گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە زارى بەرپرسانى ئیخوانەوە نهێنییەکان ئاشکرابوون

پشتڕاست کرایەوە کە ئیخوان موسلمین لەگەڵ سوپاى پاسداران کۆبوونەتەوە

2019.11.19 - 18:10
پشتڕاست کرایەوە کە  ئیخوان موسلمین لەگەڵ سوپاى پاسداران کۆبوونەتەوە
ناس کورد- دوو سەرکردەی ئیخوان موسلمین، دانیان بەوەدا نا کە کۆبوونەوەی نهێنییان لەگەڵ بەرپرسانی سوپای پاسداران لە تورکیا ئەنجامداوە. , ئەمڕۆ سێشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2019، دوو سەرکردەی باڵای ئیخوان موسلمین، بەشێوەیەکی فەرمی دانیان بەوەدا ناوە، کە پەیوەندییان لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی سوپای پاسدارانی ئێراندا هەبوە و کۆبوونەوەشیان ئەنجامداوە، ئەویش دوای ئەوە دێت کە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی ژمارەیەک بەڵگەنامەی نهێنی خستەڕو، لەبارەى دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران، لەوێدا ئاماژە بەوەکرابوو "ڕێکخراوى ئیخوان موسلمین و سوپاى پاسداران کۆبوونەتەوە". , مەحمود ئیباری، کە کەسی سێهەمی پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئیخوان موسلیمینە بە چەند میدیایەکی نزیک لە حیزبەکەى ڕاگەیاندووە: "لە نیسانی ساڵی 2014دا وەفدێکی ئیخوان موسلمین و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە تورکیا یەکتریان بینیوە، بەبێ ئەوەی میدیاکان ئاگاداربن و کۆبوونەوەیەکى نهێنییان ئەنجامداوە، کۆبوونەوەکەش لەسەر داوای بەرپرسە ئێرانییەکان بوە". , ئیباری باسی لەوەشکردووە: "ئەو وەفدەی ئێران پێکهاتبوون لە ژمارەیەک بەرپرسی سوپای پاسداران و فەیلەقی قودسی قاسم سولەیمانی و چەند بەرپرسێکی دیپلۆماسی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وەفدەکەی ئیخوانیش لە ئیبراهیم مونیر جێگری ڕیبەری گشتیی ئیخوان و چەند بەرپرسیکی دیکەی باڵای ئەو حیزبە پێکهاتبوون". , بەرپرسەکەی ئیخوان موسلمین لەبارەى بابەتەکانی کۆبوونەوەکە وتویەتی: "لە کۆبوونەوەکەدا ئاڵوگۆڕی کۆمەڵێک ڕا و بۆچون کراوە، سەبارەت بە دۆخی وڵاتانی ناوچەکە لەوکاتەدا، هەروەها گفتوگۆش کراوە دەربارەی چۆنییەتی چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشە و گرفتە حیزبی و مەزهەبییەکانی ناوچەکە". , سەبارەت بەوەى ئیخوان موسلمین چۆن بەو کۆبوونەوە رازى بوە؟، بەرپرسەکەی ئیخوان هۆکاری ڕازیبوونیانی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە "ئێران دەوڵەتێکی ئیسلامییە و ڕۆڵ و کاریگەری هەیە لە کێشەکانی ناوچەکە". , مەحمود ئیباری ئەوەشى ئاشکراکردووە: "لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسانی ئیخوان داوایان لە ئێران کردووە، دەستێوەردان بکات لە کێشەکانی نێوان یەمەن و عێراق و لوبنان، سەبارەت بە کێشەکانی دادگاییکردنی بەرپرسانی ئیخوان لە میسر و سعودیەش لە کۆبوونەکەدا بەرپرسانی ئیخوان ڕای خۆیان لەبارەى گەڕانەوەی مورسی بۆ بۆ سەرۆکایەتیی میسر خستوەتەڕو". , لەلایەکى ترەوە، ئیبراهیم مونیر جێگری ڕێبەری گشتیی ئیخوانیش، سەرجەم ئەو زانیارییەکانى میدیا ئەمریکییەکەى پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاندووە: "لەو کۆبوونەیەدا ڕا و بۆچونی خۆیان سەبارەت بە دۆخی سوریا و عێراق و یەمەن و میسر لەگەڵ بەرپرسانی ئێران تاووتوێکردووە". , لە بەڵگەنامەکاندا، نیویۆرک تایمز ئاماژەى بەوەکردووە، کۆبوونەوەکەى نێوان ئیخوان موسلمین و سوپاى پاسداران "هەماهەنگیکردن بوە دژى بەرژەوەندییەکانى سعودیە لە ناوچەکە". , ,