گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وتەبێژی حکومەتی ئێران هێرشدەکاتە سەر خۆپیشاندەران و بە ئاژاوەگێڕ ناویان دەبات

2019.11.18 - 14:24
وتەبێژی حکومەتی ئێران هێرشدەکاتە سەر خۆپیشاندەران و بە  ئاژاوەگێڕ  ناویان دەبات
ناس کورد – وتەبێژى حکومەتى ئێران هێرشى توند دەکاتە سەر خۆپیشاندەران و جگە لەوەى بە "ئاژاوەگێڕ" ناویان دەبات ئاماژە بەوەش دەکات "پەیکەرى ئێستاى حکومەتى ئێران پێویستى بە چاکسازیی و گۆڕانکارییە". . عەلی رەبیعی وتەبیژی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەمیانەى کۆنفڕانسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "پەیکەری حکومەتی ئێران بەجددی پێویستی بە چاکسازییە و لەماوەیەکی نزیکدا حکومەت دەست بەو هەنگاوانە دەکات چونکە وڵاتی ئێمە بە گەمارۆ  یان بێ گەمارۆ پێویستی بە چاکسازی هەیە". . روونیشیکردەوە، بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین لەلایەن علی خامنەیی ڕابەرى کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پەسەند کراوە و دوای ئەوەى شارەزایان پێشنیازی بەرزکردنەوەی نرخی بەنزینیان کردوە ڕاستەوخۆ خامنەیی ڕەزامەندی نیشانداوە. . عەلی رەبیعی، ئاماژەى بەوە کرد "بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین لەپێناو زیادکردنی داهاتدایە و بە ڕەزامەندی دەسەڵاتی دادوەری بووە و لەپێناو زیادکردنی داهات و یارمەتیدانی 60 ملیۆن کەسی کەمدەرامەت بووە". . وتەبێژەکەی حکومەتی ئێران خۆپیشاندەرانى بە کەسانى گێرەشێوێن ناوبرد و وا پێناسەى کردن کە دۆخەکەیان بەدەرفەت وەرگرتووە و پەلامارى شوێنە گشتییەکانیان داوە و هاوکات لەوە زیاتریش چوو و وتى "هەندێک کەس بە چەک و دەمامکەوە چوونەتە نێو خۆپیشاندەران و شوێنیان وێران کردووە و خەڵکیان کوشتووە". . بەڵێنى ئەوەشیدا،لە ڕۆژانی داهاتوودا ئینتەرنێتی ئەو پارێزگایانە دەکەنەوە، کە "کێشەی ئەمنییان نییە". . ماوەى چوار ڕۆژە خۆپیشاندان لە چەند شارێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەهۆی گرانبوونی نرخی بەنزینەوە دەستیپێکردوە و بەگوێرەى ئامارە نافەرمییەکان تا ئێستا زیاتر لە 40 کەس کوژراوون و سەدان کەس برینداربوون. .