ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح
لەچوارچێوەى یەکخستنى هێزەکانى پێشمەرگە لەهێزێکى نیشتیمانى و لەسەر سیستمى هێزى نێودەوڵەتى، سبەینێ (یەکشەممە) لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان جێگرانى سەرۆکى هەرێم لەگەڵ بەرپرسانى یەکەى 70 و 80 کۆدەبنەوە و ناس کورد ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکە ئاشکرا دەکات.
.
مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی هێزەکانی حەفتای سەر بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بە ناس کوردی ڕاگەیاند :"هەوڵدەدرێت ھێزی پێشمەرگە بکرێتە ھێزێكی نیشتیمانی بە سیستمی نێودەوڵەتی و ئەو كات پێشمەرگە دەبێتە یەك ھێزی یەكگرتووی كوردستان".
.
وتیشی:" لە دواین کۆبوونەوەماندا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاردرا لیژنەیەکی باڵا بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دروستبکرێت بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکانی حەفتا و هەشتا لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا".
.
بەرپرسی هێزەکانی حەفتا روونیکردەوە، سەرەتا ئەو لیژنەیە کار دەکات بۆدۆزینەوەی میکانزمێک بۆ ڕێکخستنەوەی ئەو هێزانە لە ڕووی باشترکردنی ژیانی پێشمەرگە، چەکەکانی و تەشکیلاتی تازە بە ئۆمیدی ئەوەی لە ماوەی داهاتوودا دەستبکرێت بە یەکگرتنەوەی یەکەکانی حەفتا و هەشتا لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە".
.
بەرپرسى هێزەکانى 70 لەو بڕوایەدایە پڕۆسەکە کارى یەک دوو رۆژ نییە و کاتى پێویستە و ئاماژەى بەوە کرد کە "ئەگەرى هەیە یەک دوو ساڵێک بخایەنێت و ناتوانرێت کاتێکی دیاریکراو دەستنیشان بکرێت بۆ تەواوبوونى".
.