گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

لێدوانی فەرمی بەغدا لەبارەى ڕێكکه‌وتن لەگەڵ هه‌رێم لەدوای دەستلەکارکێشانەوەى عەبدولمەهدی

2019.11.30 - 15:50
لێدوانی فەرمی بەغدا لەبارەى ڕێكکه‌وتن لەگەڵ هه‌رێم لەدوای دەستلەکارکێشانەوەى عەبدولمەهدی
ناس کورد-   وته‌بێژى حكومه‌تى عێراق ڕایگەیاند، هێشتا عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ و به ‌ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یشى، ڕێكکه‌وتنه‌كه‌ى هه‌رێم و به‌غدا هه‌ڵناوه‌شێته‌وه‌ و كارى پێده‌كرێت. . سه‌عد حه‌دیسى، وته‌بێژى حكومه‌تى عێراق تایبه‌ت به ‌ناس كوردى ڕاگه‌یاند: "تا ئێستاش عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانه‌، گه‌ر ئه‌وه‌ش ڕوبدات ئه‌وا حكومه‌ت وه‌كو كاربه‌ڕێكه‌ر ده‌مێنێته‌وه‌ و كاره‌كانى ڕۆژانه‌ى به‌ڕێوه‌ده‌بات." . وتیشی، "ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ ڕێکكه‌وتنى حكومه‌تى هه‌رێم و عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌ قۆناغێكى زۆر باشمان بڕیووه‌ و كاروباری دانیشتنه‌كان زۆر به ‌ئه‌رێنى و باشى له‌نێوان هه‌ردوولادا تێپه‌ڕیووه‌، له ‌ئاینده‌یه‌كى نزیكیشدا ڕێكه‌وتنه‌كه‌ ده‌گاته‌ قۆناغى كۆتایى." . وته‌بێژى فه‌رمى حكومه‌تى عێراق ئه‌وه‌شى دركاند کە بۆ جێبه‌جێكردنى ڕێكکه‌وتنه‌ نوێیه‌كه‌ میكانێزمێكى نوێتر بۆ مامه‌ڵه‌ى نێوان هه‌رێم و فیدراڵ له‌ ئاینده‌دا دیارى ده‌كرێت . . سه‌عد حه‌دیسى باسى له‌وه‌ش كرد، هێشتا ڕێكکەوتنەکە واژۆ نه‌كراوه‌ به‌ڵام قه‌ناعه‌تى ته‌واو و  تێگه‌یشتنى ته‌واو له‌سه‌ر ڕێكکه‌وتنه‌كه‌ كراوه‌ و حكومه‌تى فیدراڵیش سوره‌ له‌سه‌ر ڕێكکه‌وتنه‌كه‌ و بۆ ساڵى ئاینده‌ش ده‌چێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌. . "هەنگاوی باش نراوە و هێشتا گەشبینین" هاوکات جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند، "ئێمە لەگەڵ حکومەتى عێراق بەردەوامین، کۆمەڵێک کۆبوونەوە کراوە و هەنگاوی زۆر باش نراوە، خاڵی هاوبەشیش زۆرن و هێشتا گەشبینین." . وتیشی، "بەمزوانە هەڵوێستەکان ڕوون دەبنەوە و حکومەتى هەرێم پێیوایە دەبێت لەگەڵ حکومەتى عێراق ڕێکبکەوین بۆ زامنکردنی مافە دەستوری و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان. https://www.youtube.com/watch?v=rqB_Vvcf5Wg . نوێنەری حکومەتى هەرێم لە بەغدا ڕەتیکردەوە سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا دواخرابێت و ڕایگەیاند، "تا ئەم کاتە هیچ بڕیارێک نەدراوە بۆ دواخستنی سەردانەکە و بڕیارە سبەینێ شاندی هەرێم بگاتە بەغدا." . ئەمڕۆ شەممە، 30ی تشرینی دووەمی 2019، فارس عیسا، نوێنەری حکومەتى هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند، "سبەینێ شاندی هەرێم سەردانی بەغدا دەکەن بۆ گفتوگۆی چۆنیەتی هەموارکردنەوەى دەستور و ڕێککەوتنى کۆتایی لەسەر نەوت و بودجە."