گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دیمۆگرافیاى ناوچه‌كه‌ ده‌گۆڕێت

خۆسه‌رى ڕۆژئاوا: به‌به‌رچاوى جیهانەوە توركیا جینۆسایدى كورد ده‌كات

2019.11.17 - 15:29
خۆسه‌رى ڕۆژئاوا: به‌به‌رچاوى جیهانەوە توركیا جینۆسایدى كورد ده‌كات
ناس کورد- بەڕێوەبەرایەتى خۆسەرى رۆژئاوا راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەکات "تورکیا لە لەشکرکێشییەکەى بۆ سەر رۆژئاواى کوردستان پێشێلکاریى مرۆیى و نێودەوڵەتى و یاسایى ئەنجامداوە و چەکى قەدەغەکراوى نێودەوڵەتى بەکارهێناوە". . لە راگەیەندراوەکەى به‌رێوبه‌رایه‌تى خۆسه‌رى ڕۆژئاوا ئاماژە بەوە کراوە "تورکیا به‌درێژایى له‌شكركێشى و په‌لاماره‌كانى بۆ سه‌ر باكورى سوریا سه‌دان پێشێلكارى مرۆیى و نێوده‌وڵه‌تى و یاسایى ئه‌نجامداوه‌ هه‌ر له‌كوشتنى هه‌ڤرین خه‌ڵه‌ف و چاودێرى كه‌نیسه‌ى كاسۆلیكى له‌قامیشلۆ و كوشتنى سه‌دان ژن و منداڵ و به‌كارهێنانى چه‌كى قه‌ده‌غەكراوى نێوده‌وڵه‌تى و هه‌وڵدان بۆ گۆڕینى دیمۆگرافیاى ناوچه‌كه‌ دژى سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانى باكور و خۆرهه‌ڵاتى سوریا". . بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، له‌عەفرینیش سوپاى توركیا هه‌زاران كوردى شاره‌كه‌ى دەربەدەر کردووە و له‌شوێنیان خێزانه‌كانى داعش و به‌ره‌ى نوسره‌ى ناو سوپاى سوریای ئازاد و میلیشیاکانى سه‌ر به‌توركیا له‌ماڵه‌كانیان جێگیر کردووە. . دەشڵێت، ڕفاندنى سه‌دان منداڵ و ژنى كورد له‌عه‌فرین و تاڵانكردنى ماڵه‌كانیان به‌ناشیرینترین شێوه‌ له‌به‌رامبه‌ریشدا هێشتا نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بێده‌نگن به‌تایبه‌تى ئه‌و پیلانه‌ى توركیا هەیەتى بۆ گۆڕینى دیمۆگرافیاى عه‌فرین و ناوچه‌كه‌. . ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش كراوه‌، ئامانجى ئه‌ردۆگان ئه‌وه‌یه‌ میلشیا چه‌كداره‌كان و پاشماوه‌كانى داعش و به‌ره‌ى نوسره‌ كه‌ نزیكن له‌توركیاوه‌ له‌ناوچه‌كانى باكور و خۆرهه‌ڵاتى سوریا جێگیر بكات به‌تایبه‌ت ناوچه‌كانى سه‌رێ كانیى و گرێ سپى. . "كوشتنى ئه‌بوبه‌كر به‌غدادى له‌ناوچه‌ سنوریه‌كانى تورکیا و سوریا و لەشوێنێک كه‌ پێنج كیلۆمه‌تر له‌توركیاوه‌ دووره‌ و هه‌ر‌وه‌ها كوشتنى جێگره‌كه‌ى له‌جه‌ڕابلوس و خوشكه‌كه‌ى له‌ئه‌عزاز به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ توركیا هاریكارى داعشى كردووه‌ و له‌و ناوچانه‌دا پاراستوونى كه‌ خۆى هه‌یمه‌نه‌ى به‌سه‌ریدا هه‌یه‌" بەگوێرەى راگەیەندراوەکە. . له‌باره‌ى پرسى ئاواره‌كانى سوریا له‌توركیا‌ خۆسه‌رى ڕۆژئاوا ڕوونیكردووه‌ته‌وه‌، توركیا به‌پیلان ده‌روازه‌كانى به‌ڕووى ئاواره‌كانى سوریادا كردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى رێكیانبخات و وه‌كو كارتێك بۆ هه‌ڕه‌شەكردن و بێزاركردنى ئه‌وروپا به‌شێوه‌یه‌كى نائاسایى به‌كارى ده‌هێنێت. . خۆسه‌رى ڕۆژئاوا داواش ده‌كات وڵاتانى نێوده‌وڵه‌تى ده‌نگهه‌ڵبڕن و له‌سه‌ر جینۆسایدكردنى كورد و عه‌ره‌ب و سریانى و گۆڕینى دیمۆگرافیاى ناوچه‌ى باكورى سوریا بێنه‌ ده‌نگ و ڕێگه‌ له‌و پیلانێگڕییه‌ى ئه‌ردۆگان بگرن. . خۆسه‌رى ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ ڕوو ئه‌ردۆگان ده‌ڵێت كه‌س بۆى نییه‌ وڵاتێكى تر داگیر بكات و دیمۆگرافیاكه‌ى بگۆڕێت و جینۆساید له‌دژى كورد و عه‌ره‌ب و سریان ئه‌نجامبدات و ئاگربه‌ست ڕاگیراوه‌ و كورد ڕازییه‌ له‌و دۆخه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ ڕه‌تده‌كە‌نه‌وه‌ و هیچ كه‌سێك له‌كورد و عه‌ره‌ب و سریانى به‌وه‌ ڕازی نین خاكه‌كه‌ى له‌ژێر تانك و زریپۆشى سوپاى وڵاتێكى تردا بێت. . له‌بارەى بەندکراوەکانى داعش، خۆسه‌رى ڕۆژئاوا روونیدەکاتەوە، زیاتر له‌10 هه‌زار داعش له‌ژێر ده‌ستیاندایه‌ و بۆ له‌ناوبردنى تیرۆریستانى داعش كورد و عه‌ره‌ب و سریان و نه‌ته‌وه‌كانى تر ده‌یان هه‌زار قوربانیان به‌خشى ئێستا ته‌نها ئه‌وانن مافى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌دیلگیراوانه‌دا بكه‌ن لایه‌نى تر مافى ئه‌وه‌ى نیه‌ باس له‌چاره‌نوسى ئه‌و تیرۆریسته‌ به‌دیلگیراوانه‌ بكات. . له‌به‌شێكى ترى ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى خۆسه‌ریدا هاتووه‌" گه‌ر پیلانى جینۆسایدكردنى كورد له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تى توركه‌وه‌ ڕانه‌گیرێت ئه‌وا مه‌ترسى داعش به‌شێوه‌یه‌كى ترسناكتر له‌ئێستا سه‌رهه‌ڵده‌دات و بۆ ئه‌وه‌ى دیسانه‌وه‌ داعش نه‌بێته‌ به‌ڵاى مرۆیى و هێرشه‌كانى توركیا زیندویان نه‌كاته‌وه‌ داوا له‌ ئه‌مریكا و ڕوسیا و هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى و یه‌كێتى ئه‌وروپا و كۆمكارى عه‌ره‌بى و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌ین ئه‌و هێرش و په‌لاماره‌ى سوپاى توركیا ڕابگرێت". . له‌كۆتایى ڕاگه‌یه‌نراوه‌كەدا داوا لە حكومه‌تى سوریا کراوە زمانى دیالۆگ و دانوستاندن گه‌شه‌ پێبدات. . ئاماژە بەوەش کراوە "ئه‌وان وه‌كو پێكهاته‌كانى باكور و خۆرهه‌ڵاتى سوریا هیچ كاتێك ئامانجیان دابه‌شكردنى سوریا نییه‌ و ئه‌و تۆمه‌ته‌ش ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و هه‌ر‌وه‌ها داواش ده‌كه‌ن كه‌س بیر له‌وه‌ نه‌كاته‌وه‌ سوریا بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌شت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر یه‌كتر قبوڵكردن به‌باشترین چاره‌سه‌ر ده‌زانن". .