گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوای دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولمەهدی چارەنوسی ڕێککەوتنەکەی هەرێم و بەغدا چی لێدێت؟ [تایبەت]

2019.11.29 - 21:06
دوای دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولمەهدی چارەنوسی ڕێککەوتنەکەی هەرێم و بەغدا چی لێدێت؟ [تایبەت]
ناس کورد- شەهرام عەزیز باسوخواسى دەستلەکارکێشانەوەى عادل عەبدولمەهدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق زیاد لە هەر شوێن و جێگەیەکى تر شەقامى کوردى و ناوەندە سیاسیەکەى بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە و پرسیار لە چارەنووسى ئەو رێککەوتنەى نێوان هەرێم و بەغدا دەکرێت کە داخۆ دواى دەستلەکارکێشانەوەکە چى لێ بەسەر دێت. . سەمیر هەورامی، وتەبێژی نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند :"لەڕاستیدا لە ڕووی یاسایی و لە وڵاتانی دەرەوە کاتێک حکومەتێک ڕێککەوتنێک واژوو دەکات، حکومەتەکانی دوای ئەوەش پابەند دەبن پێوەی، بەڵام لەم دۆخەی ئێستای عێراقدا پێویستە چاوەڕانی ڕوداوەکانی چەند ڕۆژی داهاتوو بین". . وتیشی، هێشتا هەندێک بابەت ڕوون نین، بۆ نموونە هێشتا نازانرێت، تەنها عادل عەبدولمەهدی دەستلەکاردەکێشێتەوە، یاخود تەواوی ئەنجومەنی وەزیران، کە ئەوەش دۆخەکە دەگۆڕێت. . لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و بودجە هەنگاوی نوێی بەخۆیەوە بینی و هەردوولا بەشێوەیەکی سەرەتایی ڕێککەوتنیان ڕاگەیاند و ئاماژە بەوەکرا، کە هەرێمی کوردستان ڕازی بووە بە ڕادەستکردنی 250 هەزار  بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە بەغدا. . شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق بۆ ناس کوردى روونکردەوە "ئەگەر حکومەتی عێراق بەتەواوی هەڵبوەشێتەوە، ئەوا ئەنجومەنی ئابوری عێراقیش هەڵدەوەشێتەوە کە لە چەند وەزیرێک پێکهاتوون و تەواوی سیاسەتی ئابوری عێراق ئەوان دایدەڕێژن، کە ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر بودجەی عێراق". . ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاماژەى بەوە کرد، ئەو ئەنجومەنە کاریگەری تەواویان لەسەر سیاسەتی ئابوری عێراق هەیە، بۆیە بە گۆڕینی حکومەت و ئەو ئەنجومەنە ئەوا پێدەچێت گۆڕانکاری لە بودجەی 2020ی عێراق بکرێت، جگە لەوەی پێدەچێت ناردنی بودجە بۆ پەرلەمان دوابکەوێت. . شیروان میرزا لەو بڕوایەدایە، ئەگەر حکومەتیش بەتەواوی هەڵبوەشێتەوە و حکومەتێکی دیکە بە سەرۆکایەتی هەر کەسێکی دیکە بێت، ئەوا لەگەڵ حکومەتی هەرێم ڕێکبکەون و کێشەکان چارەسەربن. . هاوکات دەربارەی سەردانی شانی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا، لە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوودا وەک بڕیاری لێدرابوو، سەمیر هەورامی ئەوەی خستەڕوو، تائێستا بڕیاروایە سەردانەکە بکرێت و هیچ شتێک هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵام نازانرێت لە دوو ڕۆژی داهاتوودا چی ڕوودەدات و هەموو ئەگەرێک کراوەیە. .