گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕێککەوتنەکەى بەغدا کاریگەرى لەسەر شەقام ئەوەندە نەبوو

بەشیر حەداد: خۆپیشاندەران بەکەمتر لە هەڵوەشاندنەوەى حکومەت ڕازى نابن

2019.11.20 - 10:29
بەشیر حەداد: خۆپیشاندەران بەکەمتر لە هەڵوەشاندنەوەى حکومەت ڕازى نابن
ناس کورد- بەشیر حەداد ڕایگەیاند، خۆپیشاندەران بە کەمتر لە هەڵوەشاندنەوەى حکومەت ڕازى نابن و کۆبوونەوەکەى 12 لایەنە سیاسییەکەش کاریگەرى ئەوتۆى لەسەر خۆپیشاندەران نەبووە. . بەشیر حەداد جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 20 ى تشرینى دووەمى 2019 لە دیدارى ئاشتى و ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست کە لە دهۆک بەڕێوەدەچێت وتى "خۆپیشاندەران ڕازى نین بەو یاسانەى کە شەوى ڕابردوو پەرلەمان پەسەندیکردن، لەکاتێدا ئەم یاسایانە زۆر گرنگن و هەلى کار زۆر دەڕەخسێنن و پارەیەکى باش بۆ خەزێنە دەگەرێننەوە، بەڵام کاریگەرییان لەسەر شەقام ئەوەندە نییە". . وتیشى "تەنانەت کۆبوونەوەى 12 لایەنەکە کە کورد رۆڵى باشى تێدا هەبوو، سەرۆکى هەرێم خۆى لەوێ بوو، 45 خاڵى زۆر جەوهەرى ئەنجامەکەى بوو، بەڵام کاریگەرى لەسەر شەقام ئەوەندە نەبوو". . بەوتەى بەشیر حەداد، شەقام ئێستا یەک داواکارى هەیە کە گروپێک بەرزیکردووەتەوە، ئەویش هەڵوەشاندنەوەى حکومەتە، بە کەمتر لەوە ڕازى نین، ئەگەر دوو ئەوەندە و سێ ئەوەندە پەرلەمان یاسا دەربچوێنێت بە گرنگ سەیرى ناکەن. . ئەوەشى خستەڕوو "پێموانییە لە ئایندەیەکى نزیکدا بتوانین لەم گەندەڵیانە ڕزگارمان بێت، بەڵام دەبێت کارەکان بەردەوام بن، دەبێت خۆپیشاندەرانیش داواکارییەکانیان ڕێکبخەن، هەندێک داواى خزمەتگوزاریی دەکەن، هەندێک داواى هەڵوەشاندنەوەى حکومەت و سێ سەرۆکایەتییەکە دەکەن، هەرچى دەکەى ڕازى نین، داوادەکات و بوار نادات کاتێک دابنێى بۆ ئەوەى حکومەت داواکان جێبەجێبکات". . بەشیر حەداد دەڵێت، ئەوە بەرگرى نییە لە حکومەتەکەى عەبدولمەهدى، بەڵام کێشەکان هەمووى بەرووى عەبدولمەهدیدا تەقینەوە، لەکاتێکدا کێشەى 16 ساڵ و پێشتریش بوون، پێویستە بوار بدرێت و هەموو لایەنەکان لەگەڵ عەبدولمەهدى بن، چونکە تەنها کارەکان بەئەو ناکرێت. . شەوى دووشەممە 12 لایەنى سیاسی لەماڵى عەمار حەکیم لەبەغدا کۆبوونەوە و نەخشەڕێگایەکیان ئامادەکرد و 45 رۆژ مۆڵەتیان بۆ حکومەت دیاریکرد، تا جێبەجێى بکات، ئەگەرنا کاردەکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەى حکومەت و هەڵبژاردنى پێشوەخت.