گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

کێشەى کەمى بەرهەمهێنانی چارەسەر دەکرێت

 وەزارەتى کارەبا بۆ ناس کورد: بەمنزیکانە پێدانى کارەبا بە هاوڵاتییان زیاد دەکرێت

2019.11.26 - 16:37
 وەزارەتى کارەبا بۆ ناس کورد: بەمنزیکانە پێدانى کارەبا بە هاوڵاتییان زیاد دەکرێت
ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح   وەزارەتى کارەباى حکومەتى هەرێم ئاشکرایدەکات، بەم نزیکانە پێدانى کارەبا بە هاوڵاتییان زیاد دەکرێت و کێشەى کەمى بەرهەمهێنانى ئەو وزەیە چارەسەر دەکرێت. . ماوەى چەند هەفتەیەکە لەگەڵ هاتنى شەپۆلێکى سەرما، پێدانى کارەباى نیشتیمانى بە هاوڵاتییان بەڕێژەیەکى بەرچاو کەمبووەتەوە، وەزارەتى کارەباش هۆکارەکەى بۆ زۆرى خواست لەسەر ئەو وزەیە دەگەڕێنێتەوە.   کەمبوونەوەى پێدانى کارەباى نیشتیمانى ئومێد محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بەناس کوردی ڕاگەیاند "بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان هەر وەک پێشترە هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە، ئەوەی گۆڕانی بەسەردا هاتووە لە ئێستادا زیادبوونی خۆاستی هاوڵاتییانە لە سەر کارەبا". . وتیشی "لەئێستادا لۆدێکی زۆر لەسەر فیدەرەکانی کارەبادا هەیە، بۆیە کاتەکانی کارەبا بەراوورد بە دوو هەفتە پێش ئێستا کەمیکردووە". . بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى کارەبا، لەگەڵ دابەزینی پلەكانی گەرما خواستی بەكارهێنانی كارەبا لەلایەن هاوڵاتیانەوە زیادیكردووە و گه‌یشتووه‌ته‌ نزیكه‌ی پێنج هەزار مێگاوات، لەكاتێكدا وەزارەتی كارەبا لە توانایدایە سێ هەزار و 200 مێگاوات كارەبا بەرهەم بهێنێت. . وتەبێژی کارەبای هەرێم، ئاماژەی بەوەشکرد، قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجەی پێویست لە ساڵانی ڕابردوودا لەمپەڕ بووە بۆ بەرەوپێشچوونی کەرتی کارەبا لە هەرێمی کوردستاندا. . بەپێی ئامارەکان، هەرێمی کوردستان توانایی بەرهەمهێنانی شەش هەزار و700 مێگاوات کارەبای هەیە، بەڵام لە ئێستادا سێ هەزارو 200 میگاوات بەرهەم دەهێنێت. . ئومێد محەمەد وتى "بڕیارە پێدانی کارەبای نیشتیمانی بە هاوڵاتیان  لە ئایندەیەکی نزیکدا زیاد بکات، ئەوەش لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی 200 مێگاوات لە ڕێگای وێستگەی خورمەڵەوە، وێستگەی خەبات-یش بڕیارە بەم زوانە بکەوێتە کار و کێشەی کەمی بەرهەمهێنانی کارەبا چارەسەربێت". . . سەرجەم وێستگەکان بەگازی سروشتی کاردەکەن هەرێمى کوردستان خاوەنى نۆ وێستگەى بەرهەمهێنانى کارەبایە و بەگازی سروشتی کاردەکەن تەنها یەک وێستگە ماوە ئەوەش لە دهۆکە و بە گازوایل کاردەکات. . وتەبێژی وەزارەتی کارەبا وتی "ئەو وێستگەیەى دیکەش لە ئایندەیەکی نزیکدا دەکرێت بە گازی سروشتی". . هەروەها ڕەتیکردەوە حکومەتی هەرێم ساڵانە سێ ملیار دۆلار بدات بە پارەی دابینکردنی گازوایل بۆ وێستگەکانی بەرهمهێنانی کارەبا "ئەو ژمارەیە ڕاست نییە، چونکە لە ئێستادا حکومەت لەبڕی گازوایل، گازی سروشتی بە کاردەهێنێت بۆ کارکردن بە وێستگەکانی کارەبا، گازی سروشتیش نرخی زۆر کەمترە لە نرخی گازوایل". . بەڵام شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەکان، لە پەرلەمانی کوردستان، بە ناس کوردی ڕاگەیاند "لەساڵی 2013 و تا 2017 حکومەتی هەرێم سێ ملیار دۆلاری  دەدا بۆکرینی گازوایل بۆ ئیش پێکردنی وێستەگەکانی کارەبا، بەڵام دوای فشاری لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەکانی پەرلەمان حکومەت وێستگەکانی کارەبا گۆڕی بۆ گازی سروشتی". . باسى لەوەشکرد، حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی گازی سروشتی بۆ وێستگەکان گرێبەستی لەگەڵ  کۆمپانیاییدانا گاز کردووە، "بەڵام ئێمە بە هیچ شێوەیەک ئاگامان لە وردەکارییەکانی ئەو ڕێککەوتنە  نییە و نازانین حکومەت بەچەند گازی سروشتی بۆ وێستگەگان دەکرێت". . شێرکۆ جەودەت وتیشی "لەڕووی یاساییەوە دەبێت ئێمە وەک لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەوکان  زانیاریمان هەبەێت  لەسەر خاڵەکان وردەکارییەکانی ئەو ڕێککەوتنە، بەڵام ئەوانە  ئەو زانیارییانە لە ئێمە شاردووەتەوە".