گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

 ژمارەیەک ئەندامى کوردى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بانگهێشتى لێکۆڵینەوە دەکرێن

2019.11.18 - 18:01
 ژمارەیەک ئەندامى کوردى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بانگهێشتى لێکۆڵینەوە دەکرێن
ناس کورد-   میدیاکانى عێراق نووسراوێکى دەستەى دەستپاکى عێراقیان بڵاوکردەوە کە سەرۆک و  11 ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوکى بانگهێشتى لێکۆڵینەوە کردووە و بەشێک لە ئەندامانى ئەنجومەنەکە ئاماژە بەوە دەکەن "نووسراوەکەیان بەدەست نەگەیشتووە و ئاگادار نەکراونەتەوە". . دڵشاد پیرۆت، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەپشکی پارتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "بەهیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەو نوسراوە نیم و تا ئێستا نەگەیشتووەتە دەستى من و هاوڕێکانم و پەیوەندیشمان پێوە نەکراوە کە لەلایەن دەستەی دەستپاکی عێراقەوە بانگ کرابین". . ئاماژەی بەوەکرد :"ئەوەندەى ئێمە ئاگاداربین ئەگەر نوسراوێکیش هەبێت ئەوا پەیوەندی بە بڕیاری سیاسیەوە هەیە نەوەک بڕیارێکی یاسایی و پێشتریش بڕیارێکی لەو جۆرە هەبوو کە بەهۆی دەوامنەکردنمانەوە لە ئەنجومەن بانگکرابین بۆ لێکۆڵینەوە، بەڵام لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە کۆبونەوەی تەواوەتی لە ئەنجومەنی پارێزگا نەکراوە و نەتوانراوە هیچ کۆبونەوەیەکی یاسایی بکرێت بۆ دەوامنەکردنی ئێمە هیچ کێشەیەکی یاسایی نییە". . بەگوێرەى نووسراوەکەى دەستەى دەستپاکى عێراق، دەستەکە داوای بانگهێشتی هەریەكە لە ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەوەكالەت و 11 ئەندامی دیکەی ئەنجومەنەکەی کردوە بۆ لێكۆڵینەوە بەپێی ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عیراقی. . لەو مادەیەدا هاتووە "هەر کارمەندێکی دەوڵەت زەرەر و زیان بە ماڵ و موڵکی ئەو شوێنە بگەیەنێت کەکاری لێدەکات ئەوا سزا دەدرێت بە زیندانیکردن کە لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت". . ئەو ئەندامانەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک کە لەنووسراوەکەدا ناویان هاتووە بریتین لە "دڵشاد پیرۆت، نەسرین خالید، پەروین  محەمەد ئەمین، شێرزاد عادل خورشید، فواد حسێن كوێخا، مەحمود محەمەد مەجید، محەمەد كەمال و عەلی نامیق لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەریەكە لە عیرفان جەمال تۆفیق ئەندامی توركمانی نێو لیستی برایەتی، ریاز محەمەد دانوك ئەندامی عەرەب لە هەمان لیست و ئەدوەر ئەوراهام ئودیشۆ لە پشكی كریستیانی هەر لە لیستی برایەتی). .