گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عادل عەبدولمەهدى و حەیدەر عەبادى راگەیەندراویان بڵاوکردەوە

سەردانەکەى جێگرى سەرۆکى ئەمریکا بۆ هەرێمى کوردستان کاردانەوەى لێکەوتەوە

2019.11.23 - 20:43
سەردانەکەى جێگرى سەرۆکى ئەمریکا بۆ هەرێمى کوردستان کاردانەوەى لێکەوتەوە
ناس کورد- سەردانەکەى مایک پێنس، جێگرى سەرۆکى ئەمریکا بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان کاردانەوەى لێکەوتەوە و هەریەک لە نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق و سەرۆکى هاوپەیمانى نەسڕ دوو راگەیەندراوى جیاوازیان لەبارەیەوە، بڵاوکردەوە. . ئەمڕۆ، (شەممە، 23ى تشرینی دووەمی 2019)، نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەبارەى سەردانەکەی ئەمڕۆی مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردووە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە:"پێشتر ئاگامان لەوادەی سەردانەکەی مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق هەبووە، مەبەست لە سەردانەکەش بۆ بەسەرکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا بووە لە بنکەی سەربازی (عەین  ئەسەد) لە پارێزگای ئەنبار". . لەڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە،" ئاگاداریش کراوینەتەوە کە جێگری سەرۆکی ئەمریکا بەنیازە سەردانی هەولێر بکات، لە کاتژمێر 12ى پاشنیوەڕۆش، پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراقدا ئەنجامدا و دواین پێشهاتەکان و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولایان تاوتوێکرد". . ڕاگەیەندراوەکەی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەوەی خستە ڕوو، عادل عەبدولمهدی و مایک پێنس، تاوتوێی هەنگاوەکانی حکومەتی عێراقیشیان کرد سەبارەت بە جێبەجێکردنی چاکسازییەکان و چۆنێتی وەڵامدانەوەی داواکاری خۆپیشاندەران. . هەر لە بارەى سەردانەکەى جێگرى سەرۆکى ئەمریکا و بەتایبەتى سەردانیکردنى هەرێم و کۆبوونەوەى لەگەڵ بەرپرسانى کوردستان، حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕ، راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و سەرکۆنەى سەردانە کتوپڕەکەی مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکای بۆ عێراق کرد و  روونیکردەوە "بەغدا پایتەختی عێراقە نەک هەولێر". . لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هاوپەیمانى نەسڕ بە هەموو شێوەیەک سەردانێکی بەم شێوەیە بۆ عێراق ڕەتدەکەنەوە کە تەنها بۆ بنکەی سەربازی (عەین ئەسەد و هەولێر) بێت. . جەختیش کراوەتەوە "سەروەری عێراق موڵکی کەس نییە کەسیش ناتوانێت بیبەخشێت، باشتر وابوو حکومەتی عێراق  بەو سەردانە ڕازی نەبوایە ڕەتیبکردایەتەوە". . ئەمرۆ، (شەممە)، مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بەسەردانێکی کتوپڕ گەیشتە عێراق دوای گەیشتنی بە بەغداش ڕاستەوخۆ سەردانی  بنکەی عەین ئەسەدی کرد لە شاری ئەنبار وپاشان لەئەنبارەوە گەیشتە هەرێمى کوردستان و لەلایەن نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و ژمارەیەک بەرپرسى هەرێمى کوردستانەوە پێشوازی لێکرا. .