گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

تۆمەتبارەکە چەند پرسیارێک لە کەسوکارى سێوان دەکات

ناس کورد بۆ یەکەمجار وتەى پارێزەرى هاوسەرەکەى سێوان بڵاودەکاتەوە

2019.11.25 - 15:48
ناس کورد بۆ یەکەمجار وتەى پارێزەرى هاوسەرەکەى سێوان بڵاودەکاتەوە
ناس کورد- ئەحمەد مستەفا   هاوسەرى سێوان قادر ئەو ژنەى ساڵێک لەمەوبەر لەگەڵ سێ منداڵەکەیدا لە چەمچەماڵ گیانیان لەدەستدا، ڕەتیدەکاتەوە دەستى لەو ڕووداوەدا هەبووبێت، ئەوەش بەوتەى پارێزەرەکەى کە لەدانیشتنەکانى دادگادا بەشداربووە. . ئەمڕۆ دووەم دانیشتنى دۆسیەى گیان لەدەستدانى سێوان قادر و سێ منداڵەکەى لە دادگاى تاوانەکانى سلێمانى بەڕێوەچوو، کە تێیدا وتە لە شەش خوشکى سێوان وەرگیرا. . خوشکەکانى سێوان لە وتەکانیاندا جەختیان لەقسەکانى باوکیان کردەوە و پەنجەى تۆمەتیان ئاڕاستەى هاوسەرەکەى سێوان کرد و بە هۆکارى سەرەکى ڕووداوەکە ناویان برد. . تۆمەتبارەکە پرسیار لە کەسوکارى سێوان دەکات پەیامنێرى ناس کورد کە بەشدارى بەشێک لە دانیشتنى دادگاییەکە بوو ڕایگەیاند، بە پێچەوانەى دانیشتنەکەى پێشووى دادگاوە لە 17ى تشرینى دووەمدا، کە هاوسەرەکەى سێوان تەنها لە دانیشتنەکە ئامادەبوو، بەبێ ئەوەى وتەى لێوەربگیرێت، لەم دانیشتنەدا تۆمەتبارى سەرەکى قسەیکرد و چەند پرسیارێکى لە کەسوکارى سێوان کرد. . تۆمەتبارى سەرەکى کە لەدواى ڕووداوەکەوە دەستگیرکراوە و هێشتا تۆمەتەکەى بەسەردا ساغ نەبووەتەوە، باسى لەوەدەکرد کە پێشتر لە خانوى کرێدا بوون، پرسیاریشى لە خوشکەکانى سێوان دەکرد، لەسەر چەند گرفتێکى نێوان خۆى و سێوان. . تۆمەتبارەکە کە جلوبەرگێکى کوردى پۆشیبوو، لە شوێنى وەستانى تۆمەتبار وەستابوو، بەشێوەیەکى ئاسایی قسەیدەکرد. . لەم دانیشتنەدا بۆ یەکەمجار کەسوکارى سێوان و تۆمەتبارى سەرەکى پێکەوە قسەیان لەسەر ڕووداوەکە کرد و وەڵامى یەکتریان دەدایەوە. دادوەریش هەندێجار قسەکانى پێ دەبڕین و پرسیارى دیکەى لێدەکرن تا ڕونکردنەوەى زیاتر بدەن لەو بارەیەوە. . خوشکێکى سێوان لە دانیشتنەکەدا ڕەتیکردەوە سێوان باسى ئەوەى لاکردبن کە ژیانى ناخۆشە و دەیەوێت خۆى بسوتێنێت، ئەوەش دواى ئەوەى دادوەر ئەو پرسیارەى ڕوبەڕووکردەوە. . لەیەکەم دانیشتنى دادگاییەکەدا دادگا خۆى پارێزەرێکى بۆ تۆمەتبارەکە دانابوو، بەڵام لەم دانیشتنەدا پارێزەرێکى دیکە ئامادەبوو کە کەسوکارى تۆمەتبارەکە