گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەڕێوەبەرى ناحیەیەک لە شارەزوور دەستى لەکارکێشایەوە

2019.11.17 - 12:04
بەڕێوەبەرى ناحیەیەک لە شارەزوور دەستى لەکارکێشایەوە
ناس کورد- بەڕێوەبەرى ناحیەى وارماواى سەر بە قەزاى شارەزوور دەستى لەکارکێشایەوە، وەک ناڕەزاییەک بەرانبەر زیادەڕەویکردنە سەر پارچەک زەوییەک و جێبەجێنەکردنى بڕیارى دادگا بۆ لابردنى. . ‌کامەران عەبدوالـلە بابەکر بەڕێوەبەرى ناحیەى وارماوا لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، پارچە زەوی ژمارە (29کەرتی 41دیسکەرە) لەژێر ناوی (مەیدانی ئاژەڵان) زیادەڕەوى گەورەى کراوەتە سەر، سەرەڕای بڕیای دادگا و وەزیری ناوخۆ بەتێکدان و هەڵگرتنی زیادەڕەویەکە، هێشتا بڕیارەکە جێبەجێنەکراوە. . ئاماژەى بەوەشکردووە، سەرەڕای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی ناحیە چوارجار فەرمانی ڕوخاندن و لابردنی زیادەڕەویەکەی دەرکردووە بەڵام تا ئێستا ئەم زیادەڕەویە لەجێی خۆی ماوەتەوە، بەهۆی ئەوەی هەندێ لەدام و دەزگاکانی ناوچەکە بەئاراستەی پێچەوانەی بڕیاری دادگا و وەزارەتەوە کاریان کرد، هەندێکیشیان هاوکار نەبوون. . ‌کامەران عەبدوالـلە باسى لەوەکردووە، ئەو کارە ئیحراجیەکی قورسی بۆ ئیدارەی ناوچەکە دروست کردووە "بۆیە بڕیارمدا دەست لەپۆستی بەڕێوەبەرایەتى ناحیەی وارماوا بکێشمەوە و داوای بەخشینمان کرد لەم ئەرک و واجبەی سەرشانمان. پارێزگای سلێمانی لە(2019/11/13) ڕەزامەندیان لەسەر داواکاریییەکە دەربڕی". . دەشڵێت "هەرلەسەرەتاوە تا ئێستا ئەم پڕۆژەیە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیمانەوە وەک زیادەڕەو مامەڵەی لەگەڵ کراوە، بابەتێکی ناقۆڵا و ناپەسەند بووە لەڕووی شارستانی و ژینگەییەوە شوێنەکەی زۆر نەگونجاوە، لەگەڵ ئەوەشدا مۆڵەتی نییە و هیچ شەرعیەتێکی یاسایی وەرنەگرتووە".