گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لێدوانی عادل عەبدولمەهدی لەدوای ڕێککەوتنی 12 لایەنی سیاسی عێراقى و کورد

2019.11.19 - 15:01
لێدوانی عادل عەبدولمەهدی لەدوای ڕێککەوتنی 12 لایەنی سیاسی عێراقى و کورد
ناس کورد-   عادل عه‌بدولمه‌هدى، سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق لەبارەی ڕێککەوتنی لایەنە سیاسیەکانی عێراقەوە نامەیەکی ئاڕاسته‌ى عه‌مار حه‌كیم،  سه‌رۆكى ڕه‌وتى حیكمه‌ کرد و سوپاسى ده‌كات بۆ ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ریه‌ى ئه‌نجامیداوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى قه‌یرانه‌كان لە عێراق. . عادل عه‌بدولمه‌هدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق له‌و نامه‌یه‌دا کە وێنەیەکی دەست ناس کورد کەوتووە، ئاماژه‌ى به‌وه‌کردووە: "ئەو دەستپێشخەرییەی عەمار حەکیم گرنگە بۆ یه‌كڕیزى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و به‌ده‌نگه‌وه‌ هاتنى داواكارى مه‌رجه‌عیه‌ت و هاووڵاتیانی ناڕازی و چاکسازیخوازی عێراق". . سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نامەکەدا بۆ عەمار حەکیمی نووسیوە:"سوپاست ده‌كه‌ین بۆ هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ى داوته‌ بۆ گه‌یشتن بە كۆمه‌ڵێك خاڵ كه‌ بەهۆیەوە‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاتى یاسادانان و دادوه‌رى و جێبه‌جێكردن به‌ڵێنیان داوه‌ له‌ كاتێكى دیاریكراودا بگه‌نه‌ کۆمەڵێک ئامانج و ئەنجامدانی چاکسازی لە عێراقدا". . عادل عەبدولمەهدی، سوپاسی تەواوی ئەو لایەنە سیاسیانەی کردووە کە بەشداربوون لەو ڕێککەوتنەدا و بە هەنگاوێکی مێژوویی ناوی برد. . نامەکەى سەرۆکوەزیرانى عێراق لەکاتێکدایە، پێشتر سەرچاوەیەکى ئاگادار بە ناس کوردى وت "12 لایەنى سیاسی عێراق لە ماڵى عەممار حەکیم، سەرۆکى رەوتى حیکمە لە شارى بەغدا کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێى نەخشەرێگایەک لە 40 خاڵدا کراوە لەچوارچێوەى داواکارییەکانى عەلى سیستانى، مەرجەعى باڵاى شیعەکان". . بەگوێرەى سەرچاوەکەى ناس کورد "لەکۆبوونەوەکەدا سەرجەمى کوتلە سیاسییەکان جگە لە کوتلەى سائیرون ئامادەبوون و لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێى یاسایەکى نوێى هەڵبژاردنەکان کراوە جیاواز لەوەى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق قسەى لەبارەوە کراوە". . سەرچاوەکە ئاشکراشى کرد، ئەو یاسایەى کە تاوتوێ کراوە جەخت لەسەر هەڵبژاردنى راستەوخۆى سەرۆکى حکومەت و پارێزگارەکان و بژاردەى هەڵوەشاندنەوەى هەڵبژاردنى دەرەوەى وڵات دەکات. . بەگوێرەى سەرچاوەکە کۆبوونەوەکە وەک بەدەنگەوەهاتنێک بووە بۆ داواکارییەکانى مەرجەعى باڵاى شیعەکان و ئامادەبووانى کۆبوونەوەکە دەیانەوێت کەشێکى گونجاو بۆ جێبەجێکردنى ئەو داواکارییانە بڕەخسێنن بە لەبەرچاوگرتنى کاتێکى دیاریکراو کە 40 رۆژ زیاتر نەخایەنێت. .