گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وتەبێژی حدکا: حکومەتی ئێران بەنزینی بە ئاگرێکدا کردووە کوژاندنەوەی قورسە

2019.11.16 - 22:19
وتەبێژی حدکا: حکومەتی ئێران بەنزینی بە ئاگرێکدا کردووە کوژاندنەوەی قورسە
ناس کورد- شەهرام عەزیز حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتگیری خۆیان بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران دەربڕی و وتەبێژی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) دەڵێت "جیاوازی ئەو خۆپیشاندانە ئەوەیە هی هەموو خەڵکی ئێرانە و حکومەت بەنزینی بە ئاگرێکدا کردووە کە کوژاندنەوەی ئاستەمە". .   حەسەن شەرەفی، وتەبێژی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ ناوەندی هاوکاری چوار حزبەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتگیری خۆیان بۆ خۆپیشاندەران دەربڕی و ئێمەش سبەینێ بە فەرمی پشتگیری خۆمان دەردەبڕین و بەهەموو شێوەیەک لەپاڵ داوا ڕەواکانی گەلی ئێرانداین". . وتیشی، ڕاستە خۆپیشاندانەکانی ئێران لە گرانبوونی بەنزینەوە دەستیپێکرد، بەڵام گەلی ئێران ماوەیەکی زۆرە لە دەسەڵاتداران توڕەن و دەیانەوێت ناڕەزایی خۆیان دەرببڕن، بۆیە حکومەتی ئێران بەنزینی بە ئاگرێکدا کردووە کە کوژاندنەوەی قورسە و ئەو خۆپیشاندانانە بە ئاسانی کۆتاییان نایەت، تا حکومەت چاکسازی گەورە نەکات لە ژیانی خەڵکدا. . لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (شەممە)وە خۆپیشاندان لە زۆرێک لە ناوچەکانی وڵاتی ئیران دژی گرانبوونی نرخی بەنزین دەستیپێکرد، خۆپیشاندانەکە کڵپەی زیاتری کرد و لە پاشنیوەڕۆدا چەندین کوژرا و برینداری لێکەوتەوە. . بەبڕواى وتەبێژی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران جیاوازیی ئەم خۆپیشاندانە ئەوەیە، هی تەواوی گەلی ئێرانە بە کورد و فارس و هەموو نەتەوەکانی دیکەوە و سەرتاسەرییە و هەمووان لە بەرەیەکدان دژی دەسەڵاتداران. . حەسەن شەرەفی جەختیکردەوە، گەلی ئێران لە ڕابردوودا ئومێدی هەبوو کە حەسەن ڕۆحانی چاکسازی لە سیاسەتی حکومەتدا بکات، بەڵام ئەویش زیاتر لە دوو ساڵە لە دەسەڵاتدایە و دۆخی ئێران هەر خراپتر دەبێت، بۆیە ئیتر جگە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایی ئومێدیان بە دەسەڵاتداران نییە. .