گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حەشد هێزی جوڵاند .. تۆڕی قەیرانەکان لە عێراق ڕاگەیەنرا و فەرماندە سەربازییەکانیش ئەندامن

2019.11.28 - 10:09
 حەشد هێزی جوڵاند .. تۆڕی قەیرانەکان لە عێراق ڕاگەیەنرا و فەرماندە سەربازییەکانیش ئەندامن
ناس کورد- لەدوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی شەوی ڕابردووی عێراق و سوتاندنی کونسوڵخانەى ئێران لە نەجەفە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان پێکهێنانی تۆڕی قەیرانەکانى ڕاگەیاند و چەند سەرچاوەیەکیش جوڵاندنی هێزەکانی حەشد پشتڕاستدەکەنەوە. . بەپێی چەند وێنەیەک کە دەستی ناس کورد کەوتووە، چەند لیوایەکی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکانى باشوری عێراق جوڵێنراون و خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى "ئاڵۆزییەکان". .
لە وێنەکەدا دەردەکەوێت کە "فیرقەی عەباس"ـی سەر بە حەشدی شەعبی تانک و چەکی قورس دەجوڵێنن.
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی سەر بە سوپای عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ی تشرینی دووەمی 2019، ڕایگەیاند، "بە مەبەستی زامنکردنی ئاسایش و سەپاندنی یاسا لە پارێزگاکان و پاراستنی دامەزراوە و بەرژەوەندییە گشتیی و تایبەتەکان و پاراستنی هاوڵاتیان، تۆڕی قەیرانەکان ڕاگەیەنرا." . دەشڵێت، "تۆڕەکە بە فەرمانی سەرۆکى ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و بە سەرۆکایەتى پارێزگارەکان پێکهێنراوە و هەندێک لە فەرماندە سەربازییەکانیش ڕاسپێردراون بۆ ئەوەى ببنە ئەندامی تۆڕەکە تاوەکو کۆنتڕۆڵی هەموو دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان لە پارێزگاکان بکەن."