گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرۆکى دەسەڵاتى دادوەرى هەڕەشەى توند دەکات

ئێران دەستگیرکردنى کەسە سەرەکییەکانى خۆپیشاندانەکانى ڕاگەیاند

2019.11.23 - 09:15
ئێران دەستگیرکردنى  کەسە سەرەکییەکانى  خۆپیشاندانەکانى ڕاگەیاند
ناس کورد-   دەسەڵاتى دادوەرى ئێران دەستگیرکردنى "کەسە سەرەکییەکانى" خۆپیشاندانەکانى ئەو وڵاتەى ڕاگەیاند و هەڕەشەى توندیش لەو کەسانە دەکات کە هۆکارى "پشێوییەکان" بوون. . غولاح حسێن ئیسماعیلى وتەبێژى دەسەڵاتى دادوەرى ئێران ڕایگەیاند "سوپاى پاسداران 100 کەسى سەرەکى پشێوییەکانى دەستگیرکردووە کە لەم دواییانەدا ڕوویاندا، بەپاساوى بەرزکردنەوەى نرخى بەنزین". . وتیشى "ئارامى گەڕاوەتەوە بۆ وڵات، کۆتایی بە کارە ئاژاوە گێڕییەکان هێنراوە". . لاى خۆیەوە، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەرى ئێران ڕایگەیاند "کەسانێک کە لە رۆژانی ڕابردوودا بوونەتە هۆی تۆقاندنى ژنان و منداڵان و زیانیان بە موڵکى گشتی گەیاندووە، دەبێ بزانن کە سزای قورس چاوەڕوانیان دەکات". . جەختیشیکردەوە، ئاسایشی وڵات گرنگترین پرسی ئەوانە و لە هیچ دۆخێکدا رێگە نادەن بچوکترین کێشە بۆ ئاسایشى وڵات دروستبێت. . ماوەى هەفتەیەکە خۆپیشاندان لە ئێران سەریهەڵداوە بەهۆى گرانکردنى نرخى سوتەمەنى لەلایەن حکومەتى ئەو وڵاتەوە. . دەسەڵاتدارانى ئێران دواى کەمتر لە 24 کاتژمێر لە سەرهەڵدانى خۆپیشاندانەکان، هێڵى ئینتەرنێتیان لە هاوڵاتییان بڕى، بەڵام هەندێک لە چالاکوانان بەردەوامن لە دزەپێکردنى ڤیدیۆی سەرکوتکردنى خۆپیشاندەران و بڵاوکردنەوەیان. .
بەپێی ئامارەکانى ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى، لەسەرەتاى سەرهەڵدانى خۆپیشاندانەکانەوە لانى کەم 106 کەس کوژراون.