گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نوێنەرێکى خامنەیی بۆ خۆپیشاندەران: بوەستن و وازبهێنن پێش ئەوەی بەسیج بەزۆر کۆتاییتان پێبهێنێت

2019.11.19 - 17:32
نوێنەرێکى خامنەیی بۆ خۆپیشاندەران: بوەستن و وازبهێنن پێش ئەوەی بەسیج بەزۆر کۆتاییتان پێبهێنێت
ناس کورد –   نوێنەرێکى عەلی خامنەیی هەڕەشەی توند لە خۆپیشاندەران دەکات، کە ئەگەر وازنەهێنن هێزەکانی بەسیج ڕوبەڕوی خۆپیشاندەران دەبنەوە و کۆتاییان پێدەهێنن. . ئەمڕۆ سێشەممە، لوتفوڵا دشکام نوێنەری عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ویلایەتی فارسی باشوری ڕۆژئاوای ئێران ڕایگەیاند "ئەگەربێت و ئەو تێکدەرانە نەوەستن و کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان نەهێنن، هێزەکانی بەسیج بەکاردەهێنین دژی خۆپیشاندەران". . لوتفوڵا دشکام بە ئاژانسی ئیسنای وتووە "لەدەرەوەی خۆپیشاندەرانەوە هێزێک دەهێنین بۆ کۆتایی هێنان بە خۆپیشاندانەکان و بەتوندی دژی ئەو دەستانە دەبینەوە کە دەیانەوێت وڵاتەکەمان تیکبدەن". . چەند ڕۆژێکە شەپۆلێکی بەرفراوانى خۆپیشاندان ئێرانى گرتووەتەوە لەدژى گرانکردنى نرخى بەنزین لەلایەن حکومەتەوە، ئەمڕۆش هاوڵاتییانی نزیکەی 100 شار و شارۆچکە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کرد. . بەپێی میدیاکانی سەر بە حکومەتی ئێران، لەخۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆدا سێ ئەندامی هێزەکانی بەسیج لە ڕۆژئاوای تارانی پایتەخت کوژراون، کە یەکێکیان ئەفسەرە لە سوپای پاسدران و ئەندامی بەسیجیشە. . بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە خۆپیشاندەران لە تێلیگرام بڵاویانکردووەتەوە، ئەمڕۆ هێزەکانی سوپای پاسداران بەشێوەیەکی بەرفراوان دابەزیونەتە نێو شارەکان و بەتوندی ڕوبەڕوی خۆپیشاندەران بونەتەوە. . ئاماژەیان بەوەشکردووە، بەشێکی زۆر لە هێزەکانی بەسیج چونەتە ناو شارەکان بۆ ڕوبەڕوبەنەوەی خۆیشاندەران و ڕاستەوخۆش تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردوە کە بەهۆیەوە چەند خۆپشاندەرێک کوژراون. . هەروەها خۆپیشاندەران لە شیراز و چەند شارێکی دیکە بارەگای هێزەکانی بەسیجیان سوتاندوە و ڕوبەڕویان بونەتەوە، دروشمیشیان دژی حکومەت و خامنەیی وتووەتەوە. . بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە حکومەتی ئێران ئینتەرنێتی لەسەرتاسەری وڵاتەکە بڕیوە، بۆئەوەی خۆپیشاندەران نەتوانن هیچ گرتە ڤیدیۆ و وێنەیەکی ڕوبەڕوبونەوەکانی سوپا لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکەنەوە. . هێزەکانى بەسیج بەشێکن لە هێزەکانی سەر بە سوپای پاسداران سەرجەم ئەندامەکانیان خۆبەخشن و ژمارەیان نزیکەی 125 هەزار کەسە، ئەندامانی هێزەکانی وشکانی و ئاسمانی و دەریاییان تێداییە. . ئەو هێزە بەردەوام لە ئامادەباشیدان، بۆ شەڕ و پاراستنی مەرجەعیەتی باڵای شیعە و شۆڕشی ئێران، لە خۆپیشاندانەکانی ڕابردووشدا بەتوندی ڕوبەڕوی خۆپیشاندەران بونەتەوە.