گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چه‌ندین بڕیارى گرنگترى تێدا جێكراوه‌ته‌وه‌

حكومه‌تى عێراق: له‌پڕۆژه‌ى بودجه‌ى ساڵى داهاتوودا موچه‌ى پله‌ باڵاكان کەمکراونەتەوە

2019.11.18 - 11:53
حكومه‌تى عێراق: له‌پڕۆژه‌ى بودجه‌ى ساڵى داهاتوودا موچه‌ى پله‌ باڵاكان کەمکراونەتەوە
ناس کورد-   وته‌بێژى حكومه‌تى عێراق ڕایگه‌یاند، ڕه‌شنوسى پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ى ساڵى 2020 زۆربه‌ى داواكارى خۆپیشانده‌رانى لەخۆگرتووە، موچه‌ى سه‌رجه‌م پله‌ باڵاكان كه‌مكراونه‌ته‌وه‌ و چه‌ندین بڕیارى تر له‌به‌رژەوه‌ندى هاوڵاتییان دراون. . سەعد حەدیسى وته‌بێژى حكومه‌تى عێراق بە ڕۆژنامەى سەباحى فەرمى عێراقى ڕاگەیاندووە "له‌ئێستادا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران سه‌رقاڵى هه‌مواركردنى ڕه‌شنوسى پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ى ساڵى 2020 و هه‌مواركردنه‌كه‌ش دوو بوار لەخۆ ده‌گرن، ئه‌وانیش بوارى كارگێڕى و ئابورین، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت ئه‌و بڕیارانه‌ى حكومه‌ت كه‌ بۆ وه‌ڵامى داواكارى خۆپیشانده‌ران ده‌ریكرد جێگه‌یان بكرێنه‌وه‌". . وتیشى "بوارێكى ترى ده‌ستكاریكردنى ڕه‌شنوسه‌كه‌ په‌یوه‌ندى به‌كه‌مكردنه‌وه‌ى موچه‌ى پله‌ باڵاكانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش نیه‌تى حكومه‌ت ده‌رده‌خات كه‌ به‌جدى ده‌یه‌وێت وه‌ڵامى داواكارى خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێبكات و هه‌لى كارى زیاتریش له‌وڵاتدا بڕه‌خسێنیت و كۆمه‌ڵێك خزمه‌تگوزاریى تر پێشكه‌شبكات". . سەعد حەدیسى ئاماژه‌ى بەوەشکردووە، له ‌پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ى ساڵى ئاینده‌دا پاره‌ى پێویست بۆ سندوقى نێشته‌جێكردن و پاڵپشتیكردنى هاوڵاتییان و كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌ى ترى وه‌به‌رهێنان دابینكراوه‌. . به‌وته‌ى سه‌عد حه‌دیسى، هەر لە پڕۆژەکەدا بودجه‌ى پێویست بۆ دامه‌زراندنى پیشه‌سازییه‌ گه‌وره‌ و كشتوكاڵییه‌كان دابینكراوه‌، هه‌روه‌ها سندوقى بیمه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تیش یه‌كێكه‌ له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانى پڕۆژه‌ى بودجه‌‌، ئه‌وه‌ش بۆ هاریكاریکردنى خێزانه‌ كه‌مده‌رامه‌ته‌كان كه‌ له‌ژێر هێڵى هه‌ژارییه‌وه‌ن. . ماوەى چەند مانگێکە حکومەتى عێراق سەرقاڵى ئامادەکردنى پڕۆژەى بودجەیە، بەڵام بەهۆى خۆپیشاندانەکانەوە ئامادەکردنى پڕۆژەکە دواکەوتووە و تا ئێستا ڕەوانەى پەرلەمان نەکراوە.