گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانتارێکى کورد دەستیلەکارکێشایەوە

ئەگەرى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى به‌كۆمه‌ڵى په‌رله‌مانتارانى ئێران هەیە

2019.11.18 - 09:50
 ئەگەرى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى به‌كۆمه‌ڵى په‌رله‌مانتارانى ئێران هەیە
ناس کورد-   دواى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى پەرلەمانتارێکى کوردى ئێران، میدیا ناوخۆییەکانى ئەو وڵاتە دەڵێن ئەگەر هەیە دەستلەکارکێشانەوەى بەکۆمەڵى پەرلەمانتاران ڕووبدات، وه‌كو هه‌ڵوێست وه‌رگرتنێك له‌به‌رامبه‌ر دۆخى خراپى خەڵک و گرانکردنى نرخى بەنزین لەلایەن حکومەتەوە. . دوێنێ لەگەڵ بەردەوامى خۆپیشاندانەکانى ئێران دژى گرانکردنى نرخى بەنزین، محمد قسیم عوسمان په‌ڕله‌مانتارى ئێران كه‌ كورده‌ و خه‌ڵكى شارى بۆكانى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستانه‌ دەستى لەکارکێشایەوە. . بەپێی میدیاکانى ئێران، له‌ئێستاشدا چه‌ند په‌رله‌مانتارێكى ترى ئێران وه‌كو هه‌ڵوێست وه‌رگرتنێك له‌به‌رامبه‌ر دۆخى ناڕه‌زایه‌تى خه‌ڵكیدا له‌به‌رامبه‌ر گرانكردنى نرخى به‌نزین ئەگەر هەیە ده‌ستله‌كاربكێشینه‌وه‌. . ئاماژەیان بەوەشکردووە، مه‌حمود سادقى پەرله‌مانتار كه‌ خه‌ڵكى تارانى پایته‌خته‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ى نوسیوه‌ و ده‌یه‌وێت ڕاده‌ستى سه‌رۆكایه‌تى په‌ڕله‌مانى بكات. . پێشتریش ئه‌میر ئابادى ئه‌ندامى په‌ڕله‌مانى ئێران باسى له‌وه‌ كردبوو، په‌ڕله‌مان ڕه‌خنه‌ى له‌ كات و شێوازى جێبه‌جێكردنى بڕیارى ئه‌نجومه‌نى هه‌ماهه‌نگى بۆ گرانكردنى نرخى به‌نزین گرتووه‌ و له‌گه‌ڵیدا نه‌بووه‌. . هه‌ر به‌گوێره‌ى زانیارى میدیا ناوخۆییه‌كانى ئێران، ژماره‌یه‌كى زۆرى په‌ڕله‌مانتارانى ئێران له‌گه‌ڵ بڕیارى گرانكردنى نرخى به‌نزیندا نه‌بوون و پێیانوابووه‌ حكومه‌ت له‌ده‌ركردنى كۆمه‌ڵێك بڕیاردا هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ په‌رله‌ماندا ناكات. . خۆپیشاندانه‌كانى ئێران به‌هۆى بڕیارى گرانكردنى نرخى به‌نزینه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌ و سه‌رۆك كۆمارى ئه‌و وڵاته‌ش داواى له‌ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى کردووە ڕێوشوێنى ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى ئه‌وانه‌ى هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر موڵكى گشتى و ئاژاوه‌گیڕى ده‌كه‌ن بۆحكومه‌ت دیاریبكات. . دوێنێش عەلى خامنەیی ڕابەرى باڵاى ئێران پشتیوانى بۆ بڕیارى گرانکردنى نرخى بەنزین لەلایەن حکومەتەوە بۆ سێ هێندە دەربڕى، کە شەقامى ڕووبەڕووى حکومەت کردووەتەوە و خۆپیشاندانى بەرفراوانى لێکەوتووەتەوە.