گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناس کورد هۆکارەکەى ئاشکرادەکات

نێچیرڤان بارزانى واژۆى لەسەر ڕێککەوتنەکەى بەغدا نەکردووە

2019.11.19 - 17:07
نێچیرڤان بارزانى  واژۆى لەسەر ڕێککەوتنەکەى بەغدا نەکردووە
ناس کورد-   پەرلەمانتارێکى کورد لەبەغدا ئاشکرایکرد، نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بەشێک لە حزبەکانى ئاگادارکردووەتەوە کە "واژۆى لەسەر ڕێککەوتنەکەى بەغدا نەکردووە" و چاوەڕوانى "کۆدەنگى" لایەنە کوردییەکان دەکات لەو بارەیەوە. . شەوى ڕابردوو 14 لایەنى سیاسی عێراقى کە پارتى و یەکێتیشیان تێدایە، لە ماڵى عەممار حەکیم لە بەغدا کۆبوونەوە و نەخشەڕێگایەکیان ئامادەکرد بۆ چارەسەرکردنى دۆخى ئێستا و ئەنجامدانى چاکسازیی لەلایەن حکومەتەوە. . هەرچەندە لەبەیاننامەى کۆبوونەوەکەدا ناوى پارتى و یەکێتیش نوسراوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانى ناس کورد نێچیرڤان بارزانى لەدواى کۆبوونەوەکە پەیوەندى بە چەند لایەنێکى کوردییەوە کردووە و پێی ڕاگەیاندوون، کە چاوەڕوانى کۆدەنگى لایەنەکانە لەو بارەیەوە. . جەمال کۆچەر پەرلەمانتارى فراکسیۆنى یەکگرتوو لە بەغدا بە ناس کوردى ڕاگەیاند "شەوى ڕابردوو دواى کۆبوونەوەکە نێچیرڤان بارزانى پەیوەندى بەلایەنەکانەوە کردووەو وردەکاریی ڕێککەوتنەکەى بۆ باسکردوون". . وتیشى "نێچیرڤان بارزانى بە لایەنەکان لەناویاندا یەکگرتووى وتووە کە ئەو واژۆى لەسەر ڕێککەوتنەکە نەکردووە و بەبێ ئەوان واژۆى لەسەر ناکات و چاوەڕوانى ئەوەدەکات کە کۆدەنگى لایەنە کوردییەکانى لەسەردروستبێت". . لە ڕێککەوتنەکەدا 45 ڕۆژ مۆڵەت بە حکومەت دراوە بۆ جێبەجێکردنى چاکسازییەکان، ئەگەرنا لایەنەکان کاردەکەن بۆ هەڵبژاردنى پێشوەخت و هەڵوەشاندنەوەى حکومەت. . بەبڕواى جەمال کۆچەر، ئەو نەخشەڕێگایە "قەیرانەکە تێناپەڕێنێت"، تاقیکردنەوەیەکیشە بۆ ئەو لایەنە سیاسییە گەورانەى کە بەشدار بوون لە ئامادەکردنیدا. . سەلیم شوشکەیی سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵ لە پەرلەمانى عێراق بە ناس کوردى ڕاگەیاند، وەکو فراکسیۆن نێچیرڤان بارزانى پەیوەندى پێوەنەکردوون، ڕەنگە پەیوەندى بە حزبەکەیانەوە کردبێت. . بەپێی ڕێککەوتنەکەى بەغدا کە تەنها کوتلەى سائیرونى سەر بە موقتەدا سەدرى تێدا نییە، دەبێت حکومەت پێش کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم ئەو بڕیارانەى چاکسازیی جێبەجێبکات، کە وەک وەڵامدانەوەى داواکارى خۆپیشاندەران دەریکردوون. . پێشتر سەرچاوەیەکى ئاگادار بە ناس کوردى ڕاگەیاندبوو، لەکۆبوونەوەکەدا سەرجەمى کوتلە سیاسییەکان جگە لە کوتلەى سائیرون ئامادەبوون و لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێى یاسایەکى نوێى هەڵبژاردنەکان کراوە جیاواز لەوەى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق قسەى لەبارەوە کراوە. . سەرچاوەکە ئاشکراشیکرد، ئەو یاسایەى کە تاوتوێ کراوە جەخت لەسەر هەڵبژاردنى راستەوخۆى سەرۆکى حکومەت و پارێزگارەکان و بژاردەى هەڵوەشاندنەوەى هەڵبژاردنى دەرەوەى وڵات دەکات. . هەروەها بەوتەى سەرچاوەکەى ناس کورد، ئامادەبووانى کۆبوونەوەکە گفتوگۆیان لەبارەى پێدانى دەسەڵاتى زیاتر و فراوانتر بە سەرۆک کۆمار، کردووە. . بەگوێرەى سەرچاوەکە لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو هاوپەیمانێتى نەسڕ و حیکمە پیشنیارى بژاردەى کشانەوەیان کردووە لە کابینەکەى عەبدولمەهدى وەک سەرەتایەک بۆ بانگهێشتکردنى لەپەرلەمان و لەپاشان داواکردنى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان.