەکەمان پیایدا گوزەر دەکات، بەهۆی ئەوەی کە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا نەیانتوانیوە بە شێوەیەکی گونجاو مامەڵە بکەن وخوێنی عێراقییەکان بپارێزن، بۆیە پێویستە لەسەر ئەو پەرلەمانەی کە ئەم حکومەتەی ئێستا هێناوەتە کایە، کار بۆ ئەوە بکەن چۆن بەرژەوەندی عێراق وخوێنی عێراقییەکان بپارێزن". . لە راگەیەندراوەکەدا عەبدولمەهدی ڕوونیکردەوە "بۆ ئەوەی زیاتر دۆخەکە ئاڵۆزتر نەبێت بۆ ئەوەی ڕێکارەکان بە شێوەیەکی خێرا بەڕێوەبچێت بڕیارم دا بە نووسراوێکی فەرمی دەستلەکارکێشانەوەکەم پێشکەش بە پەرلەمانی عێراق بکەم  بۆ ئەوەی پەرلەمان دەرفەتی هەبێت بژاردەکانی تاوتوێ بکات".