گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

یاساى ڕۆژنامەگەى دەسەڵاتى نەداوە بە وەزارەت

وەزارەتی ڕۆشنبیری هەڕەشەى داخستنى کەناڵەکان دەکات [تایبەت]

2019.11.29 - 17:30
وەزارەتی ڕۆشنبیری هەڕەشەى داخستنى کەناڵەکان دەکات [تایبەت]
ناس کورد-شەهرام عەزیز   وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێم بڕیاریدا هەر کەناڵ و دەزگایەکی ڕاگەیاندن لەکاتی پابەند نەبوون بە یاسا و ناوزڕاندن و بڵاوکردنەوەی گێرەشێوێنی بەشێوەیەکی کاتی دابخرێت و لە ئەگەری سێ بارەکردنەوەیدا دەکرێت بەتەواوی دابخرێت، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، یاساى ڕۆژنامەگەرى دەسەڵاتى لەوشێوەیەى نەداوە بە وەزارەت. . بەپێی نوسراوێکى وەزارەتەکە کە واژۆى حەمەى حەمەسەعید وەزیرى ڕۆشنبیرى لەسەرە، "لەکاتی پابەندنەبوونی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکان بە یاسا و ڕێنماییەکان و هەڵسان بە ناوزڕاندن و سوکایەتی بە خەڵک و ڕەمزەکانی بزافی ڕزگاریخوازی کوردستان و بڵاوکردنەوە و هاندانی خەڵک بۆ گێرەشێوێنی و توندوتیژی و تێکدانی شیرازەی خێزان و کۆمەڵگا ڕوبەڕوی سزا دەبنەوە". . ئاماژە بەوەشکراوە، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان بۆی هەیە بۆ جاری یەکەم کەناڵەکە دابخات بە مەرجێک لە 72 کاتژمێر زیاتر نەبێت، جاری دووەم لە هەمانساڵدا لە هەفتەیەک زیاتر نەبێت و جاری سێیەم لە هەمان ساڵدا ئەوا کەناڵەکە دادەخرێت و جارێکی دیکە بەو ناو و لۆگەیەوە مۆڵەتی پێنادرێتەوە. . ئازاد دارتاش، وتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیری بە ناس کوردی ڕاگەیاند، بڕیارەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ ڕێکخستنەوەی کاری ڕاگەیاندنە کە جۆرە "بەرەڵاییەک" لە کاری ڕاگەیاندندا لە هەرێم دروستبووە، نەوەک بۆ سنوردارکردنی ئازادی، چونکە ناوزڕاندن و تەشهیرکردن و بڵاوکردنەوەی توندوتیژیی و هێرشکردنەسەر ئایینەکان ئازادی ڕادەربڕین نییە. . وتیشی "هەرکات کەسێک سکاڵا لەسەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن تۆماربکات، بەدواداچوونی بۆ دەکەین، ئەگەریش پرسەکە گشتی بوو، واتە تایبەت نەبوو بە کەسێک، بەبێ بوونی سکاڵاش بەدواداچوون دەکەین و سزای کەناڵەکان دەدەین". . هەر بەپێى نوسراوەکەى وەزارەتى ڕۆشنبیرى، بەمەبەستی سنوردانان بۆ تانووت لێدان و ناوزڕاندنی کەسایەتی و دەستدرێژیکردنەسەر ئایین و مەزهەبەکان و دابونەریت و سیستەمی گشتی هەروەها لەپێناو پاراستنی ڕەسەنایەتی و کلتوری کوردی و ئامانجەکانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان، هیچ کتێبێک ژمارە سپاردنی پێنادرێت و نابێت چاپخانەکان چاپی بکەن، ئەگەر ڕەزامەندی لیژنەی هەڵسەنگاندنی لەسەر نەبێت. . مەم بورهان قانع، ئەندامی لیژنەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕەخنەی لە بڕیارەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیری گرتووە و لە نوسراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە "لە وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان دەپرسم: پاڵپشت بە چ دەقێكی یاسایی، رێنمایی دەردەكەیت بۆ ئەوەی بەناوی پاراستنی بەرژەوەندیی گشتیی و پاراستنی ڕەسەنایەتیی و كلتور و ئامانجەكانی بزوتنەوەی دیموكراتی رزگاریخوازیی كوردستان كە دەستەواژەگەلێكی هێجگار لاستكیین، بڕیاردەدەیت؟". . جەختیشیکردووەتەوە، بۆ رێكخستنی كاری میدیایی، یاسای رۆژنامەگەریی لە كوردستان/ ژمارە 35ی ساڵی 2007 هەیە و هیچ دەسەڵاتێكی لەوجۆرە نەدراوەتە وەزیری رۆشنبیریی و لاوان بۆ داخستنی كەناڵەكان و رێگریكردن لە پێدانی ژمارەی سپاردن و هەر وتار و بابەت و كتێبێكیش بڵاوبكرێتەوە. . مەم بورهان قانع ڕاشیگەیاندووە، وەكو ئەندامێكی پەرلەمان بەدواداچون بۆ ئەو پرسە دەكات و  کار دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێنماییانە.