گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناس کورد دەقى ڕێککەوتنەکە بڵاودەکاتەوە

لایەنە سیاسیەکانى عێراق و کورد لە ماڵى حەکیم نەخشەڕێگاى لەکارخستنى عادل عەبدولمەهدى دادەڕێژن

2019.11.19 - 08:56
لایەنە سیاسیەکانى عێراق و کورد لە ماڵى حەکیم نەخشەڕێگاى لەکارخستنى عادل عەبدولمەهدى دادەڕێژن
ناس کورد- 12 لایەنى سیاسى لەوانە هاوپەیمانێتى نەسڕ و فەتح و حیکمە و هەردوو پارتە سیاسیەکەى کوردستان (پارتى و یەکێتى)، واژۆیان لەسەر رێککەوتنێکى سیاسى کرد کە گۆڕانکاریى لە حکومەت و پێکهێنانى کۆمسیۆنێکى نوێى هەڵبژاردنەکان دەگرێتەخۆ. . سەرچاوەیەکى ئاگادار بە ناس کوردى وت "لایەنە سیاسیەکان لە ماڵى عەمار حەکیم، سەرۆکى رەوتى حیکمە لە شارى بەغدا کۆبوونەتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێى نەخشەرێگایەک لە 40 خاڵدا کراوە لەچوارچێوەى داواکارییەکانى عەلى سیستانى، مەرجەعى باڵاى شیعەکان. . بەگوێرەى سەرچاوەکەى ناس کورد، لەکۆبوونەوەکەدا سەرجەمى کوتلە سیاسییەکان جگە لە کوتلەى سائیرون ئامادەبوون و لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێى یاسایەکى نوێى هەڵبژاردنەکان کراوە جیاواز لەوەى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق قسەى لەبارەوە کراوە". . سەرچاوەکە ئاشکراشى کرد، ئەو یاسایەى کە تاوتوێ کراوە جەخت لەسەر هەڵبژاردنى راستەوخۆى سەرۆکى حکومەت و پارێزگارەکان و بژاردەى هەڵوەشاندنەوەى هەڵبژاردنى دەرەوەى وڵات دەکات. . هەروەها بەوتەى سەرچاوەکەى ناس کورد، ئامادەبووانى کۆبوونەوەکە گفتوگۆیان لەبارەى پێدانى دەسەڵاتى زیاتر و فراوانتر بە سەرۆککۆمار، کردووە. . بەگوێرەى سەرچاوەکە کۆبوونەوەکە وەک بەدەنگەوەهاتنێک بووە بۆ داواکارییەکانى مەرجەعى باڵاى شیعەکان و ئامادەبووانى کۆبوونەوەکە دەیانەوێت کەشێکى گونجاو بۆ جێبەجێکردنى ئەو داواکارییانە بڕەخسێنن بە لەبەرچاوگرتنى کاتێکى دیاریکراو کە 40 رۆژ زیاتر نەخایەنێت. . هەروەها ئەوەش روونکراوەتەوە "لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو هاوپەیمانێتى نەسڕ و حیکمە پیشنیارى بژاردەى کشانەوەیان کردووە لە کابینەکەى عەبدولمەهدى وەک سەرەتایەک بۆ بانگهێشتکردنى لەپەرلەمان و لەپاشان داواکردنى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان". . هاوکات بەوتەى سەرچاوەکە، لایەنەکان لەپاشان نەخشەڕێگاى مەرجەعیەت دەخەنە بوارى جێبەجێکردن و لەدواى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە رادەگەیەنن. . کۆبوونەوەى لایەنە سیاسیەکان هاوکاتە لەگەڵ هۆشدارییەکى ئەمدواییەى عەلى سیستانى، مەرجەعى باڵاى شیعەکان بۆ حکومەتى عێراق کە چیتر لە ڕژانى هەر دڵۆپە خوێنێکى خۆپیشاندەران خۆش نابن و هەر کارێکى لەو شێوەیە حکومەت باجەکەى بە قورسى دەدات.   .