گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێنس بە تەلەفۆن چى بە عادل عەبدولمەهدى وت؟

ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى جێگرى سەرۆکى ئەمریکا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى و بەرپرسانى هەرێم

2019.11.23 - 19:43
ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى جێگرى سەرۆکى ئەمریکا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى و بەرپرسانى هەرێم
ناس کورد– مایک پێنس، جێگرى سەرۆکى ئەمریکا لە سەردانێکى چاوەڕواننەکراودا گەیشتە عێراق و جگە لە کۆبوونەوەى لەگەڵ هێزە سەربازییەکانى وڵاتەکەى لە بنکەى ئاسمانى عەین ئەسەد لەپارێزگاى ئەنبار، لەڕێگەى فڕۆکەخانەى هەولێرەوە گەیشتە هەرێمى کوردستان و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و بەرپرسانى هەرێمى کوردستان کۆبوەوە. . مایک پێنس، جێگرى سەرۆکى ئەمریکا سەردانی بەغدای نەکرد، بەڵکو لەڕێگای پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە پەیوەندی بە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە کرد و دەربارەی خۆپیشاندانەکانی عێراق و دواین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، گفتوگۆیان کرد. . بەگوێرەى راگەیەندراوێکى جێگرى سەرۆکى ئەمریکا، پێنس بە عەبدولمەهدی ڕاگەیاندوە:"عێراق دەبێت بەشێوەیەکی گونجاو لەگەڵ خۆپیشاندانەکان مامەڵە بکەن و لە توندوتیژی و  گوشار خستنەسەر خۆپیشاندەران دووربکەونەوە و گوێ بۆ داواکاری ئاشتیانەی خۆپیشاندەران بگرن". . جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە سەرۆک وەزیرانیشی وتوە:"ئەمریکا زۆر نیگەران و دوودڵە لەزیادبوونی هەژمونی ئێران لە ناوچەکە و هەروەها ئەمریکا زۆر بەگرنگیەوە دەڕوانێتە سەروەری خاکی عێراق و دڵنیایی دەدات لەوەی کە پابەند دەبێت بە پاراستنی سەروەری عێراق". . مایک پێنس لەسەردانەکەى بۆ عێراق هیچ بەرپرسێکی حکومەتی عێراقی نەبینى و هیچ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ  ئەنجام نەدان. . هاوکات نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا لەبارەى سەردانەکەى پێنس روونیکردەوە :"'لە ئەنبارەوە مایک پێنس بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی کردووە، بەڵام عادل عەبدولمەهدی رەتیکردووەتەوە بچێتە ئەنبار و پێنس ببینێت، پڕۆتۆکۆڵی جێگری سەرۆکی ئەمریکاش لایەنی ئەمنی بۆ سەردانەکەی پێنس بۆ بەغدا پەسەند نەکردووە". . دواتر مایک پێنس سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکانیان کۆبوویەوە. . مایک پێنس لە لێدوانیکی ڕۆژنامەوانیدا لەدوای دیدارەکەی لەگەڵ بارزانی وتی :"ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ زیاتر کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەرێم و بەشێوەیەکی جددیش نیگەرانییەکانی خۆمان لە هەژمونی قێزەونی ئێران بە سەرۆک وەزیرانى عێراق و سەرۆکی هەرێم وتوە و دەبێت ئێران هەژمونی نەمێنێت لەم وڵاتە". . مایک پێنس بەناوی دۆناڵد تڕەمپەوە سوپاسی هەرێمی کوردستانی کردووە بۆ تێکشکاندنی داعش و بەردەوامی هاوپەیمانیەتی نێوان هەرێم و ئەمریکای دوپاتکردۆتەوە. . دەربارەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوای کوردستان پێنس روونیکردەوە:"بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هاندراوون کە بە بڕیارەکەی سەرۆک تڕەمپ کار بکەن بۆ هەماهەنگی لەگەڵ کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان لە هەرێم و لەڕۆژئاوای کوردستان تا نەکەونە ژێر دەستی داعش و سوریا و ئێران و هیچ لایەنێکی تر". . جێگری سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەشکرد :"بە نێچیرڤان بارزانیم وت کە ئاگربەستەکەی سوریا بەردەوام دەبێت و هێزەکانی هەسەدە و گەلی کوردستان لەناوچەی کوردستان دەبێت ئەوە بزانن کە ئێمە ئەوان بە هاوپەیمانی خۆمان دەزانین ئەوان لەگەڵ ئێمە لە سوریا و عێراق داعشیان تێکشکاند و ئێمەش هاوپەیمانێتێکەمان لەگەڵ کوردەکانی هەرێمی کوردستان و سوریا بەردەوام دەبێت، تا ئەو کاتەی سەقامگیری تەواو هەبێت و تا ئەو کاتەی بۆ ماوەیەکی دورودرێژ لە خۆشگوزەرانی و ئاسایش دابین بکرێت ئێمە لە سوریا و عێراق دەمێنینەوە". . هەروەها نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا وتی :"بەناوی گەلی کوردستانەوە زۆر سوپاسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەین کە لەتێکشکاندنی داعشدا و بە دڵنیاییەوە ئەگەر هاوکاریەکانی ئەمریکا نەبوایە نەماندەتوانی سەکەوتو بین و بەرەنگاری داعش ببینەوە". .