گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

کەسێکى سەربازیی خانەنشینبو کرا بە پارێزگارى نوێ

نەینەوا لەماوەى شەش مانگدا دوو پارێزگارى گۆڕیوە

2019.11.24 - 20:23
نەینەوا لەماوەى شەش مانگدا دوو پارێزگارى گۆڕیوە
ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح پاش ئەوەی پارێزگاری نەینەوا لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 19ی ئەم مانگە، لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە متمانەی لێوەرگیرایەوە، ئەمڕۆ ئەنجومەنەکە بە دەنگی 23 ئەندام، نەجم جبوری، وەک پارێزگاری نوێى نەینەوا هەڵبژارد. , هەرچەندە پێشتر بەشێک لە میدیا عێراقییەکان نامەیەکى دەستنوسیان بڵاوکردەوە، کە گوایە نامەى دەستلەکارکێشانەوەى "مەنسور مەرعید"ە، بەڵام لە ئێستادا مەنسور مەرعید، پارێزگا نەینەوا کە متمانەى لێوەرگیراوەتەوە، نامەکە بە ساختە ناو دەبات، لە دادگای ئیداریش سکاڵاى پێشکەش کردووە، بەو پێیەی ئەنجومەنی پارێزگا بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق هەڵوەشاوەتەوە ناتوانن کۆبوونەوە بکەن. , لەوبارەیەوە بەرەکات شەمۆ، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "وەرگرتنەوەی متمانە لە مەنسور مەرعید، پارێزگاری پێشو، پاش ئەو هات کە نامەیەکی دەستلەکارکێشانەوەی ئەومان پێگەیشت، کە بە دەست و قەڵەم و واژووی خۆی نوسرابوو، بۆیە ئەنجومەنیش پەسەندى کرد". , شەمۆ وتیشی: "نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی مەرعید، پێش شەش ڕۆژ  پێشکەش بە ئەنجومەن کراوە، ئەنجومەنیش ڕێکاری یاسایی خۆی بەگوێرەی یاسای ژمارە 8ی ئەنجومەنی پاریزگاکانی عێراق گرتوەتەبەر، ماوەی پێنج ڕۆژی دیاریکرد بۆ پاڵاوتنی پارێزگارێکی نوێ، پاش ئەو وادەیەش ئەمڕۆ 24ى تشرینی دووەم کاتژمیر 11ی پیش نیوەڕۆ پارێزگارێکى نوێمان دەستنیشان کرد". , ئەوەشی خستەڕو، کە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، مەرعیدی لە کارەکەی دوورنەخستوەتەوە، هیچ کێشەیەکیش لە پارێزگاکە نەبوەتە هۆکاری ئەوەی کە ئەنجومەنی پارێزگا بیر لە لابردنی بکاتەوە، بەڵکو ناوبراو خۆی داوای دەستلەکارکێشانەوەی کردووە،  ئەوانیش ئەو دەستلەکارکێشانەوەیان پەسەند کردووە. , "ئەو فراکسیۆنانەی کە پێشتر دەنگیان بە مەرعید دابوو دەنگیان بۆ لابردنیشی داوە" ئەنجومەنى پارێزگاى نەینەوا، لەبرى مەنسور مەرعید، ئەمڕۆ 24ى تشرینى دووەمى 2019، کەسێکى سەربازیى خانەنشینبوى کردە پارێزگارى نەینەوا. , لای خۆیەوە، حسامەدین عەبار، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە هاوپەیمانی "عێراقیە نەینەوا" تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، لیوا نەجم جبوری، فەرماندەی پێشوی ئۆپراسیۆنەکانی نەینەوای، بە 23 دەنگی بەڵێ لە کۆی 39 ئەندامی ئەنجومەنەکە، وەکو پارێزگاری نوێی نەینەوا هەڵبژارد". , ئەو ئەندامەى ئەنجومەنى پارێزگاى نەینەوا وتیشی: "زۆربەی فراکسیۆنەکانی ناو ئەنجومەنەکە دەنگیان بە پارێزگاری نوێ دا، تەنها ئەوانە نەبن کە پشتیوانی مەرعیدیان دەکرد". , عەبار، ئەوەشی خستەڕو، بەشێک لە هەردوو فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگاى نەینەوا، دەنگیان بە پارێزگاری نوێ داوە، بەشێکی دیکەشیان پشتگیریان لە مەرعید کردووە و دەنگیان نەدا، ئەوەشى خستەڕو: "ئەوانەی کە پێشتر دەنگیان بە پارێزگارى پێشو دا، هەر ئەوان متمانەیان لێوەرگرتەوە". , "لەئێستادا نەجم جبوری، بە فەرمی بوە بە پارێزگاری نەینەوا، تەنها ئەوە ماوە سەرۆککۆماری عێراق مەرسومی کۆماری بۆ دەربکات"، حوسامەدین عەبار، وای وت. , بەگوێرەی زانیارییەکانى ناس کورد، پاش ئەوەى نەجم جبوری خۆی بۆ پارێزگاری نەینەوا کاندید کردووە، زۆرینەی کاندیدەکانی دیکە کشاونەتەوە، هۆکارەکەشیان گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەى "وەک ڕێزێک بۆ هەڵوێستە نیشتیمانییەکانی فەرماندەی پێشوی ئۆپراسیۆنەکانی نەینەوا" ئەو کارەیان کردووە. , لە 13ی ئایاری 2019، پاش لابردنى نۆفڵ عاکوب، پارێزگاری پێشوتری نەینەوا، مەنسور مەرعید، وەک پارێزگار لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای نەینەواوە هەڵبژێردرا. ,