گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

ئامانجى سەردانەکەى هەرێم بۆ بەغدا

ناس کورد هەڵوێستى هەرێم لەبارەى گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا ئاشکرادەکات

2019.11.22 - 20:00
ناس کورد هەڵوێستى هەرێم لەبارەى گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا ئاشکرادەکات
ناس کورد-   نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە بەغدا ڕایگەیاند، سبەینێ وەفدێک لە هەرێمەوە دەچێتە بەغدا و تێگه‌یشتنێكى باش هه‌یه‌ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، بەڵام هەموو شتێک نە بە دڵى ئەوان و نە بەدڵى عێراق نابێت. . دوێنێ سامر غەزبان وەزیرى نەوتى عێراق لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاندبوو، هەرێمى کوردستان لە ساڵى داهاتوودا پابەند دەبێت بە ڕادەستکردنى نەوت بە بەغدا، بۆ وەرگرتنى ئەو بڕە نەوتەش ئامادەکارییان دەستپێکردووە. . قسەکانى غەزبان لەکاتێکدایە، بڕیارە سبەینێ وەفدێکى هەرێم بچێتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانى عێراق پرسى ڕێککەوتن لەسەر نەوت و بودجە تاوتوێ بکەن، پێش ئەوەى حکومەتى عێراق پڕۆژەى بودجەى ساڵى داهاتوو ڕادەستى پەرلەمان بکات. . فارس عیسا نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم له ‌به‌غدا به‌ناس كوردى ڕاگه‌یاند "سه‌ردانه‌كه‌ى وه‌فدى حكومه‌تى هه‌رێم بۆ به‌غدا بۆ پرسى به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمە له ‌پڕۆژە یاسای بودجه‌ى ساڵى 2020 ى  حكومه‌تى فیدراڵ"‌. . تا ئێستا پشکى هەرێم لە بودجەى ساڵى داهاتووى عێراق دیارینەکراوە و وەستاوەتە سەر ڕێککەوتنى هەردولا لەسەر پرسى نەوت، بەغدا دەیەوێت هەرێم پابەندبێت بە ڕادەستکردنى بڕى 250 هەزار بەرمیلى ڕۆژانە، تا پشکەکەى لە بودجە جێگیر بکات. . بەرپرسانى هەرێم دەیانەوێت پشکى هەرێم لە بودجەى ساڵى داهاتوو لە پشکەکەیان لە بودجەى ئەمساڵدا کەمتر نەبێت کە بە %12.8 دیاریکراوە، بەڵام بەهۆى ڕادەستنەکردنى نەوتەوە لەلایەن هەرێمەوە، بەغدا تەواوى پشکەکەى ڕادەسى هەرێم نەکرد و تەنها مانگانە 454 ملیار دینارى بۆ موچەى فەرمانبەران نارد. . فارس عیسا وتیشى "سه‌ردانى شاندەکەى هەرێم، ته‌واوكه‌رى سه‌ردانه‌كانى دیكه‌ن كه‌ له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌ڕێوه‌چوون، سبه‌ینێش له‌سه‌ر پێشنیازێكى حكومه‌تى هه‌رێم و چه‌ند پێشنیازێکى حكومه‌تى به‌غدا كۆبوونه‌وه‌یه‌كى تر ئه‌نجامده‌درێت". . باسى لەوەشکرد، تێگه‌یشتنێكى باش هه‌یه‌ به‌ڵام هه‌موو شتێك ئاسان نییه‌، "هه‌موو شتێك نه‌ به‌دڵى ئێمه‌ ده‌بێت نه‌ به‌دڵى ئه‌وانیش ده‌بێت، به‌ڵام له‌كۆتاییدا هه‌ر ده‌بێت بگه‌ینه‌ ڕێكکه‌وتن". . له‌باره‌ى ئه‌و تێبینیه‌ى كه‌ زۆرجار به‌رپرسانى حكومه‌تى فیدراڵ له‌ به‌رامبه‌ر هه‌رێمدا هه‌یانه‌ و ده‌ڵێن "هه‌رێم نه‌وتى ڕاده‌ستنه‌كردووه‌ و پابه‌ندى یاساى بودجه‌ نه‌بووه‌"، نوێنه‌ره‌كه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم وتى "هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كى تر قه‌ره‌بووى ئه‌و كاره‌ى كردووه‌ته‌وه،‌ ڕاسته‌ نه‌وتى ڕاده‌ستنه‌كردووه‌، بەڵام  قه‌ره‌بووى زیانى نه‌وته‌كه‌ى بۆ ماوه‌ى ساڵێك داوه‌ و بودجه‌كه‌ى له‌ 19 تریلیۆنه‌وه‌ كراوه‌ته‌ پێنج تریلیۆن دینار".