گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆدەبێتەوە

ناس کورد پێشنیازى دواخستنى کۆنگرەى یەکێتى ئاشکرادەکات

2019.11.29 - 14:41
ناس کورد پێشنیازى دواخستنى کۆنگرەى یەکێتى ئاشکرادەکات
ناس کورد- شەهرام عەزیز   بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەبارەی چەند پرسێکەوە کۆبێتەوە، کە یەکێکیان ئەنجامدانی کۆنگرەیە، بەرپرسێکی ئەو حزبەش لەڕێگەی ناس کوردەوە ئاشکرایدەکات، پێشنیازێک هەیە بۆ دواخستنی کۆنگرە. . کەمتر لە 10 ڕۆژى ماوە بۆ بەستنى کۆنگرەى چوارەمى یەکێتى و ئامادەکارییەکان بۆ بەستنى کۆنگرە لە کۆتایی نزیکبوونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پرسی دواخستنى کۆنگرە بە گەرمى باسى لێوەدەکرێت. . لەگەڵ زیادبوونى پرسی دواخستنى کۆنگرە، ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتى بۆ تاوتوێکردنى چەند پرسێک لەناویاندا بەستنى کۆنگرە کۆدەبێتەوە. . سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند "بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەبارەی چەند پرسێکەوە کۆببێتەوە". . وتیشی "تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە دەربارەی پرسی دۆخی سیاسی عێڕاق و هەروەها بەستنی کۆنگرەی یەکێتی دەبێت، کە ماوەکەی نزیکبووەتەوە". . تا ئێستا یەکێتى بە فەرمى هیچ هەڵوێستێکى لەبارەى ئەگەرى دواخستنى کۆنگرە ڕاگەیاندووە، بەڵام بەوتەى بەرپرسێکى ئەو حزبە، پێشنیازێک هەیە بۆ دواخستنى کۆنگرە، کە بەشێک لە بەرپرس و کادیرانى ئەو حزبە بە کۆنگرەى نوێکردنەوەى یەکێتى ناوى دەبەن. . حاجی مەسیفی، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە هەولێر بۆ ناس کوردى ئاشکراکرد "لەنێو یەکێتیدا پێشنیازێک هەیە بۆ دواخستنی کۆنگرە، بەڵام تائێستا بە فەرمی گفتوگۆی لەبارەوە نەکراوە و هەنگاوەکان بۆ بەستنی کۆنگرە بەردەوامن، لەگەڵ بەرەوپێشچوونەکاندا، ئەوکات بڕیاردەدرێت کۆنگرە لەکاتی خۆیدا بکرێت یاخود دوابخرێت". . ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری پێشنیازی دواخستنی کۆنگرە ئەوەیە، دەبێت کۆنگرە لە دۆخێکی ئارام و سەقامگیردا ئەنجام بدرێت، بەڵام عێراق و ناوچەکە لە دۆخێکی ناسەقامگیردایە و ئەو پێشنیارەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە. . ئەمە یەکەمجار نییە پرسی دواخستنى کۆنگرەى یەکێتى دەبێتە پرسێکى گەرم، مانگى ڕابردووش بەهەمانشێوە ئەو پرسە وروژێنرا، بەڵام دواتر فەرمى ڕەتکرایەوە. . کۆنگرەى ئەمجارەى یەکێتى کە چوارەم کۆنگرەى ئەو حزبەیە، دواى شەش ساڵ دێت لە دواکەوتنى لەوادەى خۆیدا. . یەکێتى نیشتیمانی کوردستان لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە ساڵی 1975، سێ کۆنگرەی بەستووە و لە 1ی حوزەیرانی 2010یش کۆتا کۆنگرەی خۆی بەست، کە کۆنگرەی سێیەمی ئەو حیزبە بوو، لە کۆنگرەکەدا بڕیاردرا مانگی 10ی 2013 کۆنگرەی چوارەم ببەستن، بەڵام یەکێتی نەیتوانی لەو وادەیەدا کۆنگرە ببەستێت و دواتر بە پلنیۆمێک وادەی کۆنگرەی بۆ شەش مانگ دواخست. . یەکێتى لە ساڵى 2010دا کۆنگرەى سێهەمى بەست و دواى ئەوە بەهۆى نەخۆشکەوتن و پاشان کۆچى دوایى مام جەلال سکرتێرى گشتى ئەو حزبە و کێشەنێوخۆییەکانى یەکێتى کۆنگرەى چوارەم ئەنجام نەدرا و زۆر لەوادەى دیاریکراوى خۆى دواکەوت.