گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چیلى؛ هێزە ئەمنییەکان چاوى 250 خۆپیشاندەریان بریندار کرد

2019.11.23 - 22:03
چیلى؛ هێزە ئەمنییەکان چاوى 250 خۆپیشاندەریان بریندار کرد
ناس کورد – هێزە ئەمنیەکانى چیلی بەشێوەیەکی توند ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەوە و زیاتر لە 250  خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە چاویان بریندار کراوە. .   نزیکەی مانگێکە لە چەند شارێکی وڵاتی چیلی لە ئەمریکای باشور بەهۆی زیادبوونی کرێی گواستنەوەی شەمەندەفەر و بوونی گەندەڵی، خۆپیشاندان دەستی پێکردوە و هێزە ئەمنییەکانیش بەشێوەیەکی توند ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەتەوە کە ناوەندەکانی مافی مرۆڤیان لەسەر ئاستی جیهان هێناوەتە سەر خەت. . یەکێک لەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر خۆپیشاندەران ئەنجامدراوە لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی چیلیەوە، بەئامانجگرتنی چاوی خۆپیشاندەران بووە کە بەشیکی زۆرى خۆپیشاندەران چاوێک یان هەردوو چاویان بریندار کراوە و ئەو حاڵەتەش لەماوەی چەند رۆژی ڕابردودا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردوە. .   خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە بەکارهێنانی چەکێک بریندار کراون کە گولەی پلاستیکی پێدەتەقێنرێت و لە یەک چرکەدا فیشەکەکە 100 مەتر دەڕوات. . هەروەها حکومەتی چیلی بەفەرمی ڕایگەیاند: "لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە بەهۆی فیشەکەوە 220 خۆپیشاندەر چاویان بریندار بوە". . ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش بەفەرمی حکومەتی چیلی و پۆلیسی وڵاتەکەی بەوە تۆمەتبار کردوە کە ئەوان بەرپرسن لەو پێشلکاریانەی ڕوودەدات و پۆلیسی چیلی بە ئەنقەست ئەو کارە ئەنجام دەدات تا خۆپیشاندەر بترسێنێت". . ئیریکا گیڤارا بەرپرسی هەردوو کیشوەری ئەمریکای باشور و باکوری ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندوە: "بەشێوەیەکی ئاشکرا پۆلیسی چیلی خۆپیشاندەرانی بە ئامانج گرتوە لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا و تا ئێستا 250 خۆپیشاندەر بریندارن". . ڕێکخراوەکە داوایکردوە بەشێوەیەکی خێرا لێکۆڵینەوە لەو پێشێلکاریانە بکرێت و ڕێگا نەدرێت دووبارە ببنەوە. . ماوەى دوو ڕۆژیشە خۆپیشاندەرانی چیلی بە بەستنی چاوێکیان خۆیان نمایش دەکەن و بەردەوامی بە خۆپیشاندانەکان دەدەن و دەیانەوەى بەو کارە حکومەتی وڵاتەکەیان شەرمەزار بکەن. .