دیاریان کردبوو. سەروەر جەلیل، پارێزەری تۆمەتباری سەرەکی ڕووداوەکە تایبەت بە ناس کوردى ڕاگەیاند "تا ئیستا وتەی داواکارانی مافی کەسی وەرگیراوە و لە دانیشتنی سیێەمدا، کە سێشەممەی داهاتوو بڕیارە ئەنجامبدرێت، 10 شایەتحاڵى دیکە و مامۆستایەکی ئاینیش لەسەر ئەوەی لە نزیکەوە لەگەڵ سێوان قادر لە نەخۆشخانە قسەیکردووە بانگهێشتی دانیشتنەکە دەکرێن". . تۆمەتبارى سەرەکى ڕووداوەکە (د. م. ح) بەپێی ماددەی 406 دەستگیرکراوە و تا ئێستا تۆمەتەکە ڕەتدەکاتەوە. جگە لە هاوسەرەکەى پێشتر تۆمەتبارێکى دیکە دەستگیرکرابوو بەڵام دواتر ئازادکرا. . سەروەر جەلیل دەڵێت "تۆمەتباری دووەم سێجار بە فلتەری دادگا تێپەریوە و هیچ بەڵگەیەک لەسەری نەبووە کە دەستی لە ڕووداوەکەدا هەبووبێت، هەربۆیە بەپێی ماددەی 130 لە بنەما دادگاییە سزاییەکان". . "هاوسەرى سێوان نکوڵی دەکات کە ئەو تاوانەی ئەنجامدابێت و چەند بەڵگەیەکیشی لەکاتی لێکۆڵینەوە بۆ دادگا خستووەتەڕوو، دەڵێت دوور و نزیک پەیوەندی بە کوشتنی هاوسەری و سێ منداڵەکەی نییە و نکوڵى کردووە"، پارێزەرى تۆمەتبارەکە وایوت. . سەروەر جەلیل باسى لەوەشکرد، سکاڵاکاران دوو کەسیان تۆمەتبارکردووە، "بەڵام ئێستا کەسی سێیەم و چوارەم و پێنجەمیان نییە لە ڕووداوەکە و ئەمە ڕای دادگاشە. داواکاران و سکاڵاکارانی مافی کەسی ئەلێن پێنج سالە هیچ گرفتێک لەنیوان هاوسەرەکەی و سێواندا نەبووە".   کەسوکارى سێوان چى دەڵێن؟ کەسوکارى سێوان قادر جەختدەکەنەوە لەسەر قسەکانى پێشوویان و دەشڵێن دانیشتنى داگا بە باشى بەڕێوەدەچێت. . قادر نورى باوکى سێوان دواى دانیشتنەکە بە رۆژنامەنوسانى ڕاگەیاند "دادگا بەشێوەیەکى رێکوپێک دەڕوات، وتەى شایەتحاڵەکان وەردەگرێت، داوادەکەین بەڕێکوپێکى قسە لەهەموو شایەتحاڵەکان وەربگیرێت". . هەروەها دڵشاد جومعە ئامۆزای سێوان ئاماژەى بەوەکرد، هێشتا بەرچاوڕونییەک نییە لەبارەى ئەنجامى دادگاوە، بەڵام ئومێدێکى باشیان هەیە کە دادگا ئەم کەیسە یەکلایی دەکاتەوە. . جگە لە کەسوکارى سێوان و پارێزەرى تۆمەتبارەکە کە لە دانیشتنەکەدا ئامادەبوون، نوێنەرى رێکخراوەکانى ژنانیش بەشداربوون، کە هەر لەسەرەتاوە چاودێرى کەیسەکە دەکەن. . تارا حسێن ڕێکخەرى پڕۆژەى ژن ژیانە مەیکوژە ڕایگەیاند، تا دوا ڕادە داکۆکى لەو کەیسە دەکەن، هیواشى خواست دادگا رۆڵى یەکلاکەرەوەى هەبێت لەو کەیسەدا و بێلایەنانە بڕیاربدات.